پارتی 118 سكالامان تۆماركردووه‌, سكالای تریش تۆمارده‌كه‌ین

 

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ سنوری سلێمانی رێگری له‌ پێشمه‌رگه‌كانی سنوری هه‌ولێرو ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان كرا كه‌ ناویان له‌ بنكه‌كانی ئه‌و سنوره‌ گه‌ڕابوویه‌وه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ده‌نگدانیان دروستكرا, بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند:”118 سكاڵامان تۆمار كردووە و سكاڵای دیكەیش تۆمار دەكەین، چونكە گومانمان هەیە كە یەكێتی ساختەكاریی كردووە بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر بهێنێت”.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستاني، راگه‌یاندووه‌: “سەرلەبەیانی پرۆسەكەی دەنگدان باش بەڕێوە دەچوو، بەڵام دواتر لە هەندێك شوێن ئاڵۆزیی لێ كەوتەوە، بۆ نموونە لە كۆیە چەكدارانی یەكێتی سەر بە (باڵی لاهور) لە یەكێك لە دەنگدەرانی ئێمەیان دا، كە نەیانهێشت دەنگ بدات و فۆڕمی دەنگدانیان لێ دڕاند، دواتر نەیانهێشت بریكاری ئێمە سكاڵایش تۆمار بكات، لە هەندێك شوێنی دیكەیش پێشێڵكاری كراون و سكاڵامان تۆمار كردووە، بۆ نموونە لە هەڵەبجە 17 سكاڵا، لە گەرمیان 36 سكاڵا، لە سلێمانی 44 سكاڵا، لە هەولێر 19 سكاڵا و لە دهۆك 20 سكاڵا، كۆی گشتییش دەكاتە 118 سكاڵا”.

خەسرۆ گۆران گوتیشی: “پێشێلكارییەكان زۆرن، وەكو لێدان، هەندێك حاڵەتی ڕێگریكردن لە دەنگدەران، سكاڵاتۆماركردن، هەندێكیان سەرپێچی كۆمیسیۆن و فەرمانبەران و بەرپرسانی بنكەكان، بۆیە سكاڵای دیكەیش تۆمار دەكەین، چونكە گومانمان هەیە كە یەكێتی ساختەكاریی كردووە بۆ ئەوەی خەڵك دەنگی بداتێ و دەنگی زیاتر بهێنێت”.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، ڕوونیشی كردەوە: “خوێندنەوەی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی بۆ كۆی پرۆسەكە بە شێوەیەكی گشتی لە رووی تەكنیكییەوە زۆر باش بوو، لە چەند شوێنێك پێشێلكاری هەبوو، بەڵام بە شێوە گشتییەكەی، پرۆسەكە بە ئارامی بەڕێوە چوو”.

Back to top button