دانا محه‌مه‌د: بڕیاری تاك لایه‌نه‌ی یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار درزی خسته‌ نێو فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان له‌ به‌غدا

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ‌ به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك سه‌رۆكی كۆماری عێراق هه‌ڵبژێردرا پێچه‌وانه‌ ئه‌و عورفه‌ سیاسیه‌ی كه‌ پێشوتر سه‌رۆك كۆمار وه‌ك پشكی كور له‌ لایه‌ن هێزه‌ كوردستانیه‌كان هه‌ڵده‌بژێردرا, ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ره‌خنه‌ له‌ میكانزمی دانانی سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌گرێت و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، “ده‌بوایه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق بدرایه‌ به‌پارتی به‌پێی ئه‌وه‌ی كه‌ زۆرترین كورسی به‌ده‌ستهیناوه‌ یان ده‌بوو كوتله‌ كوردستانییه‌كان له‌نێوان خۆیاندا ئه‌م پرسه‌یان یه‌كلایی بكردایه‌وه‌”.

دانا محه‌مه‌د جه‌زا په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت “له‌ماوه‌ی 3 خولی پێشوودا پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق دراوه‌ به‌ یه‌كێتی و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پارتی پاڵپشتی و پشتیوانی كردووه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌دای باشیش نه‌بوبێت، به‌ڵام بۆ ئه‌م قۆناغه‌ پێیانباشبوو ئاڵوگۆڕێك له‌ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسییه‌كان و پۆسته‌كاندا بكرێت و ده‌رفه‌ت به‌حزبه‌كانی دیكه‌ش بدرێت بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ ئه‌و ئه‌ركه‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ”.

گوتیشی “ئاسایی بوو پارتی پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌ربگرێت به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن و رێژه‌ی كورسییه‌كانی له‌به‌غدا یان ده‌بوو فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ئه‌م پرسه‌یان چارسه‌ر بكردایه‌و له‌ هه‌ڵبژاردنێكی نێوانیاندا ده‌نگیان به‌و كاندیده‌ بدایه‌ كه‌ به‌په‌سه‌ندی ده‌زانن”.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق گوتیشی:” ، ئه‌گه‌ر لێكه‌وته‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بمێنێته‌وه‌و تێنه‌په‌ڕێندرێت ئه‌وا درزێكی گه‌وره‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا.

Back to top button