ترەمپ: کوژرانی خاشقچی کارەساتی لێدەکەوێتەوە

دوای ئەوەی ڕۆژنامەنوسی دیارو رەخنەگری  سعودی جەماڵ خاشقچی لە شاری ئیستەمبۆڵی تورکیا دەچێتە کونسولخانەی وڵاتەکەی چارەنوسی دیار نامێنێت، پێشوتریش تورکیا رایگەیاندبوو لە نیو کونوسلخانەکە لەلایەن تیمێکی پازدەکەسیەوە کوژراوە، لەبارەی خاشقچی ئەمریکا هۆشداری دەدات داوای لێکۆلینەوەی ورد لە سعودیه دەکات.

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانی خۆی له‌ دیارنه‌مانی خاشقچی راگه‌یاند، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیدا پۆمپێیۆ دووپاتیكرده‌وه‌، “داوا له‌ حكوومه‌تی عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ ده‌كه‌ین، پشتیوانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی قووڵ و وردی دۆسیه‌ی دیارنه‌مانی خاشقچی بكات، بۆئه‌وه‌ی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان روون و ئاشكرا بن”.

به‌گوێره‌ی ئاژانسی رۆژنامه‌وانی فه‌ره‌نسی، پۆمپێیۆ گوتی: “راپۆرتی دژیه‌كمان له‌سه‌ر سه‌لامه‌تی و شوێنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ دیاره‌ی سعوودیه‌ كه‌ كاری بۆ رۆژنامه‌ی “واشنتۆن پۆستی ئه‌مه‌ریكی” ده‌كرد، به‌رچاو كه‌وت”.

گوتیشی: “به‌رپه‌سه‌ باڵاكانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌و دۆسیه‌ له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانه‌وه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ریاز كردووه‌”، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ بكات.

ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌، پێشتر دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاش هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی دیارنه‌مانی خاشقچی راگه‌یاندبوو و گوتبووی: “هه‌ست به‌ نیگه‌رانی ده‌كه‌م.. ئێستا هیچ كه‌سێك زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ نییه‌، زۆر چیرۆكی خراپ له‌باره‌ی ئه‌و كه‌یسه‌‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، حه‌زم له‌و چیرۆكانه‌ نییه‌”.

هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌، مایك بێنس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاش دووپاتیكرده‌وه‌، “به‌رامبه‌ر ئه‌و راپۆرته‌‌ میدیاییانه‌ی باس له‌ چاره‌نووسی خاشقچی ده‌كه‌ن، هه‌ست به‌ هه‌ڵچوونێكی قووڵ ده‌كه‌م”.

بێنس له‌ تویتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیویه‌تی: “ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ راست بێت، ئێمه‌ له‌ رۆژگارێكی كاره‌ساتباردا ده‌ژین. توندوتیژی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر بواری رۆژنامه‌وانی و مافی مرۆڤ، جیهانی ئازاد مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ده‌ستی به‌ هه‌موو وه‌ڵامێك بگات‌”.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ لیندسی گراهام، سیناتۆری ئه‌مه‌ریكی كه‌ به‌ كه‌سێكی نزیكی تره‌مپ ده‌ناسرێت، هۆشداری ده‌داته‌ سعوودیه‌ و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، “ئه‌گه‌ر هه‌واڵی كوژرانی خاشقچی پشتڕاست كرایه‌وه‌، لێكه‌وته‌كان له‌سه‌ر په‌وه‌ندی نێوان واشنتۆن و ریاز كاره‌ساتبار و وێرانكار ده‌بن”، دووپاتیشیكرده‌وه‌، “پێویسته‌ سعوودیه‌ وه‌ڵامی راستگۆیانه‌ی پرسیاره‌كانی ئه‌و كه‌یسه‌ بداته‌وه‌”.

گراهام گوتی: “ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكین و رێككه‌وتووین، ئه‌گه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ پشتڕاست كرانه‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ی سعوودیه‌ ده‌كرێن، ئه‌وا په‌یوندییه‌كانی نێوان سعوودیه‌ و ئه‌مه‌ریكا وێران ده‌بن و پێویسته‌ ریاز باجێكی زۆر گه‌وره‌ی ئه‌و تاوانه‌ بداته‌وه‌، باجه‌كه‌ش ته‌نیا له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ نابێت، به‌ڵكو بواره‌كانی دیكه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت”.

گراهام جه‌ختیكرده‌وه‌، “بوب كرۆكه‌ر، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ده‌ره‌وه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی پیرانیش هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێمه‌”.

له‌ تویتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر كرۆكه‌ر نووسیویه‌تی، “له‌سه‌ر پرسی دیارنه‌مانی خاشقچی به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ باڵیۆزی سعوودیه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا قسه‌م كردووه‌”، گوتیشی، “له‌كاتێكدا ئێستا چاوه‌ڕێی زانیاری زیاترین، به‌ڵام بزانن كه‌ وه‌ڵامی هه‌ر وڵاتێك ده‌ده‌ینه‌وه‌ كه‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌كاته‌ ئامانج”.

 

Back to top button