نێچیرڤان بارزانی چه‌ندین نهێنی ئاشكرا ده‌كات، شێوازی پارتی بۆ دروست كردنی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌، 4ی 10ی 2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا رایگه‌یاند”داواى له‌ خه‌ڵكى كوردستان كرد، له‌ كاتى راگه‌ياندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن ته‌قه‌ نه‌كه‌ن، راشيگه‌ياند، سه‌قامگيرى و ئاسايشى خه‌ڵك زۆر گرنگه‌ و ديارده‌يه‌كى زۆر ناشيرينه‌ ته‌قه‌ بكرێت”.

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: پۆستى سه‌رۆكى كۆمارى ئيستحقاقى كورده‌ و ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ئه‌وه‌ بوو يه‌كڕيزى كورد تێك نه‌چێت، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمار گوتیشی” پۆستى سه‌رۆك كۆمار هى هيچ لايه‌نێك نييه‌ و نه‌ هى يه‌كێتييه‌ و نه‌ هى پارتييه‌ و ئه‌وه‌ ئيستحقاقى گه‌لى كوردستانه‌.

بارزانی هه‌روه‌ها له‌كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ رایگه‌یاند”به‌ بۆچوونى ئێمه‌، وه‌ك پارتى، ئه‌وه‌ بووه‌، ئه‌م پرسه‌ پێويسته‌ له‌ ناو كوتله‌ كوردستانييه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران يه‌كلا بكرێته‌وه‌. ئێمه‌ ئه‌و ميكانيزمه‌مان پێخۆش بوو. هۆيه‌كه‌شى زۆر ساده‌يه‌، چونكه‌ پێشتر له‌ ده‌ورانى ديكه‌ش ئه‌مه‌ كراوه‌. له‌ خولى پێشووش هه‌بوو. له‌ نێوان دوو كانديدى ناو يه‌كێتى كێشه‌ درووست بوو، به‌ ده‌نگدان له‌ناو كوتله‌ كوردستانييه‌كان يه‌كلا كرايه‌وه‌. ئه‌وه‌ى زۆر جێى نيگه‌رانييه‌ به‌ نسبه‌ت ئێمه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌ستپێكردنێكى مه‌ترسيداره‌. مه‌ترسييه‌كه‌شى له‌وه‌دايه‌ ئه‌م پۆسته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى كوردستان و هێزه‌ سياسييه‌كانى كوردستان خه‌ڵكى ديكه‌ ده‌نگى بۆ بده‌ن. ئه‌گه‌ر نا پۆستى چى و حاڵى چى و ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ كه‌ى بايه‌خمان هه‌بووه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ و خۆمان نوكته‌مان له‌سه‌رى ده‌وت و هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌. ئێمه‌ داوامان كردووه‌، يه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ كێشه‌يه‌ له‌ به‌ينى هێزه‌ سياسييه‌كانى كوردستان، با كوتله‌ كوردستانييه‌كان دابنيشن و يه‌كێك ديار بكه‌ن. ئه‌مه‌ رێگه‌ى درووست بوو، تصورى خۆتان بكه‌ن، چوار ساڵى ديكه‌، يان هه‌شت ساڵى ديكه‌ كه‌سێكى ديكه‌ى كورد خۆى كانديد ده‌كات، به‌ڵام هيچ په‌يوه‌ندى به‌ هه‌رێمه‌وه‌ نييه‌، ئه‌مه‌ى كه‌ براده‌رانى يه‌كێتى كرديان بۆ ئاينده‌ى وه‌زعى كوردستان مه‌ترسيداره‌.

نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها گوتى: راشكاوانه‌تر قسه‌ بكه‌م، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ داواى پۆستمان كردبا، ته‌نانه‌ت وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ش داوايان ده‌كرد، من خۆم كانديد بكه‌م بۆ ئه‌و پۆسته‌، نه‌مان كردووه‌، چونكه‌ پرسه‌كه‌ شه‌خسى نييه‌. من نيم، ئێمه‌ ئه‌سڵى شێوه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارمان پێ هه‌ڵه‌يه‌. له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئيراده‌ى كوردى خه‌ڵكێك بێن و ده‌نگ بده‌ن. شيعه‌كان توانيان خۆيان يه‌كلا بكه‌نه‌وه‌. ئێمه‌ش پێمان ناشيرين بوو به‌ دوو كانديد بچينه‌ هۆڵى په‌رله‌مانه‌وه‌. له‌ لايه‌كى ديكه‌وه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ براده‌رانى يه‌كێتى به‌رده‌وام له‌ قسه‌ كردندا بووين. هه‌موو مرونه‌تێكمان بۆ براده‌رانى يه‌كێتى پيشاندا. هه‌رچى ويستيان وتمان ئێمه‌ رازين، به‌ڵام به‌مه‌رجێك به‌ يه‌ك كانديده‌وه‌ بچينه‌ به‌غدا. له‌ كۆتاييدا خۆيان داوايان له‌ ئێمه‌ كرد، ئێمه‌ هه‌ندێك له‌ پۆسته‌كانى هه‌رێميشيان بده‌ينێ. ئه‌ويش وتمان باشه‌ لاريمان نييه‌، ته‌نيا بۆ ئه‌وه‌ى يه‌كڕيزييه‌كه‌ تێك نه‌چێت و نه‌چێته‌ قاڵبى ئه‌وه‌ى كێ ده‌نگى زۆرتره‌ و كێ ده‌نگى كه‌متره‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى كوردستان نييه‌ و نيگه‌رانى ئێمه‌ له‌وه‌وه‌ بوو. مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌ نييه‌ پارتى شكستيهێناوه‌ به‌رامبه‌ر يه‌كێتى. هه‌موو گه‌لى كورد زيانى به‌ركه‌وت له‌و ئيشه‌ى تاكلايه‌نه‌ يه‌كێتى كردى و ئه‌مه‌ ده‌ستپێكێكى باش نييه‌ بۆ كورد، سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شبوونى هه‌رێمى كوردستان، نێچيرڤان بارزانى گوتى: كه‌س باسى دوو ئيداره‌يى نه‌كات. ئێمه‌ قه‌واره‌يه‌كى ده‌ستووريمان هه‌يه‌. ئێمه‌ وه‌ك هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بين. به‌ دڵنياييه‌وه‌ ئيحتيماله‌ شته‌كان وه‌ك خۆى نه‌بن. ئه‌گه‌ر سه‌يرى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ين، ئه‌و شتانه‌ى ده‌بوايه‌ ئێمه‌ وه‌ك پارتى يه‌كلايه‌نه‌ بڕيار بده‌ين به‌ هاوبه‌شى بڕيارمان لێداون. پێكه‌وه‌ حكومه‌تمان پێكهێناوه‌ له‌ كاتێكدا كورسييان كه‌متر بووه‌ له‌ پارتى و ئێستا وا پێده‌چێت، براده‌ران زياتر به‌ره‌و زۆرينه‌ و كه‌مينه‌ ده‌چن و بێگومان پارتيش له‌ حساباتى خۆى به‌راوردى ئه‌و شتانه‌ ده‌كات و له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كى نوێ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ يه‌كێتى ده‌كات، به‌ڵام دوو ئيداره‌يى مه‌وزوع نييه‌.

نێچيرڤان بارزانى زياتر له‌ باره‌ى پرسى يه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك كۆمار گوتى: ئێمه‌ نه‌مانويستووه‌ له‌به‌رده‌م لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان له‌ناو خۆماندا شه‌ڕى پۆست بكه‌ين. ئێمه‌ پێمان وتن، ئێوه‌ ده‌توانن جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و وه‌زاره‌تێكى سيادى هه‌ڵبگرن و له‌به‌رامبه‌ردا 12 ساڵه‌ ئه‌و پۆسته‌ له‌ ده‌ست يه‌كێتييه‌ با ئه‌م چوار ساڵه‌ له‌ ده‌ست پارتى بێت و هه‌وڵمان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى كورد بووه‌. له‌ ئه‌نجامدا ئه‌وان له‌سه‌ر پێشنيازێك هاتن و وتيان ئه‌گه‌ر قبوڵى بكه‌ن، له‌ هه‌رێمى كوردستان زياتر نه‌رمى بنوێنين بۆ پێدانى پۆست، ئێمه‌ رازى بووين كه‌ نه‌رمى زياتر بنوێنين و وتمان ئاماده‌ين و واژووى ده‌كه‌ين و ته‌نانه‌ت سه‌رۆكايه‌تى و سه‌رۆكايه‌تى حكومه‌ت باسكرا. يه‌كێتى هێزێكى ئه‌ساسييه‌ و نامانه‌وێت به‌ينمان تێك بچێت و هێزى ئێمه‌ له‌و ده‌نگانه‌يه‌ كه‌ خه‌ڵك پێى داوين و هێزى ئێمه‌ ئه‌و پۆسته‌ نييه‌ كه‌ هيچ ده‌سه‌ڵاتێكى نييه‌ و سه‌نگى پارتى لێره‌يه‌ و به‌ لاى ئێمه‌وه‌ هيچ گرنگ نه‌بوو. پێمان گرنگ بوو يه‌كڕيزى تێك نه‌چێت و هه‌موو پۆسته‌كانى ئه‌وێ وتمان با بۆ ئێوه‌ بێت و له‌ هه‌رێميش نه‌رمى ده‌نوێنين، به‌ڵام ئه‌وان يه‌كڕيزييه‌كه‌يان هه‌ر تێكدا.

نێچيرڤان بارزانى زياتر گوتى: به‌ نسبه‌ت ئێمه‌وه‌ به‌غدا پايته‌ختى عێراقه‌ و يه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك كۆمار به‌ ته‌وافق نه‌بووه‌ و به‌ ده‌نگدان بووه‌ و ئه‌و حه‌قه‌ش ده‌بێت به‌ زۆرينه‌ى په‌رله‌مانى هه‌رێم بدرێت، كه‌ به‌ ميكانيزمى ته‌وافق حكومه‌ت پێكنه‌هێنرێت و به‌ ميكانيزمێكى ديكه‌ حكومه‌ت پێكبهێنێت، دووپاتيشيكرده‌وه‌، به‌غدا زۆر باش ده‌زانێت بڕيارى سياسى له‌ كوردستان لاى كوێيه‌ و دڵيان له‌ هه‌ر كوێيه‌ك بێت، عه‌قڵيان لاى هه‌ولێره‌.

سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانى حكومه‌تى هه‌رێميش گوتى: دواى راگه‌ياندنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن به‌ گوێره‌ى ياسا براوه‌ى يه‌كه‌م راده‌سپێردرێت حكومه‌ت پێكبهێنێت و به‌ ته‌ئكيد ئه‌وه‌ى له‌ به‌غدا روويدا، كاريگه‌رى له‌سه‌ر هه‌رێم ده‌بێت و ئێمه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ هه‌ڵوێستى خۆمان ده‌كه‌ين و وه‌ك رابردوو ناكه‌ين و به‌ ته‌ئكيد به‌ شێوازێكى نوێ حكومه‌ت پێكده‌هێنين، له‌ باره‌ى كه‌ركووكيشه‌وه‌ گوتى: ئێمه‌ نيگه‌رانين له‌ ره‌وشى كه‌ركووك و بۆ ئه‌وه‌ش باشتره‌ پرسيار له‌ ئه‌نجامده‌رانى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر بكرێت.

Back to top button