نێچیرڤان بارزانی ده‌ستخۆشی له پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی ئاسایش و ناوخۆ ده‌كات
به مه‌به‌ستی ده‌ستخۆشی كردن له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ‌و ئاسایشی هه‌رێم ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه، هێزه‌كانی ناوخۆ و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دا.
له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تێیدا باسی ره‌وشی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانی كرد, هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی له پێشمه‌رگه و، هه‌موو هێزه چه‌كداره‌كان، هێزه‌كانی ناوخۆ و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش كرد، كه قاره‌مانانه توانیویانه به‌رگری له كوردستان بكه‌ن و رێگه نه‌ده‌ن و سه‌قامگیریی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاڵۆز بكرێت چ له به‌ره‌كانی جه‌نگ و چ له پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌شی به جێگه‌ی ڕێز و پێ‌زانین و سه‌ربه‌رزیی هه‌موو تاكێكی كوردستان وه‌سف كرد.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌وڵ و شه‌ونخوونییه‌كانی هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیسی بۆ پاراستنی ئاسایشی هه‌رێم و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها هیوای خواست له رۆژانی داهاتووشدا به‌تایبه‌تی له رۆژی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له رۆژی 30ی ئه‌یلوول،هه‌مان رۆڵیان هه‌بێت به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایش و سه‌ر و گیانی هاووڵاتیان به‌گشتی.
نێچیرڤان بارزانی، به پێویستی زانی هه‌موولایه‌ك هاوكار بن پرۆسه‌ی ده‌نگدان زۆر سه‌ركه‌وتووانه كۆتایی بێت و ببێته نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی دیموكراسی دیكه له هه‌رێمی كوردستاندا.