پارتی فۆرمی سیاسی کوردستان دەگۆرێت .

مەلا ھەندرێن

ھەر لەدوای راپەرینەوە تا ئێستا. ھەرێمی کوردستان دوو فۆرمی سیاسی لە ئیدارەدان و حوکمرانی بەخۆیەوە بینیوە ، فۆرمی یەکەم قۆناغی حوکمرانی بەرەی کوردستانی بوو ، بەرەی کوردستانیش سەرکردایەتیەکی سیاسی و ئەنجومەنێکی راپەراندنی ھەبوو، کە نوێنەری پارتە کوردستانییەکانی ئەوکاتە ئەندام بوون تیادا وەک(( پارتی دیموکراتی کوردستان،یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، حزبی شیوعی عێراق ، حزبی سوسیالیستی کوردستان ، پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان ، پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک ، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان )) ئەم حزبانە خاوەنی رەوایی شۆرشگێری و کەلتووری شاخ و سەروەری خەباتی پێشمەرگایەتی بوون . بۆیە قۆناغی حوکمرانی بەرەی کوردستانیش ، قۆناغێکی کورت و راگوزەر بوو، تەنھا بۆئەوەبوو ئەو بۆشاییە کارگێرییە پڕبکرێتەوە کە دوای کشانەوەی ئیدارەی بەعسیەکان دورست ببوولەکوردستان . تەمەنی ئەم قۆ ناغە تەنھا سالێک و دوو مانگ بوو ، بۆیە رۆڵ و دەسەڵاتی بەرەی کوردستانی لەگەل ھەلبژاردنی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان لە(١٩٩٢/٥/١٩ )کۆتایی ھات وفۆرمی دووەمی حوکمرانی دەستی پێکرد . فۆرمی دووەم بریتی بوو لە ھەلبژاردنی پەرلەمان و پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم و دورست کردنی دامەزراوەی دادوەری و رێکخستنەوەی پارێزگاکان و زۆرشتی تر . ئەم قۆناغە زۆردرێژ و تاقەت پروکێن بوو بۆ خەلکی کوردستان . چونکو لەیەکەم ھەنگاوی ئەم قۆناغە دا، دوژمنان نەخشەو پیلانی خۆیان بەسەر ئیرادەی خەلک و رەوایی دیمۆکراسی و ماف گەلی ھەڵبژاردن داسەپاند . لێنەگەران بەپێی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن ، پرۆسەی سیاسی و کارگێری لەکوردستان رێچکەی ئاسایی خۆی بگرێت . لەیادمانە ئەوکاتە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان پەنجاویەک کورسی و لیستی یەکێتیش چل و نۆ کورسی پەرلەمانیان ھێنا . کاری سورشتی و دیمۆکراسی ئەوەبوو کە یەکێتی چوار سال ببا بە ئۆپۆزسیۆن و پارتیش چوارسال حکومڕانی کوردستانی بکردبا. بەلام ھەرزوو بەریتانیاو وولاتانی دەوروبەرکەوتنەدەست تێوەردان و پارتییان خستە بەردەم دوو رێگای سەخت ، یان دەست ھەڵگرتن لە مافی بردنەوەی لەھەڵبژاردن وبەخشینی کورسیەکی پەرلەمان بە یەکێتی و رازی بوون بە سیستەمی فیفتی ـ فیفتی . یانیش یەکێتی ئەنجامی ھەڵبژاردن رەت دەکاتەوەو ئامادە نییە دان بەسەرکەوتنی پارتی دا بھێنێت و باروودۆخەکە تێکدەدات . ئەوەبوو پارتی لەپێناو بەرژەوەندی خەلکی کوردستان ، کورسیەکی خۆی دا بەیەکێتی و رازی بوو بە فۆرمی نیوە بە نیوەی دەسەلات لەگەل یەکێتی . ئەم فۆرمە سیاسیە بیست و شەش ساڵە درێژەی ھەیە و ئەنجامەکەشی بریتی بوولە دووکەرت کردنی ھەموو شتێک لەکوردستان ، پەرلەمان و حکومەت و پێشمەرگە و داھات و پاشان خاک و خەلکی کوردستانیش دابەش دووکران . تەنانەت چەمک و ووشە کانیش دابەش دووکران ، لەتەک (ئافرەت ـ ژن ) و لەتەک ( لاوان ـ گەنجان ) و لەتەک ( قوتابییان ـ خوێندکاران ) زیادکران . دیارترین سیمای دووەم فۆرمی سیاسی لە کوردستان ، بریتیی بوولە دوولەت بوونی ئەزموون و دەسەلاتی ھەرێمی کوردستان بەسەر دوو حزبدا ، حزبێک خاوەنی رەوایی ھەڵبژاردن و پشتیوانی زۆرینەی گەل و حزبێک دۆراوی ھەڵبژاردن وشەرمەندەی دیرۆک و وابەستەی پیلانی دوژمنان . ئەم نەخشەسیاسیە ی کە بیست و شەش سالە درێژەی ھەیە ، پارتی ئەگەر چی بەخاتری بەرژەوەندی گشتی خەلکی کوردستان ، پێی رەزامەند وپابەند بوو ، بەلام دوژمنان ھەربەوەندەش نەوەستان و ھەردەم خەریکی ئەوەبوونە ئەم نەخشە سیاسیە بگۆرن وپارتی لەگۆرەپانی دەسەلات وەدەربنێن . ھەوڵەکانیش ئەمانە بوون :_
