بانگهشهی ههڵبژاردن كۆتایی دێت و سبهینێ دهنگدانی تایبهت دهست پێدهكات
سبەینێ ۲۸ی۹ی۲۰۱۸ كاتژمێر ۸ی بهیانی دەرگای دەنگدان بەڕووی دەنگدەرانی تایبەتدا دەكرێتەوەو ۱۷۰ هەزارو ٤٦۹ كەس مافی دەنگدانیان هەیە ،هاوكات یەك شەممەی داهاتوو دەنگدانی گشتی دەستپێدەكات كە ۲ ملیۆنو ۹۱٤ هەزارو ۹۹۲ كەس مافی دەنگدانیان هەیە لەو ڕۆژەدا.
لای خۆیهوه هەندرێن محەمەد، سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگهیاند:” دەنگدان تا كاتژمێر ٦ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، وتی”ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروی ۹۰ ساڵەو لە ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا سەردانی بنكەكانی نوێكردنەوەیان نەكردووە ناویان سڕاوەتەوەو ناتوانن دەنگ بدەن.”
سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو ڕاپرسی لە هەرێم گوتیشی :” ئەوانەشی ناویان لێكچوو بووە لەگەڵ كەسێكی دیكە، بەهەمانشێوە سەردانی بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان نەكردووە، ناوەكانیان سڕاوەتەوەو ناتوانن دەنگ بدەن، هەروەها خاوەن موچە بەرزەكان لەبەرئەوەی پێشتر فۆڕمی خۆراكیان ڕاوەستاوە، ناتوانن لە بنكەكانی پێشوو دەنگ بدەنو لەهەر پارێزگایەك بنكەیەك دیاریكراوە بۆ دەنگدانیان”.
دەنگدانی تایبەت هێزە چەكدارەكانو هێزەكانی ناوخۆ دەگرێتەوە، زۆرترین دەنگدەری تایبەت لە پارێزگای هەولێرە كە ۷۲ هەزارو ٦۵۳ دەنگدەرە دوای ئەویش پارێزگای سلێمانییە بە ٦۲ هەزارو۲۲۰ دەنگدەر، پاشان دهۆك دێت بە ۳۳ هەزارو ٤۲۱ دەنگدەرو دواتر پارێزگای هەڵەبجەیە بە ۲ هەزارو ۱۷۵ دەنگدەر، ئەمەش بەپێی فەرمانگەی داتای كۆمسیۆن.
تا ئەمڕۆ ۲۲ ڕێكخراو خۆیان تۆماركردووە وەك چاودێری پڕۆسەكە. ۷۷۳ كاندیدی قەوارە جیاوازەكان كێبڕكێ لەسەر ۱۱۱ كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.
كۆمسیۆن بڕیاریداوە، دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنو هەژماركردنو جیاكردنەوەی دەنگەكان لە وێستگەی دەنگدان، بەڕێوەبەری وێستگەكە ناوی قەوارەكانو دەنگە بەدەستهاتووەكانیان دەخوێنێتەوەو بە ڤیدیۆ تۆماردەكرێتو نوێنەری قەوارە سیاسییەكان مافی ئەوەیان هەیە ئەو پڕۆسەیە بە ڤیدیۆ تۆمار بكەنو لایخۆیان بیپارێزن.