شاخه‌وان عه‌بدوڵا باسی دوا ساته‌كانی هه‌لبژاردنی سه‌رۆككۆماری عێراق ده‌كات

شاخەوان عەبدوڵا کە ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی لە بەغدا ، لە هه‌ژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک له‌ نوسینێكیدا له‌ ژێر ناونیشانی ( دواساتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار چی رویداو کێ سەرکەوت) نوسیویه‌تی و ده‌ڵێت :” لە سەرتاوە تاوەکو ئەنجامدانی پرۆسەکە پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆک لەگەڵ ئەوە بون کە کورد بەیەک کاندید بچێتە بەغدا بەڵام کاندید کردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەکێتی و بێ رێککەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان وایکرد پارتی کاندید بۆ ئەو پۆستە دەست نیشان بکات کە ئەویش بەرێز فواد حسین کەسایەتییەکی دڵسۆزو دەست پاکە “.

ئه‌ندامه‌كه‌ی شاندی دانوستاندنی پارتی له‌ به‌غدا ده‌شڵێت :” وای ئەوەش دیسان لەسەرفەرمانی جەنابی سەرۆک بۆ بەغدا بەرێکەوتین و رێنمای جەنابی ئەوە بو کە هەوڵبدەن بەیەک کاندیدی کورد بچنە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەوبابەتە لەنێوان نوێنەرانی خەڵکی کوردستان یەکلایبکەنەوە چونکە ئەگەر رێگە بە خەڵکی تر بدرێت کوردێک هەڵبژێرێت ئەوە ئەو کوردە هەڵدەبژێرن کە لەژێر کاریگەری ئەوان بێت “.

له‌به‌شێكی تری نوسینه‌كه‌یدا شاخه‌وان عه‌بدوڵا ئه‌ندامی خولی پێشوی په‌رله‌مانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی نوسیویه‌تی ”لەو کاتەی کە ئێمە خەریکی گفتوگۆ بووین لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان، کتلەی (ئەلبیناء) كە پێکهاتەکەی فەتح و میحوەری سوننەکان و دەوڵەتی یاسا بوون، داوای لێکردین کە رێکبکەوین لەگەڵ ئەوان و کاندیدەکەی پارتی سەربخەن بە گرەنتییەوە، بە مەرجێک ئێمە بچینە ناو ئەو کوتلەیە و وەکوو نوێنەری ئەوان و هەر هەمان رۆژ سەرۆک کۆمار بەربژێری ئەوان رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام ئێمە ئەوەمان ڕەتکردەوە کە بەربژێری خۆمان وەکوو بەرەی بینا رابگەیەنین، بەڵکو وەکوو کورد کاندیدمان دەبێت“.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا ڕوونیشی کردووەتەوە ده‌شڵێت : ”لەو ماوەیەدا چەند جارێک پاڤڵ تاڵەبانی و دوایین جاریش کۆسرەت رەسوول سەردانی ئێمەیان کرد و دواجار زانییان کە ئێمە ناچینە ژوورەوە، داوای ڕێککەوتنیان کرد و رێککەوتین کاندیدەکەیان بکێشێتەوە لە بەرامبەر هەندێک پۆستیتر، لەو کاتەدا بەشێکی تری یەکێتی هاوشێوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ کوتلەی بینا رێککەوتن و پێیان گوتن کە ئەوان ئامادەن لەگەڵیان رێکبکەون و کاندیدی ئەوان بەشێک بێت لە کوتلەکەی ئەوان، هەر دوای ئەمە، یەکسەر پەیوەندییان کرد کە ئەوان پاشگەزبوونەتەوە و دەچنە ناو پەرلەمان و دەستیان کرد بە پرۆسەی هەڵبژاردن بەبێ ئەوەی کاندیدی ئێمە بگاتە پەرلەمان، بۆیەش پارتی بڕیاری دا بکشێتەوە و رێگە نەدات نەیارانی گەلەکەمان نوێنەری کورد هەڵبژێرن“.

 

Back to top button