یەکەم/ لەسالی (١٩٩٤ )شەری ناوەخۆیان ھەڵگیرساندوراستەوخۆش پال پشت و ھاوکاری یەکێتی بوون بۆ لەناو بردنی پارتی ، لەسالی(١٩٩٥ )پەکەکەش بە فیتی دوژمنان دۆخەکەی بەھەل زانی و بەقازانجی یەکێتی بووە بەشێک لەشەرەکەو لەیەک شەودا پەلاماری (٢٥ )بنکە و سەنگەری پارتی دا و بەرەیەکی فراوانی تری شەر لەپارتی کرایەوە ، سەرەرای شەرو پەلاماری ئەم دوو حزبە گەورەیە و ھاوکارییەکانی دوژمنان بۆیان . بەریتانیا بە جددی خەریکی ئەوەبوو حزبە دەسکردەکەی خۆی (پارتی پارێزگارانی کوردستان )و ئاغاکانی سورچی بکاتە بەشێک لەشەرەکەوبەرەیەکی تری شەر لەناو جەرگەی پارتی بکاتەوە .ئەورۆژانە رۆژگارێکی زۆر سەخت و پر نەخشەوپیلانگێری دوژمنان بوو ،بۆ لەناوبردنی پارتی و ئەزموونی ھەرێمی کوردستان .بەلام پارتی توانی خۆراگرانە پارێزگاری لە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بکات و پیلانەکان پوچەل بکاتەوە .
دووەم/پاش کۆتایی ھاتن بە شەری ناوەخۆ و واژوو کردنی رێکەوتننامەی ئاشتی واشنتن لە نێوان بارزانی و تالەبانی لەسەر دەستی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئەمەریکا( مادلین ئۆلبرالیت ) . پاشان واژوو کردنی رێکەوتننامەی ئیستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی ، دوژمنان گەیشتنە ئەو باوەرەی کە ئیدی ناتوانن لەرێگای شەری ناوەخۆ ، بالانسی ھێز بەقازانجی یەکێتی بگۆڕن ، بۆیە ئەم جارە بەریتانیا پەنای برد بۆ نەخشەیەکی تازە ، ئەویش بریتی بوو لەدورست کردنی ئۆپۆزسیۆن، تالەم رێگایە بتوانن بکەونە ھاندان و وروژاندنی خەلک دژی پارتی و بارزانی و ھەوڵدان بۆروخاندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگای نارەزایەتی و خۆنیشاندانی جەماوەری .بۆئەم مەبەستەش لەسالی (٢٠٠٤ )ەوە ، بەریتانیا دەستی پێ کردو لە سالی(٢٠٠٩) بەرھەمەکەی جیاکرنەوەی نەوشیروان مستەفاو ھاورێکانی لە یەکێتی و دورست کردنی بزووتنەوەی گۆران بوو .لە ھەلبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمان ، بەشێوەکی ناتەندورست و گوماناوی ، ئۆپۆزسیۆنێکی زۆر بەھێز دەرکەوت و نزیکەی چل کورسی پەرلەمانییان بەدەست ھێنا . (گۆران و کۆمەل و یەکگریوو) بوون بە ئۆپۆزسیۆنێکی چەواشەکار و دەستکردو درۆیینە لەناو پەرلەمانی کوردستان ، ئەمانە ھەستی نەتەوەیی و ئینتیمای نیشتیمانییان وێران کردوو خەلکییان بەگیانی دوژمنکاری و نانەوەی توندوتیژی و تێکدان و رووخاندنی حکومەت گۆش و ئامادە دەکرد ، ئەمانە ئامانجیان ریفۆرمی دەسەلاتی کوردی نەبوو . بگرە ئامانجیان لەناوبردنی پارتی و ھەرێمی کوردستان بوو . ئەوەبوو لە(١٧ شوباتی ٢٠١١ )پەردەیان لەسەر رووی خۆیان ھەڵماڵی و بەھێرش و پەلامار بۆسەر بارەگاکانی پارتی دەستیان پێکردو ئاژاوەیەکی شەست رۆژییان لەسنووری زۆنی سەوز بەرپاکرد .یەکێتی بەناو لەگەل پارتی ھاوپەیمان و ھاوبەش بوو لەحکومەت ، کەچی لەژیرەوە بەشێک بوو لەو نەخشەیەی کەدەیان ویست ئاژاوەکانی سلێمانی بگوازنەوە بۆ ھەولیرو پارتی و ئەزموونەکە لەناو بەرن .بەلام پارتی بەپاڵپشتی خەلکی ھەولێرو بادینان و خەلکی کوردستان بە گشتی ،قۆناغی یەکەمی ئاژاوچییەکانی سەرکەوتوانە تێک شکاندو بەناو ئۆپۆزسیۆن و دوژمنانی روو رەش و شکست خوردە کرد .
