سبه‌ی متمانه له سێ وه‌زیر وه‌رده‌گیرێته‌وه
دوای ئه‌وه‌ی سێ وه‌زیری په‌یوه‌ست به‌خزمه‌ت گوزاریه‌كانی عێراق و به تایبه‌ت له باره‌ی خزمه‌تگوزاریه‌كان له پارێزگای به‌سره, بانگهێشتی په‌رله‌مانكران به مه‌بستی به‌دوا داچوون لێپرسینه‌وه, په‌رله‌مانتارێكی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت له دانیشتنه‌كه‌ی سبه‌ی په‌رله‌ماندا متمانه له 3 وه‌زیر وه‌رده‌گیرێته‌وه و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌سره‌ش له كاره‌كه‌ی دوور ده‌خرێته‌وه
عوده‌ی عه‌واد، په‌رله‌مانتاری شار‌ی به‌سره له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه سه‌ر به هاوپه‌یمانی فه‌تحه، ئاشكرایكرد،. له به‌یاننامه‌یه‌كدا ریگه‌یاندووه “له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانتارانی شار‌ی به‌سره و پارێزگاری ئه‌و شاره له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن كه‌عبی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران پێشنیازكرا، دوورخستنه‌وه‌ی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌سره له كاره‌كه‌ی بخرێته ده‌نگدان”.
هه‌روه‌ها گوتی: “خاڵه هه‌ره دیاره‌كانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه بریتی بوون له سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له سێ وه‌زیری كه‌مته‌رخه‌م به‌رامبه‌ر قه‌یرانی به‌سره، ئه‌وانیش پێكهاتوون له وه‌زیرانی ته‌ندرووستی، شاره‌وانی و سه‌رچاوه ئاوییه‌كان”، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “بڕیارێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت بوو یه‌كخستنی پترۆدۆلار له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وت، وێڕای ئه‌وه‌ی پێویسته یاسای قوربانیانی تیرۆر شه‌هیدانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ش له‌خۆ بگرێت”.
هه‌روه‌ها بڕیاردرا سه‌رانسه‌ری شار‌ی به‌سره له‌ڕووی ئیدارییه‌وه له‌ده‌ست كه‌رتی تایبه‌ت ده‌ربهێندرێت و ره‌چه‌ته‌ی ته‌ندرووستیش هه‌ڵوه‌شێندرێته‌وه.
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، له دانیشتنی دوێنێی ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌رانی عێراق، كه هه‌ریه‌ك له عه‌دیله حه‌موود، وه‌زیری ته‌ندرووستی، حه‌سه‌ن جه‌نابی، وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاو و ئان نافع ئه‌وسی، وه‌زیری شاره‌وانی بانگهێشت كرابوون، كاتێك ئه‌و سێ وه‌زیره دووپاتیان كرده‌وه كه ئاوی به‌سره هیچ كیشه‌یه‌كی نه‌ماوه و چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوێری و ژه‌هراوی ئاوه‌كه‌یان كردووه، عوده‌ی عه‌واد، په‌رله‌مانتاری شار‌ی به‌سره هه‌رسێ وه‌زیره‌كه‌ی خسته دۆخێكی خه‌جاڵه‌تباره‌وه، كاتێك سێ جام له ئاوی به‌سره كه له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنابووه هۆڵی په‌رله‌مان، پێشكه‌شی ئه‌و سێ وه‌زیره‌ی كرد و داوای لێ‌كرد: “كه‌وایه فه‌رموون بیخۆنه‌وه”.
له‌كاتی پیشكه‌شكردنی ئاوه‌كه ئه‌و په‌رله‌مانتاره گوتی: “ئه‌مه ئاوی پارێزگای به‌سره‌یه و پێشكه‌شی هه‌ریه‌ك له عه‌دیله حه‌موود، وه‌زیری ته‌ندرووستی، حه‌سه‌ن جه‌نابی، وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاو و ئان نافع ئه‌وسی، وه‌زیری شاره‌وانی عێراق ده‌كه‌م، هه‌مان ئه‌و ئاوه‌یه كه هاووڵاتیانی به‌سره لێی ده‌خۆنه‌وه”.
عه‌واد له‌كاتی پێشكه‌شكردنی 3 جامه ئاوه‌كه دووپاتیكرده‌وه، “كاتژمێر 8ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ئه‌م ئاوه‌م له جامه‌كان كردووه، كه پێشكه‌ش به‌و 3 وه‌زیره ده‌كه‌م”، داواشی له وه‌زیره‌كان كرد، “ئاوه‌كه بخۆنه‌وه بۆئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه هه‌ست به سرووشت و تامی ئاوی پارێزگای به‌سره بكه‌ن، ئه‌مه وه‌ڵامێكه بۆئێوه كه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه كێشه‌ی ئاوی به‌سره‌تان چاره‌سه‌ركردووه و ده‌ڵێن؛ ئێستا باشترین كوالیتی ئاومان بۆ خه‌ڵكی به‌سره دابین كردووه”.
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه پرسی پیسبوونی ژینگه و ژه‌هراویبوونی ئاوی به‌سره كه به‌هۆیه‌وه زیاتر له 80 هه‌زار كه‌س ژه‌هراوی بوونه و رۆژانه سه‌دان كه‌س ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه ده‌كرێن، بووه‌ته هه‌وێنی خۆپیشاندانه‌كانی خه‌ڵكی به‌سره و داوا له حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، چاره‌سه‌رێكی ئه‌و قه‌یرانه‌یان بكات. هاووڵاتیان ده‌شڵێن، جگه له به‌ڵێندان هیچ هه‌نگاوێكی راسته‌قینه‌یان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه له‌حكوومه‌ت به‌دی نه‌كردووه.