شاناز ئیبراهیم یه‌كێتی باجی كاندید كردنی به‌رهه‌م ساڵح ده‌دات

 

دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی سوور بوو له‌سه‌ر كاندید كردنی به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق, كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی یه‌كێتی لێكه‌وتۆته‌وه‌ به‌ جۆرێك خوشکێکی ھیرۆ برایم ئەحمەدی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھێرش دەکاتە سەر کاندیدی حزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق و پ‌وێی وایە کەسێکی ”بێ وەفا، سپڵە و ھەزار پێ ناودەبات“.

شاناز برایم ئەحمەد، خوشکی ھێرۆ برایم ئەحمەدی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و ھاوسەری سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی لە وتارێکدا لێکترازان لەپێناو کورسیی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە ”ناڕەوا و نائاسایی“ دادەنێت.

شاناز برایم ئەحمەد، کە لەتیف رەشیدی ھاوسەری یەکێکە لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، ترسی خۆی لەوە نیشان داوە، کە ”یەکێتی ھەمدیس باجی بڕیاری کۆمەڵێک بێئەزموونی حزبی و سیاسی و سەرکردە ھەزار پێیەکانی ناو یەکێتی بدات“.

ئەو خوشکەی ھێرۆ برایم ئەحمەد پێی وایە بەرھەم ساڵح، کە کاندیدی فەرمیی یەکێتییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ”کەسێکی نەشیاوە“ و دەبێتە ھۆی ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق لەدەست یەکێتی بچێتە دەرەوە و حزبەکەی بخرێتە پەراوێزەوە.

شاناز برایم ئەحمەد لەو باوەڕە دایە بەرھەم ساڵح بێ وەفا بووە بەرامبەر جەلال تاڵەبانی، چونکە لەو کاتەی تاڵەبانی نەخۆشبوو و لە حاڵەتی کۆمادا بوو، ”ئەو زەلامە“ داوای کورسییەکەی جەلال تاڵەبانی دەکرد و بەرپرسانی عێراقیش پێیان راگەیاند، ”تاڵەبانی ھێشتا ھەر ھەناسە دەکێشێت، ئێمە ناتوانین ئەو بێ وەفاییەی بەرامبەر بکەین“.

شاناز برایم ئەحمەد لە وتارەکەیدا، بەرھەم ساڵح بە ”دکتۆر سپڵە“ و تێکدەری یەکڕیزیی ناو ماڵی یەکێتی و کورد ناودەبات، کە ”لە پێناو کورسیەکدا سەرەتا حزبەکەی خۆی (یەکێتی) و پاشان حزبە ساواکەی و ھاودیدانی فرۆشتبێت“.

ھەروەک ئەو خوشکەی ھێرۆ برایم ئەحمەد رایگەیاندووە، بەرھەم ساڵح سیمبولی نائارامی و تێکدانی یەکڕیزی و ئاشتییە لەناو یەکێتی و لە ھەرێمی کوردستان و سووربوونی یەکێتیش لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن بەرھەم ساڵحەوە بە زیانی حزبەکەی دەزانێت و دەپرسێت، ”ئایا ئەگەر سووربوون لەسەر ئەو کاندیدە بووە ھۆی شکانی یەکێتی لە بەغدا ئاخۆ ئەو کۆترە سپیانەی بەغدا لەڕوویان دێت جارێکیتر باسی پاراستنی یەکێتی وەک بیلبیلەی چاویان بکەن ؟! “.

پارتی بە فەرمی فواد حوسێنی وەک کاندیدی حزبەکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق راگەیاند و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی پارتی، بەرھەم ساڵحی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، کاندید کردووە.

لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی و فوئاد مەعسوم، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەڕێوە دەبەن.

ھەرچەندە ئەرکی سەرۆک کۆمار چاودێریکردنی جێبەجێکردنی دەستووری وڵاتە، بەڵام ئەو دوو سەرۆک کۆمارە نەیانتوانی گوشار بخەنە سەر حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی گرنگترین بڕگەی ئەو دەستوورە بۆ گەلی کوردستان، کە بریتییە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیسدارەی ھەرێمی کوردستان.

بەپێی تەوافوقی سیاسیی عێراق، کە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە پەیڕەو دەکرێ، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ کوردە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکھاتەی عەرەبی سوننە و سەرۆکایەتیی حکوومەتیش بۆ پێکھاتەی عەرەبی شیعەیە.

Back to top button