سێیەم/ لەم قۆناغەدا ھەولەکان و پیلان گێریەکانی دوژمنان بۆ لەناو بردنی پارتی وئەزموونی ھەرێمی کوردستان .لەسەر جادەوە گوازرایەوە بۆ ناو پەرلەمان . لە ھەلبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە( ٢٠١٣)، یەکێتی کە بە لیستی سەربەخۆ و جیا دابەزی ، یەکەم ھەنگاوی کشانەوەی لە رێکەوتن نامەی ئیستراتیژی دەست پێکرد و لەناو پەرلەمان چووە پال ئۆپۆزسیۆن و بەرەیەکی چوار قۆڵی دژی پارتیان دورست کرد . ئەم جارە مەبەستییان بوو لە رێگای زۆرینەی پەرلەمان ، کودەتایەکی سپی بەسەر پارتیدا بکەن ولەژێر بەرگی زۆرینەی پەرلەمان ، پارتی و بارزانی بخەنە دەرەوەی دەسەلات وبەئاواتە گلاوەکانیان بگەن ،
پاش ئەوەی جەنابی سەرۆک ، لە ئایاری( ٢٠١٥ )بەسەرۆکایەتی شاندێکی ھاوبەشی (پارتی و یەکێتی و گۆران) سەردانی واشنتنی کردوو لەدیداری لەگەل (باراک ئۆباما) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ، بەفەرمی باسی لە کەیسی سەربەخۆیی کوردستان کردو پێی گووتن . پاش کۆتایی ھاتنی شەری داعش گەلی ئێمە دەیەوێت بریارلە چارەنووسی خۆی بدات ، ئۆباما دەلێت من لەئازارەکانتان تێ دەگەم و رێزم ھەیە بۆ ویستی گەلی ئێوە . بەلام ئەم کەیسە لای (جۆبایدنی) جێگرمە و دەتوانن بە درێژی باسی لێوە بکەن ، کاتێک جەنابی سەرۆک لەگەل بایدن بەدرێژی باس لەویستی سەربەخۆیی خەلکی کوردستان دەکات . بایدن بەجەنابی سەرۆک دەلێت دڵنیابە لەتەمەنی خۆم و خۆت سەربەخۆیی کوردستان دەبینین . کەس ناتوانێت نکۆڵی لەراستی ئەم زانیاریانە بکات . چونکو نوێنەرانی یەکێتی و گۆرانیش لەتەواوی گفتووگۆکان ئامادەو بەشداربوون . پاش گەرانەوەی شاندەکە لە ئەمەریکا و لە یەکەم کۆبوونەوەی جەنابی سەرۆک و شاندەکەی لەگەل سەرۆک و نوێنەرانی تەواوی حزبەکانی کوردستان . لە(٢٠١٥/٥/١٣)باس لە ئەنجامەکانی سەردانەکە دەکرێت و بڕیاریش دەدرێت کاربکرێت بۆ ھەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستان . بۆ ئەم مەبەستەش بریار دەدرێت لێژنەیەکی باڵا لە نوێنەری ھەموو حزبەکان دورست بکرێت و داوالەھەموو حزبەکان دەکرێت لەماوەی پانزە رۆژدا نوێنەرییان بۆ لێژنەکە دیاری بکەن . بەداخەوە لەماوەی تەنھا چەند رۆژێک ھەموو شتەکان پێچەوانە بوونەوە . (یەکێتی و گۆران و کۆمەل و یەکگرتوو) ، لەبڕی ناردنی ناوی نوێنەرەکانیان بۆ لێژنەکە ، کەوتنە ورووژاندنی پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و پرۆژەیەکی ھاوبەشییان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ئامادەکرد. لە( ٢٣ ی حوزەیرانی٢٠١٥) یش لەکۆبوونەوەیەکی گوماناوی پەرلەمان،کە لەژێر سەرپەرشتی و ئامادەگی کونسلی وولاتێکی داگیرکەربەرێوەچوو . یەکەم خوێندنەوە بۆ پرۆژەکە کرا ، بیست و سێی حوزەیران ، ئەورۆژە رەشەبوو کە پەرلەمان کرا بە