عه‌بدوڵای مه‌لا نوری : ئێستا کاتی ئەوەیە رێکخەری گشتی و خانەی راپەراندن ئیستیقاله‌ بكه‌ن

بەپێی ئەنجامەكان دەنگەكانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە ، ئه‌وه‌ش دوای ئاشكراكردنی ئەنجامە بەراییە نافەرمییەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ،زۆرێك لە له‌ ئه‌ندامان و هه‌ڵسوڕاوانی گۆران گله‌یی و ناڕەزایەتیان دەربڕیووە و داوای دەست لە كاركێشانەوەی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن دەكەن.

عەبدوڵڵای مەلا نوری، ھەڵسوڕای گۆڕان و په‌رله‌مانتاری خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك له‌ نوسینێكیدا له‌ ژێر ناونیشانی ( داوای لێبوردن بکەن و ئیستیقالە بکەن) نوسیویه‌تی و ده‌ڵێت :” دو گروپ بەرپرسن لە پاشەکشەی گۆڕان:
یەکەم: بەڕێزان رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن ، بە هۆی لاوازی و خراپی سیاست و هەڵوێست شێوازی بەڕێوەبردنیان “.

عه‌بدوڵای مه‌لا نوری ڕاشیگه‌یاندووه‌ ” دوەم: گروپێکی ترن کە بەشێکیان هیچ پۆستێکی رێکخراوەییان نیە، ئەمانە بەهۆی لاوازی رێکخەرو خانەی راپەراندنەوە، لە دەرەوەی ئۆرگانە رەسمیەکانی گۆڕانەوە پرۆژەو بریاریان ئامادە دەکردو دەیانسەپاند. هەڵوێست و هەنگاوەکانی گروپی دوەم بە جۆرێک بو مەترسی لە سەر ناسنامەی بزوتنەوەکەش دروست کرد.

له‌ به‌شێكی تری نوسینه‌كه‌یدا په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان له‌ خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان نوسویه‌تی :” ئێستا کاتی ئەوەیە رێکخەری گشتی و خانەی راپەراندن داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان و گۆڕانخوازان بکەن و ئیستیقالە بکەن، هاوکات دەبێت رۆڵی خراپی گروپی دووەمیش کۆتایی پێ بهێنرێت”.

عه‌بدوڵای مه‌لا نوری هه‌ڵسوڕاوی گۆران ده‌ڵێت : لێرەوە داوا لە گۆرانخوازان و دڵسۆزانی گۆڕان دەکەین پشتیوانمان بن بۆ راستەرێکردنەوەی گۆڕان، بۆ دەوڵەمەندکردن و جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیەی کە پێشتر لە لایەن هەڵسوڕاوانی گۆڕانەوە پێشکەش کرا”.

هه‌وه‌رها ده‌شڵێت :” وەک ئەرکێکی رێکخراوەی و ئەخلاقی وگۆرانخوازانە ئەوەی پێمان کرا کردمان بۆ سەرخستنی گۆران لە هەڵبژاردنەکان، ئێستا ئیدی ئەرکی سەرشانمانە بە دەنگی بەرز کار بۆ گۆرانکاری ریشەیی لە گۆڕاندا بکەین، هەر پاساوهێنانەوەیەک بۆ بێ دەنگی و دواخستنی گۆڕانکاری ریشەیی لە ناو گۆڕاندا هەوڵە بۆ لە ناوبردنی گۆران”.

 

Back to top button