سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر: به‌ نوسراو داوامان له‌ په‌رله‌مانكردووه‌ داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دیاریبكرێت

 

دوای ئه‌وه‌ی وادە یاساییەكەی ئەنجومەنی پارێزگاكان تەواو بوو، له‌ ئێستادا ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان توانی كۆبوونه‌وه‌و چاودێری كردنیان نه‌ماوه‌, سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێریش ده‌ڵێت، وەكو ئەنجومەنی پارێزگا بە نووسراوی فەرمی پەرلەمانی كوردستانمان ئاگادار كردووە، بۆ ئەوەی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاری بكرێت.
عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاندووه‌:” وادە یاساییەكەی ئەنجومەنی پارێزگاكان تەواو بووە، وەكو ئەنجومەنی پارێزگا بە نووسراوی فەرمی پەرلەمانی كوردستانمان ئاگادار كردووە، لە ناو باڵەخانەی ئەنجومەن دەوامی ئاسایی خۆمان دەكەین، بەڵام ناتوانین كارەكان ڕابپەڕێنین، چونكە وادەی یاساییی ئەنجومەنی پارێزگاكان تەواو بووە، ئەویش چوار ساڵ بوو، دوای ئەوەش بە پێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان 90 ڕۆژی دیكە ئۆتۆماتیكی زیاد كرا، ئێستا ئەو 90 ڕۆژەش تەواو بووە، بۆیە وەكو ئەنجومەنی پارێزگا تەنیا دەوامی فەرمیی خۆمان دەكەین، ئەگەر لە ڕێگەی پەیوەندیی شەخسی، یان هەندێك كاری كارگێری، ئەو نووسراوانەی كە پێویستن بكەین، ئەگەرنا ناتوانین بەدواداچوون بۆ پرۆژەكان بكەین، یان ڕێنمایی دەربكەین، یان كۆبوونەوەی ئەنجوومەن ساز بكەین، یان كۆبوونەوەی لیژنەكان بكەین.”

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر گوتیشی: “ئێستا چاوەڕوانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، دەبێ بڕیار لەسەر ئەنجومەنی پارێزگاكان بدات، ماوەی بۆ درێژ دەكرێتەوە، سڕ دەكرێت، یان هەڵدەوەشێتەوە، ئەوەش پێویستی بە هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 3ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2009 هەیە، بەڵام بە ڕای من دەبێ یاساكە هەموار بكرێتەوە، چونكە كەموكورتیی زۆرە، ئەگەر ئەوە بكرێت زۆر گرنگە ئەنجومەنی پارێزگاكان بمێنێت، لە هەمان كاتیشدا سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئەوانیش دەتوانن بە دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن وادەی كۆتاییهاتنی ئەنجومەن كۆتایی پێ بهێنن، چونكە دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە دەسەڵاتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیراندایە، بەڵام بۆ ئەوەی یاسا هەموار بكرێتەوە، پێویستە پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و یاساكە هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەوەی مەسیری ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاری بكرێت، بۆیە ئێمە ناتوانین هیچ هەڵوێستێك وەربگرین، چونكە ئەوە پرسێكی یاساییە و دەبێ پەرلەمان ئەو پرسە یەكلا بكاتەوە، تەنیا ئەوەی ئێمە دەكەین، ئەوەی هەیە لە باڵەخانەی ئەنجومەن دەوام دەكەین، تا ئەو كاتەی بڕیارێكی یاسایی دەردەچێت”.

Back to top button