بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ هۆی شكستی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌رپرسێكی ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌

ئاریان تاوەگۆزی، سکرتێری ئەنجومەنی بەریتانیای بزووتنەوەی گۆڕان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نوسیویه‌تی و ده‌ڵێت : له‌ ڕوانگه‌ی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی و پاش ئه‌و شكسته‌ی ڕوبه‌ڕوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بویه‌وه‌ له‌ دوایه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بڕیارمدا ده‌ست له‌كار بكێشمه‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی ئێستایا به‌رپرسیارێتی سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وڵاتی به‌ریتانیای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانم له‌ ئه‌ستۆیه‌ و زیاتر له‌ دوو ساڵكیش به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ گشتیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوم له‌ به‌ریتانیا”.

له‌ به‌شێكی تری نوسینه‌كه‌یدا سکرتێری ئەنجومەنی بەریتانیای بزووتنەوەی گۆڕان ده‌شڵێت :”پێویسته‌ منیش و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌و شكسته‌ بكه‌ین و هیچ بیانو و به‌هانه‌یه‌ك نیه‌ كه‌موكوڕیمان له‌ سه‌ر ئاستی تاك و به‌ كۆمه‌ڵ وه‌ك ڕێكخراوێك بشارێته‌وه‌”.

ئاریان تاوگۆزی ڕاشیگه‌یاندووه‌ ” وه‌ك هه‌ڵسوڕاوێك له‌ بازنه‌ی شاری بێرمینگهام له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رده‌وام ئه‌بم و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌م كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ره‌و پێش به‌رێت و بتوانێت شایسته‌یی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستانی پێ ببه‌خشرێت”.

لای خۆشیه‌وه‌ شه‌وقی كانه‌بی بەرپرسی پێشووی ئۆفیسی هەولێری کەناڵی KNN لە هه‌ژماری تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویه‌تی و ده‌ڵێت:” لە دونیای دیموکراسی کاتێك حیزبێک وەک بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردن شکست دەخوات، سەرۆکی حیزبەکە و بەرپرسە دیارەکانی ڕاستەوخۆ دوای ئاشکرابوونی ئەنجامەکان دەستلەکاردەکێشنەوە. بەڵام عەلی حاسیبە و ئاغاکانی گردەکە پێناچێت ئاگاداری دونیا بن”.

 

 

 

Back to top button