یهكێتی بۆ وهرگرتنی پۆستی پارێزگاری كهركووك لهگهڵ عهرهب و توركمان رێكدهكهوێت پێچهوانهی بهڵێنهكانی رێككهوتنامهی پێشووتری لهگهڵ لایهن كوردستانیهكان
دوای ئهوهی بههۆی خیانهتی گرووپێكی یه كێـی له 16ـی ئۆكتۆبهری 2017 كهركووك له لایهن سوپای پاسداران و حهشدی شهعبی داگیركرا, له ئێستا یهكێتی له پیلانگێڕیهكانی دژ به ههرێمی كوردستان له كهركووك بهردهوامه, پێچەوانەی رێككەوتنی لایەنەكان لەسەر یەكگوتاری و یەكهەڵوێستی سەبارەت بە پرسی كەركووك، یەكێتی لەگەڵ توركمان و عەرەبەكاندا هەوڵی رێككەوتن دەدات.
١١ی٩ی ئەمساڵ، سەرجەم لایەنە كورستانییەكان لە كۆبوونەوەیەكیاندا، كە لە قەرەهەنجیر بەسترا، لەسەر یەكهەڵوێستی و یەكگوتاری سەبارەت بە دۆخی پارێزگاكە و كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رێك كەوتن و، لە پرێسكۆنفرانسێكیشیاندا رێككەوتنەكەیان بۆ رای گشتی راگەیاند.
لایەنەكان هاوڕا بوون لەسەر كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكە و جەختیشیان كردەوە، بڕوایان بە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكان هەیە، هاوكات نایشكرێت كوردستانیانی كەركووك وەك پێكهاتەیەكی سەرەكیی شارەكە، لە بواری ئەمنی و مەدەنیدا پەراوێز بخرێن، بەڵام وا یەكێتی چەند رۆژێكە هەوڵی پەراوێزخستنی هەندێ لایەنی كوردستانی دەدات.
محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی، راگەیاندووه: “لە میانەی كۆبوونەوەكەمان لە قەرەهەنجیر، بڕیاری سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكە بوو، پارتی و یەكێتییش لە دواكۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسیدا، بڕیاریان دا لیژنەی هاوبەش بۆ گفتوگۆ و پێشنیازەكان ئامادە بكەن، لیژنەكەیش كۆ بووەتەوە و هەندێ پێشنیازیان ئامادە كردووە، بەڵام بە هۆی ئەو بارودۆخە نوێیەی هاتووەتە پێش، كۆبوونەوە نەكراوە”.
بەرپرسی لقی ٣ی كەركووكی پارتی، ئاماژەی بە راگیرانی كۆبووەنەوەی دووەم كرد و، راشیگەیاند، تا ئێستا هیچ ئەمەلێك بۆ بەستنی كۆبووەنەوەكەیش نییە، هۆكارەكەیشی بۆ ئەو هەوڵە تاكلایەنەی یەكێتی گێڕایەوە، كە پێش چوار رۆژ لەگەڵ عەرەب و توركمانەكانی كەركووك كەوتووەتە گفتوگۆ سەبارەت بە دانانی پارێزگار و كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ئامادە نەبوو بگەڕێتەوە ئەو پارێزگایە و رایگەیاند، شارەكە لە ژێر سوڵتەی سەربازیدایە، دواتر فەرمانی دەسگیركردنی بۆ دەرچوو، وەك محەممەد خورشید ئاماژەی بۆ كرد، جارێكی دیكەیش فەرمانی دەسگیركردنی بۆ دەركراوەتەوە.
محەممەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەمەڕ هەوڵدانی تاكلایەنەی یەكێتی، راگەیاندووه: “كاتی خۆیشی رێككەوتنمان هەبووە و دوای ١٦ی ئۆكتۆبەریش رێككەوتنمان هەبووە، كە هەموو لایەك پێكەوە لەسەر بارودۆخی شارەكە، یەكهەڵوێست بین، بەڵام بە داخەوە، ئێستا تاكلایەنە یەكێتی كەوتووەتە هەوڵدان بە هەر رێگەیەك بێت، پارێزگار دابنێن”.
محەممەد كەمال، زانیاریی ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە یەكێتی داوای لە توركمان و عەرەبەكان كردووە، سەرەتا پارێزگار دابنێن، بەڵام ئەوان رەتیان كردووەتەوە و گوتوویانە، كە دەبێت سەرەتا سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا دابندرێت. مەترسیی یەكێتییشی لەو پێشنیازەی توركمانەكان خستە روو، كە ترسیان لەوەیە، ئەو پۆستەیشیان لە دەست بڕوات، لە كاتێكدا یەكگرتووی ئیسلامییش لەگەڵ یەكێتیدا نییە، بۆیە ناوبراو بە ئەستەمی ناو برد هەوڵەكەی یەكێتی سەر بگرێت، “بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر”.
ناوبراو بە نایاسایی دادەنێت هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەن بە بێ ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە یاسایی بێت، ئەوەیش رەت دەكاتەوە، ئەو لایەنانە بتوانن لە رێی كەسێكی بەتەمەن دانیشتنی ئەنجوومەنەكە بكەن و كەسێك بۆ سەرۆكی ئەنجوومەن دیاری بكەن، “چونكە كەسی بەتەمەن سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنەكە دەكات، دوای ئەوەی سەرۆك دیاری كرا، بەپێی یاسا لە دوای ئەوە بۆ ئەنجوومەن نییە كەسێكی بە تەمەن بۆ كۆبوونەوەی دیكە دیاری بكرێت و ئەو كەسە بەڕێوەی ببات، ئەمە هیچ شەرعییەتێكی یاسایی نابێت”.
محەممەد كەمال زانیاریی ورد ئاشكرا دەكات، بەوەی كە یەكێتی داوای لە لایەنە توركمانی و عەرەبییەكانی كەركووك كردووە، بەو پێیەی ٦ كورسییان هەیە و پارێزگاكەیش ١٢ كورسییە، لە سەدا پەنجای پۆستەكانیان بدرێتێ، بەڵام هەردوو پێكهاتەكە ئەو داخوازییەی یەكێتییان رەت كردووەتەوە و پێیان راگەیاندوون، دەبێت لە سەدا ٣٢ بێت.
سەرۆكی لیستی برایەتی، بەردەوام بوو لە ئاشكراكردنی زانییارییەكان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی و گوتیشی: “ئەو دوو پێكهاتەیەی دیكە بە یەكێتییان راگەیاندووە، نابێت هیچ یەك لە پۆستەكانی كۆمپانیای نەوت و غاز و سوپا و پۆلیس و ئەمنییەتی تێدا بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە، وەكو تەندروستی و كشتوكاڵ و هەندێ پۆستی بچووكی دیكە، ئینجا لەوەیش دەبێت یەكێتی لە سەدا ٣٢ی بەر بكەوێت”.
ئەو، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، گەر یەكێتی ئەو كارە بكات و ئەو پێشنیازانە قبووڵ بكات لە پێناو تەنیا وەرگرتنی پۆستی پارێزگاردا، گەورەترین شكستە بۆ كورد.