نێچیرڤان بارزانی : ئێمە دەمانەوێت بە خوێندن و زانست ، پێشبڕکێی خۆمان لەگەڵ دەورووبەردا ببەینەوە
لە رێوڕەسمێكدا لە ھەولێری پایتهختی كوردستان ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، قوتابییە یەكەمەكانی پۆلە ناكۆتاكان و ئەو كەسانەی خەڵاتكرد كە قوتابخانەیان دروستكردووە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، له گوتارێكدا له رێوڕهسمی خهلاتكردنی قوتابیه یهكهمهكان ڕایگهیاند:” قوتابیانی خۆشەویست ئێوە جێگەی شانازین بۆ ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ گەلی کوردستان، خوێندن تەنیا بۆ داهاتووی خۆتان نییە بەڵکو بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیە”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان به ئاماژه دان به شیعرێكی شاعیری گەورەی كورد فایەق بێكەس، ۷۰ ساڵ پێش لەمەوبەر فەرموویەتی “دەرمانی دەردی ئێمە خوێندنە، رەوشتی پاك و خزمەتكردنە”، ھەروەھا نووسەری ئەمەریكی ولیەم ئیگڵتن، لە كتێبێكیدا بەناونیشانی كۆماری مھاباد دەڵێ “لە شۆڕشی ئەیلوول دا ھەركاتێك قوتابییەك دەھاتە ریزی پێشمەرگە بارزانی بانگی دەكرد و دەیناردەوە بۆ سەر خوێندنەكەی، پێی دەگوت بڕۆ جارێ خوێندنەكەت تەواو بكە، چونكە ئێمە زیاتر پێویستمان بە زانست و خوێندنە، وەك خەباتی چەكداری، قسەی ئەو شاعیرە و قسەی ئەو گەورە پیاوە بەڵگەن بۆ گرنگی خوێندن لای كورد”.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی :” ئێمە دەمانەوێت بە خوێندن و زانست ، پێشبڕکێی خۆمان لەگەڵ دەورووبەردا ببەینەوە، ئەوانەش کە دوێنێ توانجیان لەئێمە دەدا و دەیانگوت کورد ببن بە حکومەتیش ناتوانن خۆیان بەڕێوەببەن، ئێستا ئەوان خۆیان وا دواکەوتوون و بەجێماون کە ناتوانن بە تۆزی کاروانی کوردستان بگەن”.
لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی دهڵێت: “ئەگەر شەڕی داعش نەبووایە ئێستا كوردستان لە قۆناخێكی دیكەدا دەبوو، داعش خەنجەرێكی نامەردی بوو لە ھەرێمی كوردستان درا، داعش ئەوەندەی گورزی لە كوردستان دا لە ھیچ شوێنێكی دیكەی نەدا”
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە قوتابییە یەکەمەکان دهشڵێ: “ئێوە چۆن سەری خۆتان و مامۆستا و باوک و دایکی خۆتان بەرزکردەوە، ئێمەش هەروەها دەمانەوێت سەری کوردستان و دایکی شەهیدان بەرزبکەینەوە، تاوەکو هەرێمەکەی خۆمان دەکەین بە شاگوڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەبێت ئێمە وابکەین کە هەرێمی کوردستان لە تاقیکردنەوەی سیاسەتدا سەرکەوتووی یەکەم بێت، دڵنیا بن شەڕی داعش نەبوایە، ئێستا لە قۆناخێکی دیکە هەنگاومان دەنا. داعش خەنجەرێکی نامەردی بوو لە گەلی کوردستان و سەرکەوتنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان درا”.