سبه‌ینێ له‌ هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی كه‌رنه‌ڤاڵێكی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ ساز ده‌كرێت

بە بۆنەی یادی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر سەركەوتنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا، سبەینێ بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، كەرنەفاڵێكی جەماوەری لە ھەولێر ساز دەدرێت، كە ھاوكاتە لەگەڵ بانگەشەی ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ سەرخستنی لیستی ١٨٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان.

٢٥ی ٩ی پارساڵ، ڕۆژێكە لە ڕۆژە پیرۆزەكانی گەلی كوردستان، كە نزیكەی سەدا ٩٣ی خەڵكی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانیش بە گوڕوتینێكی زۆرەوە دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

ئه‌حمه‌د كانی بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگه‌یاند: “بەیانی ساڵیادی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی كوردستانە، كە ڕۆژێكی مێژووییە لە دیرۆكی گەلی كوردستاندا، بۆ یەكەمجارە لە مێژووی دوور و نزیك گەلی كوردستان بە ڕێژەیەكی یەكجار زۆر 92,7 لە سەدی خەڵكی كوردستان دەنگی بە بەڵێ دا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كە ٢٥ی ٩ی ٢٠١٧ بە ھیچ كەس و لایەنێك ناسڕدرێتەوە، ھەرچەنده دژی بوەستنەوە.”

به‌رپرسی لقی دووی پارتی ده‌شڵێت : “بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ئەم یادە پیرۆزەی گەلی كوردستاندا، كە دەكەوێتە نێو  ڕۆژانی بانگەشەی ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەلەمانی كوردستان، لە یاریگای شەھید فڕانسۆ ھەریری لە ھەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، كەرنەڤاڵێكی جەماوەریی گەورە ساز دەكرێت بۆ سەرخستنی لیستی ١٨٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان و یادكردنەوەی سەركەوتنی ڕیفراندۆم.”

Back to top button