موقته‌دا سه‌در: پێكهێنانی جكومه‌تی عێراق كۆتاهات, هه‌موو لایه‌ك به‌شدارده‌بن ئۆپۆزسیۆنمان نابێت

 

دوای تێپه‌ڕینی نزیك به‌ چوار مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ـی ئایاری عێراق تا ئێستا نه‌توانراوه‌ گه‌وره‌رترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ‌ له‌ عێراق دروستبكرێت, هاوپه‌یمانی سائیرون كه‌ براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ رایده‌گه‌یه‌نن به‌ بێ‌ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ حكومه‌ت له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌كان پێكده‌هێنرێت هیچ لایه‌نێك نابێته‌ ئۆپۆزسیۆن.

هاوپه‌یمانی سائیروون به‌سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در، ئه‌مڕۆ شه‌مه‌، ڕای گه‌یاند، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌نێوان خۆیاندا له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌ت ڕێك ده‌كه‌ون، به‌بێ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی دیاری بكه‌ن. جه‌ختیشی كرده‌وه‌، هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ حكوومه‌تدا به‌شدار ده‌بن و، ئۆپۆزسیۆن، دروست نابێت.

یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌، ڕای گه‌یاندووه‌: “هه‌ردوو هاوپه‌یمانی بینا و ئیسڵاح، له‌نێوان خۆیاندا حكوومه‌ت پێكده‌هێنن و هیچ لایه‌كیان نابێته‌ ئۆپۆزسیۆن”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، كه‌ به‌بێ دیاریكردنی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی و ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، كابینه‌كه‌ پێكده‌هێندرێت و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش به‌شدار ده‌بن.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی هاوپه‌یمانێتی سائیرون، كه‌ داوای كردووه‌، ناوی بڵاو نه‌كرێته‌وه‌، گوتیشی: “ئیسڵاح و بینا له‌نێوان خۆیاندا ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ به‌ سازان دیاری بكرێن، بۆیه‌ له‌یه‌كتێگه‌یشتنه‌ سیاسییه‌كان، كارئاسانی بۆ دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیران، ده‌كات”.

ئاشكراشی كرد، كه‌ پرسی پێكهێنانی حكوومه‌ت، یه‌كلا بووه‌ته‌وه‌ و له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا، ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت.

لای خۆیه‌وه‌، هاوپه‌یمانێتی نه‌سر، به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ده‌بێت لایه‌نه‌كان پابه‌ندی ده‌قه‌ ده‌ستوورییه‌كان بن بۆ دیاریكردنی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی پێش ئه‌وه‌ی سه‌ركۆمار، كه‌سێك بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت ڕابسپێرێت.

هاوپه‌یمانێتی نه‌سر، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكیدا له‌باره‌ی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی و ده‌نگۆی كاندیدكردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، ڕای گه‌یاندووه‌: “ڕاسپاردنی هه‌ر كاندیدێك بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت به‌بێ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی، دیاری بكرێت، پێشێلكردنی ده‌ستووره‌”.

Back to top button