سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: پێشمه‌رگه‌ بووه‌ته‌ هه‌وێنی سه‌ركه‌وتنه‌كان دژ به‌ تیرۆریستان

خواكوڕك

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یانراوێكی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مرۆی نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا بڵاو كردۆته‌وه‌.

له‌ راگه‌یانراوه‌كه‌ هاتووه‌، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا، خۆراگری و قاره‌مانه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی به‌ شانازی بۆ هه‌موو جیهان دانا و رایگه‌یاند، هه‌قی خۆتانه‌ شانازی به‌ خۆراگری و قاره‌مانیه‌تی پێشمه‌رگه‌ و گه‌لی خۆتانه‌وه‌ بكه‌ن، ئێمه‌ش شانازی به‌ دۆستایه‌تیی گه‌لی كوردستان و پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كه‌ین.

 

ده‌قی راگه‌یانراوه‌كه‌:

 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23/10/2016، له‌ شاری هه‌ولێر، به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ به‌ڕێز ئاشتۆن كارته‌ر وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا و شاندی یاوه‌ری كرد، كه‌ پێكهاتبوو برێت ماككورك نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆك ئۆباما بۆ هاوپه‌یمانیی جیهانی دژ به‌ داعش، دۆگلاس سلیمان باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق، ستیڤان داونسێند فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق و كین گرووس كۆنسووڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك ڕاوێژكار و ئه‌فسه‌ری سوپای ئه‌مه‌ریكا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ریم شنگالی وه‌زیری ناوخۆ و وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌ وه‌كاله‌ت، دكتۆر فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌ت و سه‌فین دزه‌یی گوته‌بێژی حكوومه‌ت و هه‌ر یه‌ك له‌ شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، فه‌ریق شێروان و فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌ندامانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی پاراستنی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد و ده‌ستخۆشیی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ لێ كرد و، پێزانینی هه‌بوو بۆ ئه‌و هاوبه‌شی و هه‌ماهه‌نگییه‌ی له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقدا هه‌یه‌، هاوكات پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ سه‌رۆك بارزانی و كه‌سوكاری شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ كرد و رایگه‌یاند، سوپاسگوزارین بۆ به‌جێگه‌یاندنی به‌ڵێنه‌كانی نێوان عێراق و هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئه‌نجام ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی لێكه‌وته‌وه‌، كه‌ سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ كوردستان و بۆ ئه‌مه‌ریكا و بۆ هه‌موو جیهان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاشتۆن كارته‌ر ئاماژه‌ی به‌ پشتیوانی و هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دا و، دووپاتی له‌ به‌رده‌وامی و درێژه‌دانی پشتیوانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها رۆشنایی خسته‌ سه‌ر رۆڵی سه‌رۆك بارزانی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ئه‌م رۆڵه‌شی بۆ به‌دیهاتنی ئاشتی له‌ قۆناغی دوای كۆتاییهاتنی داعش به‌ گرینگ وه‌سف كرد.

له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی باسی له‌ بایه‌خی سیاسی و سه‌ربازیی تێكشكاندنی داعش له‌ مووسڵ و ناوچه‌كه‌ و هه‌موو جیهان كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ نیشان دا، كه‌ له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقدا هه‌یه‌ و ئاماژه‌ی به‌ پێویستیی پلان و رێككه‌وتنێكی سیاسی كرد بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ئاینده‌ی مووسڵ، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ هۆكارێك و گه‌ره‌نتییه‌ك بۆ رێگه‌گرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كان، هاوكات دڵنیاییش ده‌بێت بۆ پاراستنی پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ به‌تایبه‌تی پێكهاته‌كانی مه‌سیحی و ئیزدی.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ بارودۆخی مه‌یدانیی به‌ره‌كانی شه‌ڕ و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كان و سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌ی باكوور و باكووری رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ كرا و، سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌ قوربانیدان و خۆڕاگریی پێشمه‌رگه‌ و گه‌لی كوردستان دا كه‌ بووه‌ته‌ هه‌وێنی سه‌ركه‌وتنه‌كان دژ به‌ تیرۆریستان و ڕاشیگه‌یاند كه‌ ئه‌و قوربانیدانه‌ش جێگای شانازیی ئێمه‌یه‌.

لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا، خۆراگری و قاره‌مانه‌تیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی به‌ شانازی بۆ هه‌موو جیهان دانا و رایگه‌یاند، هه‌قی خۆتانه‌ شانازی به‌ خۆراگری و قاره‌مانه‌تیی پێشمه‌رگه‌ و گه‌لی خۆتانه‌وه‌ بكه‌ن، ئێمه‌ش شانازی به‌ دۆستایه‌تیی گه‌لی كوردستان و پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كه‌ین.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بیروڕا له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسی ناوچه‌كه‌ و دواپێشهاته‌كان له‌ سوریا و ورده‌كاری قۆناغی دوای كۆتایهاتنی داعش ئالۆگۆڕ كرا.

جێی باسه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، ئاشتۆن كارته‌ر وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا و شاندێكی یاوه‌ری له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر، له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی كرا.

Back to top button