فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق راگه‌یێندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

 

دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو شاندی پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتبوون له‌سه‌ر كاندید كردنی فوئاد حسێن بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق, یه‌كێتی له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ پاشگه‌رز بویه‌وه‌, ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌كریزی كورد دروستده‌كات, له‌و باره‌یه‌وه‌ فراكسیۆنی پارتی راگه‌ێندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تی له‌ شێوه‌ی به‌رێوه‌چوونی پڕۆسه‌كه‌ ده‌ربڕی.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: “له‌وكاته‌دا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه،‌ كه‌ باوه‌ڕمان به‌ میكانیزمی دیموكراتیه‌ت و بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌یبینین و له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری عێراق تێبینی ده‌كه‌ین، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی رێككه‌وتنی نێوان كوتله‌ كوردستانییه‌كان ناگونجێت”.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: “ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك كاندید رێك بكه‌ون بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، یانیش به‌ هه‌ڵبژاردن له‌نێوان كوتله‌ كوردستانییه‌كان یه‌كلایی بكرێته‌وه، كه‌ هه‌رگیز ئه‌مه‌ رووینه‌دا!!!‌”.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: “هه‌ر بۆیه‌ لێره‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نین، كه‌ ئه‌و میكانیزمه‌ له‌لایه‌ی ئێمه‌وه‌ هه‌رگیز قابیلی قبووڵ نییه‌ و له‌ داهاتوودا هه‌ڵویستێكی روونمان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌بێت و ئه‌و لایه‌نانه‌ی رێككه‌وتنه‌كانیان پێشێلكردووه‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌و كاره‌یان له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن”.

جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه‌، “له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ كشاندنه‌وه‌ی كاندیدی خۆمان له‌و پرۆسه‌یه‌ راده‌گه‌یه‌نین”.

Back to top button