گۆڕان به‌رهه‌م ساڵح ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كوردستان بكات

جەبار مەلا ئەمین، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: “کورد لە بەغدا ھیچ ڕۆڵێکی نییە، ئەوانەشی لەسەر پشکی کورد سەرۆک کۆماری عێراق بوون، ھیچیان بۆ کورد نەکردووە، تەنانەت مام جەلال کە سیاسەتمەدارێکی گەورە بووە و پەیوەندییەکی نێودەوڵەتی لەگەڵ وڵاتانی دونیا ھەبووە، نەیتوانوە ھیچ بۆ کورد بکات، چونکە پۆستی سەرۆک کۆمار دەسەڵاتەکانی سنووردار کراوە، تەنانەت ئەگەر پۆستی سەرۆک وەزیرانیش لای کەسێکی کورد بێت، ناتوانێت ھیچ بۆ کورد بکات“.

ئه‌ندامه‌كه‌ی جڤاتی گشتی گۆران ده‌ڵێت : ”ئەگەر مام جەلال شتی پێ بکرایە، ئەو ماوەیەی کە سەرۆک کۆمار بووە، ماددەی ١٤٠ی جێبەجێ دەکرد، بێگومان کێشەی ئەمڕۆی کورد لەگەڵ عێراقدا خۆی لە ماددەی ١٤٠ دەبینێتەوە، ئەگەر ماددەی ١٤٠ ھەنگاوی بۆ بنرایە، یان ئیشی لەسەر بکرایە، ئێستا کورد لە دۆخێکی دیکەدا بوو“.

له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆككۆماره‌وه‌ جه‌بار مه‌لا ئه‌مین گووتی :”نابێ ئێمە وابیربکەینەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار بەر کورد کەوتووە و تەواو ئەو کەسە ئیش بۆ کورد دەکات، نەخێر وانییە، چونکە کاتێک ماددەی ١٤٠ دێتە پێشەوە، عەرەبە سوننەکان ناڕازین ئەو پرسە چارەنووسسازە جێبەجێ بکرێت“.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:”بەرھەم ساڵح ناتوانێ نوێنەرایەتیی گەلی کورد بکات و شتێک بکات کورد دڵی پێی خۆش بێت“.

Back to top button