وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ باره‌ی پشووی رۆژانی شه‌ممه‌ بڕیاریدا.

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە ساڵی نوێی خوێندندا 120هەزار قوتابیی نوێ دەچنە پۆلی یەکەمی سەرەتایی و ڕوونکردنەوەی پێویستی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پشووی ڕۆژانی شەممە دا.

پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای لێدانی یەکەمین زەنگی خوێندن، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پێشبینی دەکرێ 120 هەزار قوتابیی نوێ ئەمساڵ بچنە پۆلی یەکەمی سەرەتایی و وەزارەت ئەوەی لە توانایدا هەبێ بۆ ئامادەسازی، کاری خۆی دەکا، بەڵام پرۆسەی پەروەردە درێژخایەنە و پێویستی بە پاڵپشتی هەیە.

ئەوەی نەشاردەوە کە هەموو ئومێدێک ئەوەیە ئەمساڵ گرفتە داراییەکان نەمێنن و بەو هۆیەشەوە گرفتەکانی دیکە بەرەو چارەسەرکردن دەچن.

لەبارەی دامەزراندنیشەوە پشتیوان سادق ڕوونی کردەوە: “دامەزراندن بەهۆی قەیرانی دارایی وەستاوە، پێشتر 5 هەزار مامۆستامان بە گرێبەست داناوە، ئەمساڵ پشت بە وانەبێژ دەبەستین. ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تایبەتمەندییان پسپۆڕیی پەروەردەیە”.

هەرچی پەیوەندی بە باڵاخانەی قوتابخانەکانەوە هەیە، پشتیوان سادق رای گەیاند کە ساڵانی ڕابردوو نزیکەی 2 هەزار باڵاخانەی قوتابخانەکانیان نۆژەنکردووەتەوە و ئێستاش هەوڵێکی جددی هەیە بۆ تەواوکردنی ئەو نزیکەی 300 قوتابخانەیەی کە نۆژەنکردنەوەیان وەستابوو. گوتیشی: “ئێستا پێویستیمان بە نزیکەی 400 باڵاخانەی قوتابخانە هەیە لە هەرێمی کوردستان کە ئەگەر 300 قوتابخانەکە نۆژەن بکرێنەوە، 100 باڵاخانەی دیکەمان پێویستە”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری پەروەردە ڕوونکردنەوەی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پشووی ڕۆژانی شەممە دا و ئاشکرای کرد: “لەبەر ئەوەی زۆر لە قوتابخانەکانمان دوو دەوامن، ناکرێ ڕۆژانی شەممە پشوو بێت. ساڵی ڕابردوو بۆ یەک ساڵ ڕۆژی شەممە کرا بە پشوو، بەڵام ئەمساڵ ڕۆژانی شەممەش دەوام دەکرێت و ئەمەش کار لە وانەکان دەکرێن. ئەگەر کێشەی بینامان نەما و دەوام بۆ دەوروبەری کاتژمێر 2 درێژ کرایەوە، دەکرێ رۆژانی شەممە پشوو بێت”.

Back to top button