ئەمریکا ههر وڵاتێك تا مانگی 11 كڕینی نهوتی ئێران نهگهیهنێته ئاستی سفر رووبهرووی سزا دهبێتهوه
دوای ئهوهی پهیوهندیهكانی نێوان ئێران و ئهمریكا ئالۆز بوو, ئهمریكا بهردهوامه له ههڕهشهكردن له وڵاتی ئێران و ههموو ئهو وڵاتانهی كه پهیوهندی بازرگانی لهگهڵ ئێران دهبهستن, پهیوهست به بڕیارهكانیان ئهمڕۆ جارێكی دیكه ئیدارەی ترەمپ هەڕەشە لەو وڵاتانە دەکات کە بەردەوامدەبن لە کڕینی نەوتی ئێران و رایدەگەیێنێت “هەر وڵاتێک تاوەکو رۆژی 4ی مانگی 11 ئاستی کڕینی نەوتی ئێران نەگەیێنێتە ئاستی سفر، رووبەڕووی مەترسی سزای ئەمریکا دەبێتەوە”.
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک، رایگەیاند “بەرامبەر هەر وەبەرهێنانێک لێبوردەنابین کە وادەکات توانای ئێران لە پەرەدان بە ژێرخانی نەوت و گازی سروشتی بەرەوپێشەوەبچێت”.
جۆن بۆڵتن، کە بە یەکێک لە نەیارە تووندەکانی ئێران لە ئیدارەی ترەمپ ناسراوە، راشیگەیاند “چاوەڕێی ئەوە دەکەین کڕیارانی نەوتی ئێران ئاستی هاناردەکردنی نەوت تاوەکو رۆژی 4ی مانگی 11 بگەیێننە ئاستی سفر، ئەگەرنا ئەوەتا رووبەڕووی مەترسی سزا خستنەسەر دەبنەوە”.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا جەختیکردەوە، واشنتن لە گوشارەکانی بۆ سەر ئێران بەردەوامدەبێت و ئێران رووبەرووی دوو بژارە دەکاتەوە؛ یان گۆڕینی رەفتارەکانی، یان داڕمانی ئابووری.
رۆژی 4ی مانگی 11 قۆناخی دووەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستپێدەکات. جۆن بۆڵتن گوتی “دوای رۆژی 5ی مانگی 11 سەرۆک ترەمپ دەیەوێت گوشاری دیکە، هەتا لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمیش، بەسەر رژێمی ئێراندا بسەپێنێت تاوەکو داهاتی پێویستی دەستنەکەوێت بۆ پشتیوانیکردنی دارایی لە چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی”.
لەبارەی هەمان پرس مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە رایگەیاندبوو “دەبێت گووشاربخەینە سەر رژێم تاوەکو جڵەوی خۆی بکات لە وێرانکارییەکانی و هاوکات وابکەین ئێران وەک وڵاتێکی ئاسایی رەفتاربکات”.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند “من بە بیستنی ئەوەی کە وڵاتانی ماوە لە رێککەوتنی (ئەتۆمی) دەیانەوێت سیستەمێکی تایبەتی پارەدان (بە ئێران) بۆ خۆلادان لە سزاکانی ئەمریکا دابمەزرێنن تەواو پەست و لە راستیدا بە قووڵی نیگەرانبووم”.
پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەوڵەی ئەوروپا بۆ خۆلادان لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، یەکێکە لە رێکارە هەر نەرێنییەکان لە دژی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش.