شێخ مسته‌فا شێخ عه‌بدولره‌حمان، سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان

دوای ئه‌وه‌ی له‌ رابردوو شاندێكی باڵای وه‌به‌رهێنانی سعودی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد, سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان دەڵێ، ھەردوو وڵاتی سعوودیا و کوێت بڕیاریان داوە کۆمپانیاکانیان ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکەن بە مەبەستی کارکردن لە کەرتی وەبەرھێنان و بازرگانیدا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بە ھۆی سزاکانی ئەمریکاوە ئێران ھاوردەکردنی ھەندێ کەلوپەلی بۆ دەرەوە قەدەغە کردووە.

شێخ مسته‌فا شێخ عه‌بدولره‌حمان، سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتووه‌: “ھەردوو وڵاتی سعوودیا و کوێت ھەموو کارئاسانییەکیان کردووە تا وڵاتەکانیان بەرھەمی پێویست ڕەوانەی کوردستان بکەن و ئێستا بەشێک لە بەرھەمی بازاڕی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەتی خۆراک، لە سعوودیا و کوێتەوە ھاوردە دەکرێت.”

ئاماژەیشی دا: “ئەمساڵ ژمارەیەکی بەرچاو کۆمپانیای سعوودیا ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان و بڕیارە قەبارەی بازرگانی و وەبەرھێنانی سعوودیا و کوێت لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە، چونکە ھەردوو وڵات ڕۆڵیان دەبێت لە پێشخستنی کەرتی بازرگانی و وەبەرھێناندا.”

Back to top button