فشار ده‌خرێته‌ سه‌ر عه‌بدولمه‌هدی و ئاسته‌نگی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م حكومه‌ته‌كه‌یدایه‌

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، رووبه‌ڕووی چه‌ندین ئاسته‌نگ و كۆسپی جیاواز ده‌بێته‌وه‌، له‌ ئه‌گه‌ری گوشاره‌كان و نه‌توانینی جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندا حكوومییه‌كه‌ی ناچار ده‌بێت “ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌”، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و هاوپه‌یمانی سائیروون رایگه‌یاندووه‌، ئه‌وان هیچ پۆستێكیان له‌ حكوومه‌ته‌كه‌یدا ناوێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ عه‌بدولمه‌هدی، بۆ وێبسایتی “عه‌ره‌بی پۆست” ده‌ڵێت: “ئێستا عه‌بدولمه‌هدی زیاتر وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆ چاوی لێده‌كرێت، له‌لایه‌ن هێزه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران كاندیدكراوه‌، هیچ گومانێكی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر نییه‌ و له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ و دادگاكانیش تۆمه‌تبار نه‌كراوه‌”.

سه‌رچاوه‌ نزیكه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌شڵێت :مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان، پشتیوانی عه‌بدولمه‌هدی كردووه‌ و بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندیدی كردووه‌، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی موقته‌دا سه‌در و هادی عامری بووه‌، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ندین دیدار و دانیشتنی چڕوپڕ، گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌.

رائید فه‌همی، سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی سائیروون بۆ “عه‌ره‌بی پۆست” ڕایگه‌یاند: “ئه‌زموونه‌كانی رابردوو له‌ ئیداره‌دانی حكوومه‌ت شكستیان هێناوه‌، هیچ پێشكه‌وتنێك له‌ رووی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانی وه‌دینه‌هاتووه‌، كه‌ ۱۵ ساڵ به‌سه‌ر رووخانی رژێمی سه‌ددام حوسێندا تێپه‌ڕیوه‌، ده‌ستنیشانكردنی عه‌بدولمه‌هدی له‌ رێگه‌ی رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان هاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك هه‌ڵبژێرن و سه‌ربه‌ستی بكه‌ن له‌ چۆنیه‌تی پێكهێنانی حكوومه‌ت، به‌و جۆره‌ش رێگری له‌ ده‌ستێوه‌ردانی حزبی ده‌كرێت”.

سه‌ركرده‌كه‌ی هاوپه‌یمانی سائیروون ده‌شڵێت: “جگه‌ له‌ گرفته‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردوو، به‌ڵام عادل عه‌بدولمه‌هدی، رووبه‌ڕووی چه‌ند ئاسته‌نگێكی دیكه‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت، چونكه‌ داوای كردووه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هاوكاری بكه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنی وه‌زیره‌كان و پێكهێنانی حكوومه‌ت، هه‌رچه‌نده‌ له‌ پشك پشكێنه‌ی حزبی ده‌رنه‌چووینه‌، به‌ڵام هێزه‌ سیاسییه‌كان لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێیان هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و بڕیاریانداوه‌ هاوكاری بكه‌ن”.

لای خۆیه‌وه‌ حامد موسه‌وی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ هاوپه‌یمانێتی فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری ده‌ڵێت: “وه‌زیره‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وه‌زاره‌ته‌كانیاندا تووشی شكست ده‌بن، چونكه‌ هه‌ندێك له‌ حزبه‌كان دژایه‌تییان ده‌كه‌ن”.

موسه‌وی گوتیشی :” وه‌زیره‌ سه‌ربه‌خۆكان توانای كاركردنیان نابێت، چونكه‌ هیچ هێز و كوتله‌یه‌كیان نییه‌ پاڵپشتیان بكات، كاری دیموكراسی له‌ زۆربه‌ی وڵاته‌كان وایه‌ رێگه‌ به‌ حزبه‌كان دراوه‌ حكوومه‌ت پێكبهێنن، چونكه‌ وه‌زاره‌ته‌كان دووچاری شكست ده‌بنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بێت و وه‌زیره‌كانیان بێلایه‌ن بن”.

Back to top button