ئهگهری دواخستنی كۆبونهوهی پهرلهمانی عێراق ههیه
بڕیاربوو دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ۲-۱۰-۲۰۱۸ کاتژمێر ۱:۰۰ـی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت، بەڵام سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە توویتێکدا کۆبوونەوەکەی بۆ کاژێر ۸:۰۰ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دواخست.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە توویتێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار نوسیویهتی و دهڵێت :” کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێر ۸:۰۰ـی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ۲-۱۰-۲۰۱۸ دواخرا”.
پەرلەمانی عێراق بە فەرمی بڵاویکردەوە، کە ۲٤ کەس لە کۆی ۳۱ بەربژێر مەرجی کاندیدبوونیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق هەیە، لە نێوایاندا ۸ کورد هەن، کە بریتین لە: د.فوئاد حوسێن، د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح، د. لەتیف رەشید، سەردار عەبدوڵڵا، د. عومەر بەرزنجی، سروەر عەبدولواحید و د. کەمال عزیزی قەیتولی و سەلیم شوکەیی.
د.فوئاد حوسێن بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کێبڕکێی بەهێزدا بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
بەشار کیکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گووتی :” پاڵپشت بە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی و پەیامی پشتگیری هێرۆ خان ،ئێمە تاوەکو دوایین ساتەکانیش هەوڵی کۆدەنگییەکی کوردی دەدەین ،کورد یەک بەربژێری نییە، کێبڕکێیەکە تەنها لە نێوان دکتۆر فوئاد و دکتۆر بەرهەم نییە، دکتۆر لەتیفیش بەربژێرە، جیا لە پارتی و یەکێتی بەربژێر دیکەش هەن”.
به گوێرهی دوایین زانیاری تائێستا نیسابی یاسایی ئهندامانی پهرلهمانی عێراق بۆ دهنگدان لهسهر سهرۆككۆماری نوێی عێراق تهواو نهبووه كه پێویستی به دهنگی ۲۲۰ ئهندام ههیه و ،ئێستا ۲۰۵ پهرلهمانتار كۆبونهتهوهو ۱۵ پهرلهمانتاری تری پێویسته بۆ تهواوكردنی نیسابی یاسایی پهرلهمانی عێراق .