ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر هێرشی داعش بۆ سەر كەركوك چەند زانیاریەك ئاشكرا دەكات

خواكوڕك
لە راگەیاندراوێكدا كە ئەمرۆ 23ی 10ی 2016 بڵاوی كردۆتەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان چەند زانیاریەك لەبارەی هێرشی داعش بۆ سەر كەركووك ئاشكرا دەكات و لەراگەیاندراوەكە دا هاتووە ئەم تیرۆریستانە توانیویانە لە بۆشاییەکی نێوان داقوق و بەشیر سوود وەرگرن و دەستە دەستە چەکدارەکانیان لە حەوێجەوە بهێننە نزیک شەریکەی تارق لە باشووری كه‌ركووك و دواتر تیرۆریستان کە ژمارەیان لە سەرووی سەد چەکدار بووە بە چوار بارهەلگری کیا و قەلابێک گواستراونەتەوە بۆ كه‌ركووك و بە سەر ئەو شوێنانە دابەشکراون کە کرانە ئامانجی هێرشە تیرۆریستیەکەیان. لێکۆلینەوە لەم کەسانە بەردەوامە و لە ماوەیەکی نزیکدا هاوولاتیانی خۆراگری كه‌ركووك و کوردستان لە ئەنجامەکان ئاگادار دەکەینەوە.

هەر لە راگەیاندراوەكە دا ئەنجوومەنی ئاسایش ناو وناسناوی تیرۆرستانی دەستگیر كراو ئاشكرا دەكات و تێیدا هاتووە، لە پەرچەکرداری هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە و خۆبەخشانی شاری كه‌ركووكدا، توانرا زۆربەی تیرۆریستان لە ناوەوە و دەرەوەی شار لەناو ببردرێن. هەروەها لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی ئاسایشی كه‌ركووك و ئاسایشی هەولێر، لە ناو شاری كه‌ركووكدا توانرا چەند تیرۆریستی بەشداربووی ئەم کردارە تیرۆریستیە دەستگیر بکرێن

دەقی راگەیاندراوەكە
ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
لە بارەی هێرشە تیرۆریستیەکەی ٢١/١٠/٢٠١٦ بۆ سەر شاری كه‌ركووك
دوای ئەوەی لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٢١/١٠/٢٠١٦ لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە هێرش کرایە سەر چەندین گەڕەکی باشووری شاری كه‌ركووك و قەزای دبس، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە بە پاڵپشتی جەماوەر، توانیان ئازایانە رەوشەکە کۆنترۆل بکەن و شکست بەو نیازەی داعش بێنن کە، بتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر خۆیان لە چەند گەڕەکێکی كه‌ركووكدا حەشار بدەن و بە دروستکردنی پشێوی گوایە گوشار لە سەر موسڵ کەم دەکەنەوە.
لە پەرچەکرداری هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە و خۆبەخشانی شاری كه‌ركووكدا، توانرا زۆربەی تیرۆریستان لە ناوەوە و دەرەوەی شار لەناو ببردرێن. هەروەها لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی ئاسایشی كه‌ركووك و ئاسایشی هەولێر، لە ناو شاری كه‌ركووكدا توانرا چەند تیرۆریستی بەشداربووی ئەم کردارە تیرۆریستیە دەستگیر بکرێن بە ناوەکانی:

1. ئەکرەم تاها عیدان ئەحمەد دلێمی، ناسراو بە ئەبو مستەفا، ئەمیری ئەمنیی کەرتی كه‌ركووكی داعش، بەشداربووی کردەوە تیرۆریستیەکە.
2. عەبدولرەحمان فازل عەبولرەحمان ئەلعززی، ناسراو بە ئەبو محەمەد بەرپرسی ئیداری و مالیی داعش لە ناو كه‌ركووك، بەشداربووی کردەوە تیرۆریستیەکە.
3. عەبدولعەزیز مەحمود عیدان دلێمی، ناسراو بە عەزاوی، بەشداربووی کردەوە تیرۆریستیەکە و کاری چاودێری پێشوەختەی ئامانجەکان.
4. عەبدولرەحیم ئەحمەد عەبدوللا یاسین، ناسراو بە ئەبو عەلی، هاوکاری ئیداریی تیرۆریستان بەر لە هاتنیان بۆ ناو شار و دواتر بەشداریی کردەوەکە.
5. لەیس فەلاح نعمە ئەحمەد جەبوری، ناسراو بە ئەبو غەسان، بەشداربووی کردەوە تیرۆریستیەکە و ئەندام لە کەتیبەی ئینغماسی.
6. عەبدولرەحمان فازل عەباس محەمەد عوبێدی، ناسراو بە ئەبو یەحیا، گواستنەوەی خۆکوژەکان بۆ دبس.
7. عەلی حوسێن حەمەد ئیبراهیم جەبوری، ناسراو بە ئەبو موحەمەد، داڵدەدانی تیرۆریستان و گواستنەوەیان.
8. موهەنەد ئیبراهیم عەلی دلێمی، ناسراو بە ئەبوو لەیس، بەشداربووی کردەوە تیرۆریستیەکە و گواستنەوەی تیرۆریستان بە قەلاب بۆ نزیک كه‌ركووك.
ئێستا لێکۆلینەوە لەم کەسانە بەردەوامە و بە پێی ئەنجامە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە، سەرپەرشت و پلاندانەری ئەم کردەوە تیرۆریستیە کەسێکە بە ناوی(مازن نەزهان ئەحمەد عەبدوللا ئەلعوبێدی ئەلریاشی) کە ناسراوە بە (ئەبو ئیسلام ئەنساری) ناوبراویش بە برینداری لە گەرەکی یەکی حوزەیران لە لایەن هاوولاتیانەوە دەستگیر کراوە و دراوەتە دەست لایەنە ئەمنیەکانی كه‌ركووك.

ئەم تیرۆریستانە توانیویانە لە بۆشاییەکی نێوان داقوق و بەشیر سوود وەرگرن و دەستە دەستە چەکدارەکانیان لە حەوێجەوە بهێننە نزیک شەریکەی تارق لە باشووری كه‌ركووك و دواتر تیرۆریستان کە ژمارەیان لە سەرووی سەد چەکدار بووە بە چوار بارهەلگری کیا و قەلابێک گواستراونەتەوە بۆ كه‌ركووك و بە سەر ئەو شوێنانە دابەشکراون کە کرانە ئامانجی هێرشە تیرۆریستیەکەیان. لێکۆلینەوە لەم کەسانە بەردەوامە و لە ماوەیەکی نزیکدا هاوولاتیانی خۆراگری كه‌ركووك و کوردستان لە ئەنجامەکان ئاگادار دەکەینەوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
٢٣/١٠/٢٠١٦

Back to top button