پیلانێكی مەترسیدار لەئارادایە خواكوڕك ئاشكرا دەكات
خواكوڕك
لەماوەی چەند رۆژی رابردوو لە كاتی هێرشی داعش بۆ سەر شاری كەركووك چەند سیناریۆیەك لەئارادایە، كە هەوڵەكان بۆ تێكدانی یەكرێزی هێزەكانی پێشمەرگەیە، لەو باریەوە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی هۆشداری دەدەن.
شێخ جعفەر شێخ مستەفا لە لێدوانێكی دا لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە كە لەلایان گۆڕانەوە كراوە، هۆشداری دەدات و دەلێت ئەمە هەوڵێكی مەترسیدارە بۆ دوو بەرەكی دروست كردن لەناو هێزەكانی پێشمەرگە ودەلێت ئەگەر چی كارێكی قێزەون و دوورە لە رەوشت، بەڵام لەهەمان كاتیش هەوڵێكی مەترسیدارە كە دەیانەوێت یەكرێزی پێشمەرگە بشكێنن.
عەبدوڵای کوێخا موبارەک، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لە چەمچەماڵ، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، تۆمارە ڤیدیۆییەکەی بڵاو کردەوە و لەگەڵیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کارەکەیان لەلایەن لیوای 3ی تایبەتیی کۆسرەت ڕەسول عەلی و هێزێکی خۆبەخشی عەبدوڵای کوێخا موبارەکەوە ئەنجام دراوە،
هەر لەسەر ئەو پرسە سەڵاح دەلۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی گەرمیان دەلێت كەسانێک دەستیان کەشف بووە و لە دروستکردنی ئەو سیناریۆیە ئاشکرا بوون، ئێستا دەیانەوێت بابەتەکە بخەنە ئەستۆی لیواکەی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی کە پێیمان وایە ئەمە دروستکردنی ئاژاوەیە”. جەختیشی لەوە کردەوە: “هەر لیوا یان فەوجێک لەژێر فەرمانی کەسێک دایە، ئەویش کۆسرەت ڕەسوڵ عەلییە کە خۆی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، چۆن دێت لەگەڵ گرووپێکی چەکداری، بەشداری سیناریۆیەک دەبێت؟ بۆیە ئێمە پێمان وایە کە ئەمەی کراوە، مەترسییە دەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت.
پێشتر چەند میدیایەكی كوردی نزیك لە رژێمی ئێران بڵاویان كردەوە كە قاسم سلێمانی لەسلێمانیە دەیەوێت سەرپەرشتی هێزی پێشمەرگە بكات لە شەڕی مووسڵ، هەر لەسەر ئەو پرسە ماڵپەرێكی كوێتی دەلێت قاسم سولێمانی لەسلێمانیە و ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هێزێك بكات بۆ شەڕی مووسڵ، هەروەها ئەو مالپەرە ئاشكراشی دەكات، كە قاسم سولێمانی دەیەوێت خاكی كوردستان بەكار بهێنێت، بۆ گواستنەوەی ئەو هێزەی كە سەرپەرشتی دەكات.
بەگوێرەی زانیاریەكانی دەستی خواكوڕك كەوتووە رێگای بەشداری كردنی هێزەكان لە شەڕی مووسڵ لەنێوان ئەمریكا و هێزەكانی پێشمەرگە دابەش كراوە، پێنج رێگا لەدەستی پێشمەرگەیە یەك رێگا لە گەیارە لەدەستی ئەمریكایە، بۆیە هەر هێزێك بیەوێت بەشداری شەڕی مووسڵ بێت دەبێت لەو رێگایانەوە تێپەرێت ئەگەررەزامەندی ئەو دوو لایانە واتا ئەمریكا و پێشمەرگەی پێ نەبێت ناتوانێت بەشداری ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵ كردنەوەی مووسڵ بكات.
پێشتر خواكوڕك هەواڵێكی بلاو كردەوە لەبارەی پەیوەندی هێرشی داعش بۆ سەر شاری كەركووك لەكاتێكدا بووە كە قاسم سولێمانی لە سلێمانی بووە، لەو كاتە چەندین دیداری سەربازی و سیاسی لەو شارە ئەنجام داوە.
سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن كە هاتنی قاسم سولێمانی و هێرشی كەركووك لەلایان داعشەوە پەیوەندیان بەیەكەوە هەیە، چونكە گومان دەكرێت ئەو رێگایەی داعش پێیدا هاتۆتە ناو كەركووك، لەلایان حشدی شەعبیەوە چاو پۆشی لێ كرابێت ئەوە لەكاتێكدایە كە گومان لە باڵێكی ناو یەكێتییش دەكرێت كە لە دیوی هێزەكانی ئەو باڵەشدا چاو پۆشی لێكرابێت.
هەر لە هەواڵێكی خواكوڕك دا پێشتر ڤیدیۆیەك بڵاو كرایەوە كە خەڵكی كەركووك، لەناو جەرگەی شەڕ دژی داعش لەكەركووك راستی ئاشكرا دەكەن و دەلێن، كوا نەجمەدین كەریم كوا دژە تیرۆر و كوا مەلبەندی یەكێتی .
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە هێرشەكەی داعش بۆ سەر كەركووك، پەیامێكی قاسم سولێمانی دەچێت بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و ئەمریكا كە ئەگەر رێگری لە هێزەكەی بكەن ئەوا كەركوك دەخاتە ژێر مەترسیەوە.
پێشتریش چەند میدیایەكی كوردی نزیك لە رژێمی ئێرانی بڵاو كرایەوە لە سلێمانی كە قاسم سولێمانی سەرپەرشتی هێزی پێشمەرگە دەكات. بەڵام چاودێرانی سیاسی دەلێت ئەمە هەوڵێكی ترە كە شكاندنی یەك رێزی هێزەكانی پێشمەرگە لەبەرەكانی جەنگ، كە هێزەكانی سەر بەیەكەی 70 و 80 بەیەكەوە بەشداری ئۆپرسیۆنەكانی رزگار كردنی مووسڵ بوونە.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن هەوڵێكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی تەفرەقە بخرێتە ناو یەكرێزی هێزەكانی پێشمەرگە كە سەرەتا لە كەناڵی ئێن ئارتی لەلایان دوو هەڵسوراوی گۆڕان دەستی پێكرد كاتێك هێرشیان كردە سەر پێشمەرگە و پێشمەرگەیان بە ترسنۆك ناو برد.
رووداوەكەی كەركوك و سیناریۆكان و هیرشكردنە سەرپێشمەرگە و هاتنی قاسم سولێمانی بۆ سلێمانی گومانی زیاتر خستۆتە سەر هەوڵەكان كە بۆ ئامانجی لەناو بردنی یەكرێزی پێشمەرگە لەبەرەكانی جەنگ دەدرێت.