پوتین: داوا له‌ هێزی سه‌ربازی وڵاتان ده‌كات سوریا جێبهێلن به‌ رووسیاشه‌وه‌

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێشتان نا ئارامی له‌ سوریا به‌رده‌وامی هه‌یه‌, داعش له‌ به‌شێكی خاكی سوریا و هێزه‌ ئیسلامیه‌ توند ئاژۆكان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی دیكه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌, سه‌رۆكی رووسیا دووپاتیكرده‌وه‌، دوای سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆردا، پێویسته‌ سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌ركی سه‌رباییان له‌ سووریا هه‌یه‌ به‌ رووسیاشه‌وه‌، هێزه‌كانیان له‌و وڵاته‌ بكشێننه‌وه‌. ‌

ڤلادیمێر پوتین، له‌میانه‌ی دانیشتنی گشتی كۆڕبه‌ندی “هه‌فته‌ی وزه‌ی رووسیا”ـدا له‌ مۆسكۆ گوتی: “پێویسته‌ له‌ ئێستاوه‌ ئاماده‌كاری بۆ كشاندنه‌وه‌ی ته‌واوی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ سووریا به‌ ره‌زامه‌ندی دیمه‌شق بكرێت، كه‌ هێزه‌كانی رووسیاش له‌وه‌ به‌ده‌ر نابن”.

سه‌رۆكی رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، “ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بیه‌وێت هێزه‌كانی له‌ سووریا بمێننه‌وه‌، ده‌بێت ره‌زامه‌ندییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی یانیش داواكارییه‌كی دیمه‌شق بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ده‌ست بهێنێت”.

ئه‌م لێدوانه‌ی پوتین دوای ته‌نیا سێ رۆژ له‌ سێیه‌م ساڵیادی ده‌ستپێكردنی ئه‌ركی سه‌ربازی هێزه‌كانی رووسیا له‌ سووریا دێت، كه‌ دوای چوونی هێزه‌كانی رووسیا بۆ ئه‌و وڵاته‌، باڵانسی هێز له‌ سووریا له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و مه‌یدانی گۆڕا.

Back to top button