سەرۆكی پەرلەمان دوا وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراقی دیاریكرد

سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق دوا وادەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاری كرد، كە رۆژی 2ی مانگی داهاتو دەبێت.
ئەمڕۆ (سێشەممە) دانیشتنی پەرلەمانی عیراق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسییەكانی قەیرانی تایبەت بە ئاو و خزمەتگوزاریەكانی پارێزگای بەسڕە دەستیپێكرد، كە تێیدا وەزیری سەرچاوەكانی ئاو و ئاوەدانكردنەوە و شارەوانیەكان ئامادەیبون.
هەر لەكۆبونەوەكەدا، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، كۆتا وادە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق لە پەرلەماندا، رۆژی 2ی تشرینی یەكەمی 2018 دەبێت.
پشكی سەرۆك كۆماری عیراق، كە بە پشكی كورد دادەنرێت، تائێستا كێشەی لەسەرەو هەردوو پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پشكی خۆیانی دەزانن و كاندیدیان هەیە، تائێستاش لەسەر یەك كاندید رێكنەكەوتون، سەرەڕای كاندیدەكانی ئەو دوو حزبەش، 28 كاندیدی دیكە خۆیان بۆ ئەو پۆستە تۆمار كردوە.

Back to top button