بەشێک لە ئامرازی جێ بەجێ کردنی نەخشەو پیلانی داگیرکەران و شوێنێک بۆ لێ دان لە دەسەلاتی پارتی و بارزانی وکۆتایی ھێنان بە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان . بەلام لەکۆبوونەوەی پەرلەمان لە (١٩ی ئابی ٢٠١٥ )پارتی بەھاوکاری دۆستە ناوەخۆو دەرەکیەکانی توانی گەلەکۆمەی نامەردانەی (یەکێتی و گۆران وکۆمەل) و بەشێک لە یەکگرتوو لەناو پەرلەمان ھەرەس پێ بھێنێت و بەسەری داگیرکەرانیدا بداتەوە .لەم قۆناغەش داگیرکەران و بەکرێ گیراوەکانی لەبەرامبەر ئیرادەی گەل بەروو رەشی پاشەکشەیان کردوھەمدیس پارتی و بارزانی بەھێزەوە لەسەرپێیەکانی خۆی وەستا .
چوارەم /دواقۆناغی ھەوڵی دووژمنان بۆ گۆرینی نەخشەی سیاسی و بالانسی ھێز بەقازانجی یەکێتی و ئاغاکانی ، خیانەتی( ١٦ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧) ولەشکرکێشی داگیرکەران بوو بۆسەر کوردستان . لەم قۆناغە جاشایەتی ئاشکراو چوونەوە پال دەولەتی داگیرکەری بەغدا لەلایەن بەشێک لە یەکێتی و گەلەکۆمەی ھەرێمی و نێودەولەتی و سەرپەرشتی راستەو خۆی دەوڵەتێکی دراوسێ ، ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەمە گەورەترین و ھەمەلایەن ترین پیلان گێری داگیرکەران بوو، بۆ بەدی ھێنانی خەونە گلاوەکانییان . بەلام داستانە بێ وێنەکانی شەری بەرگری پێشمەرگە بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی ،لە پردێ و سحێلا و مەحمودییە . دوژمنانی بێ ھیواکردوو بۆھەتا ھەتایە بەچۆکی دادان و ھەر ئەوێ رۆژێ بەردێ بناغەی کوردستانێکی بەھێز داندرا .
بەڵێ ، لەماوەی بیست و شەش ساڵی رابردوو ، دووژمنانی کورد بەھاوکاری و دەست کێشی ھێزێکی ناوەخۆ ،بەم چوارقۆناغەی باسمان کرد . بەردەوام بوونە لە ھەوڵی گۆرینی نەخشەی سیاسی و بالانسی ھێز بە قازانجی یەکێتی . خۆش بەختانە لەھەموو قۆناغەکان شکست خواردوو بوونە و ئێستاش ھەلی ئەوان کۆتایی ھات و ھەلی پارتی بۆ گۆرینی فۆرمی سیاسی کوردستان دەستی پێکرد . ئێدی پارتی ھێزی یەکەم و براوەی کوردستانە و دەبێت کۆتایی بە دوو دەسەلاتی و دوو زۆنی و ھەموو دابەش دووەکانی کوردستان بھێنێت . ئەم دابەش دووە ویستی داگیرکەرو دوژمنانی کوردستانە . ئەم دابەش دووە وێرانکەرو کارەساتبارو وەیشوومەیە و دەبێت خەلکی کوردستان لەم ھەلبژاردنە سزای دوژمنان و کرێگرتەکانیان بدەن و پارتی بکەن بەھێزی ھەرەسەرەکی و براوەو بێ رکابەری کوردستان . ئەم دابەش دووە سەرچاوەی گەندەڵی ودزی و دورست بوونی مافیاکانە لەکوردستان .دەبێت خەلکی کوردستان بە دانگدانییان بە پارتی ، جاڕی کۆتایی ھێنان بە سیستەمی شوومی فیفتی ـ فیفتی بدەن . بۆ بەدی ھێنانی ئەم ئامانجە . پارتی بە ئیرادەوە ئامادەیەو تەنھا پێویستی بە پاڵپشتی زۆرینەی گە ل وبردنەوەیە لەم ھەڵبژاردە .

Back to top button