موقته‌دا سه‌در داوامانكردووه‌ هیچ كه‌سێك له‌ لیسته‌كه‌مان نه‌كرێت به‌ وه‌زیر

 

دوای ئه‌وه‌ی عادڵ عه‌بدولمه‌هدی راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق, موقته‌دا سه‌در سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در رایگه‌یاند، سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێیان سه‌ربه‌ست كردوه‌ و داواشیان لێكردوه‌ هیچ كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌ ئیئتیلافی سائیرون نه‌كات به‌وه‌زیر.
سه‌در له‌ئه‌كاونتی خۆی له‌ تویته‌ر نوسیویه‌تی “هه‌نگاوه‌كانی چاكسازیمان ده‌ستپێكردوه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی بتوانین ده‌یگه‌یه‌نینه‌ كۆتایی، سوپاسی سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ش ده‌كه‌ین، كه‌ پشتگیریان كردوه‌”.
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی رونكردۆته‌وه‌، كه‌ توانیویانه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو سه‌ربه‌خۆ بكه‌ن و جیای بكه‌نه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی حكومه‌ته‌كانی پێشوو، هه‌روه‌ها ئامۆژگارییان كردووه‌ كابینه‌كه‌ی به‌بێ هیچ گوشارێكی حزبی و دابه‌شكاریه‌كی تاییفی یاخود ئیتنی پێكبهێنێت.
سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در ده‌شڵێت “داوامان لێكردووه‌ هیچ كه‌سایه‌تیه‌ك له‌ لیسته‌كه‌مان دیاری نه‌كات بۆ پۆستی وه‌زیر، هه‌روه‌ها رێكه‌وتووین ماوه‌ی ساڵێكی بده‌ینێ بۆ سه‌لماندنی تواناكانی له‌به‌رده‌م خوداو گه‌لی عیراقدا”.
د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق پاش هه‌ڵبژاردنی بۆ ئه‌و پۆسته‌، ده‌ستبه‌جێ د.عادل عه‌بدولمه‌هدی راسپارد بۆئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی 30 رۆژدا كابینه‌ی وزاری پێكبهێنێت.

Back to top button