شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: گۆڕان تۆمه‌ت بۆ یه‌كێتی هه‌ڵبده‌به‌ستێت و یه‌كیتی له‌كه‌دار ده‌كه‌ن

دوای ئەوەی بەرپرسانی گۆڕان هێرشیان كرده‌ سه‌ر یه‌كێتی و ئاشكرایان كرد کە یەکێتی پێشمەرگەی یەکەی ٧٠ی ناچار کردووە و سوێند داون كه‌ دەنگ بە لیستی یەکێتی بدەن.

لای خۆیه‌وه‌ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ ڕایگەیاند: “بەھیچ شێوەیەک ھێزی پێشمەرگە ناچار نەکراوە لەژێر فشاردا دەنگ بە یەکێتی بدەن، چونکە ئەگەر ئێمە بەزۆر خەڵکمان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان نارد بێت، یان فشارمان دورست کرد بێت، ئەو خەڵکە دەچێ دەنگ بەلایەنێکی دیکە دەدات، بۆیە ئەو پڕوپاگەندانە ھەموو درۆیە و دوورە لە ڕاستییەوە“‌.

فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی حه‌فتای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ڵێت : گۆران تۆمه‌ت بۆ یه‌كێتی دروست ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت له‌كه‌داری بكه‌ن ،خه‌ڵك ده‌زانێت ئه‌وان خۆیان ته‌زویرچی بوون ،ئەوانەی شکست دێنن، ھەمیشە تۆمەتی ناڕەوا بۆ یەکێتی دروست دەکەن، بەڵام لە دەنگدانی تایبەتدا ژمارەیەکی زۆر چاودێری ھەڵبژاردن و ڕۆژنامەنووسی لێ بووە، ئەگەر پێشێلکارییەک کراوە، پێویستە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئاشکرای بکەن، نەوەکوو لایەنێکی سیاسی “.

سه‌رباری ئه‌وه‌ی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ره‌تی كرده‌وه‌ كه‌ حزبه‌كه‌ی ساخته‌كاری له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام دابێت ، به‌ڵام چاودێران هێمایان بۆ چه‌ندین حاڵه‌ی نایاسایی و پێشیلكاری و ساخته‌كاری له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت دا كرد ،كه‌ هه‌م فشاری خستوه‌ته‌ سه‌ر ده‌نگده‌ری لایه‌نه‌كانی تر و هه‌میش كارتی ده‌نگدانی به‌ پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كه‌ی ۷۰ بۆ یه‌كێتی پر كردووه‌ته‌وه‌.

Back to top button