پارتی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ %65 ده‌نگه‌كانی زیاد كردووه‌

 

دوای ده‌ركه‌وتنی ئاكامه‌كانی هه‌ڵبژاردن, پارتی توانی زۆرترین كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست بهێنێت, بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە داتا و ژمارە ئاشکرای دەکات کە پارتی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەنگەکانی بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەرپڕسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای ھەڵەبجە بەسام عەلی ڕاگەیاندووه‌: “دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سنووری لقی ١٢ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەگەر بەداتا بەراوری دەنگەکانمان بکەین، لە ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراقدا ٨٤١٦ دەنگمان ھێناوە، بەڵام لەم ھەڵبژاردنەدا کۆی دەنگەکانمان بووەتە ١٣٣٦ دەنگ، بێگومان بەراورد بە ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراق ئێمە لە 65% دەنگەکانمان زیادی کردووە”.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی گوتیشی: “زیادبوونی دەنگەکانی پارتی بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێتەوە، ھۆکاری یەکەم ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان، خاوەنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بووە، بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی، ھەروەھا گڕوتینی پارتییەکان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ھەمیشە بەھێزترە وەک لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بێگومان گوتارە نیشتمانیەکەی پارتی و بەشداریکردنی سەرۆک بارزانی لە سەرپەرشتیکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەھۆکاری سەرەکی زیادکردنی دەنگەکانمان دەزانین”.

بەرپرسی لقی هەڵەبجەی پارتی ڕوونیشیکردەوە کە”ھۆکاری دووەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دەنگدەری کوردستان، بۆی دەرکەوت کە پارتی حزبێکی ڕاستگۆیە و لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەروە، پارتی دیموکارتی کوردستان، توانی جارێکی دیکە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بپارێزێت ئەو ئەزموونە بخاتەوە سەر پێی خۆی”.

ئاماژەی بەوەشدا: “لە ھەڵبژاردنەکەی پێشوودا کە دەنگدانی ئەلیکترۆنی دەنگی لایەنەکانی جیادەکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەوتاو تەزویرکرا بەڵام ئەمجارە پارتی دەنگی ڕاستەقینەی خۆی بەدەستھێنا دواجار بەھۆی کادیر و ئەندامان و بنەماڵەی شەھیدان و کەمئەدامانی سەنگەری سنووری لقەکەمان کە زۆر ماندووبون لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا بۆ ئەوەی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەربکەوێت، بێگومان ئەوانیش بەھەوڵ و ماندووبونی خۆیان توانیان دەنگەکانی پارتی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبکەنەوە”.

Back to top button