كۆمسیۆن : نابێت له‌ڕۆژی ده‌نگدان هیچ كارمەندێك موستیلە و ئەڵقە و كاژێر بەكار بهێنیت

شێروان زرار، گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند:” بۆ هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلول سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواو بوون قەلەم وكاغەز و كەلو پەلی دەنگدان، كڕدراون و، گەیشتونەتە هەرێم و لەكۆگاكان دانراون، سبەی ئامادەكاری دەكرێت بۆ دابەشكردن و گواستنەوەیان بەسەر بنكەكاندا”.

گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم گوتیشی” پیكهاتەی كاغەزی دەنگدان تایبەتە و جیاوازە، كۆپیكردنی ئەستەمە لەوڵاتی ئەڵمانیا دروستكراوەو، پەڕەیەكی كانزاییە، ئامێرێكی دڵنیایشی لەگەڵدایە،هەر كاغەزێك لە ئامیرەكە دەرنەچیت رەتدەكرێتەوە”.

شێروان زرار، گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم راشیگه‌یاند:” ئەو قەڵەمەی بۆ نیشانەكردن بەكار دێت لە شیوەی مۆرێكە لەسەر ناو ژمارەی كاندید و قەوارە، جگە لە كارمەندانی كۆمسیۆن نابێت بەدەست هیچ كەسێكی ترەوە بێت، هەروەها دوای هەڵبژاردن دەبێت سەرجەم قەڵەمەكان بگەڕێتەوە بۆ كۆمسیۆن، كاغەزەكانیش كە زیادە بوون لەناو دەبرێن و پوچەڵدەكرێنەوە”.

گوتەبێژەكەی كۆمسیۆن ئەوەشی خستەڕوو كە” كۆمسیۆن ژمارەیەك بڕیاری دەكردوە، لەناویاندا نابێت هیچ كارمەندێك موستیلە و ئەڵقە و كاژێر بەكار بهێنیت، چونكە لەكاتی كۆكردنەوە ژماردنی دەنگەكان ئەگەر مۆرێك بەیەكێك لەوانە بنوسێنرێت ئەوا بە بچوكترین شێوە مۆری قەڵەمەكە بەر فۆڕمەكە بكەوێت پوچەڵ دەبێت، بۆیە نابێت ئەو مۆرە بەكار بهێنن”.

 

Back to top button