عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ نێوان هه‌ره‌شه‌كانی ئه‌مریكاو ئێران ده‌ست به‌ بونیادنانه‌وه‌ی عێراق ده‌كات

ڕۆژنامه‌ی لۆس ئه‌نجلس تایمزی ئه‌مه‌ریكی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ۱۱ی۱۰ی۲۰۱۸ دا راپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ “عادل عه‌بدولمه‌هدی، بژارده‌ی یه‌كه‌می ئه‌مه‌ریكا و ئێران نییه‌ و پێشبینی خۆیشی بۆ چوار ساڵی داهاتووی ره‌وشی عێراق خستووه‌ته‌ روو”.

ڕۆژنامه‌ی لۆس ئه‌نجلس تایمزی ئه‌مه‌ریكی نوسیوویه‌تی “عادل عه‌بدولمه‌هدی، شاره‌زای ئابوورییه‌، ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له‌ پاریس ژیاوه‌، دوای ساڵی ۲۰۰۴ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ عێراق و وه‌ك وه‌زیری دارایی و جێگری سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیری نه‌وت كاریكردووه‌. یه‌كێك بووه‌ له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق له‌ ساڵی ۲۰۰۵ دا، ئێستا ته‌مه‌نی ۷۶ ساڵانه‌ و به‌ته‌مه‌نترین كه‌سایه‌تییه‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌رده‌گرێت له‌ دوای ساڵی ۲۰۰۳ وه‌، ئه‌گه‌ر كاروباره‌كان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بڕۆن، ئه‌و ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ به‌ رێگا راسته‌كه‌ ده‌زانێت وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌زیری نه‌وت بوو كردی”.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ۱۱ی۱۰ی۲۰۱۸ ئه‌یمه‌ن شه‌مه‌ری، سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی سائیروون كه‌ موقته‌دا سه‌در پاڵپشتیی ده‌كات، ڕایگه‌یاند:” : “هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی ده‌یانه‌وێت چه‌ند وه‌زاره‌تێكی حكوومه‌ت لای خۆیان بێڵنه‌وه‌، هه‌وڵده‌ده‌ن چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراو به‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی دا بسه‌پێنن، به‌ڵام ئه‌و تا ئه‌م ساته‌ نه‌چووه‌ته‌ ژێر باری داواكاری و فشاره‌كانه‌وه‌”.

سه‌ركرده‌كه‌ی هاوپه‌یمانی سائیروون ده‌شڵێت: “لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن فشار بخه‌نه‌ سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی و به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی بیترسێنن، ئه‌گه‌ر هاتوو كاندیده‌كانیان بۆ وه‌زاره‌ت و پێگه‌ گرنگه‌كانی حكوومه‌ت قه‌بووڵ نه‌كات”.

عادل عه‌بدولمه‌هدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، له‌ كاتی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌ولوود چاوشئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ۱۱ی۱۰ی۲۰۱۸ به‌ سه‌ردانێكی دوو رۆژه‌ گه‌یشته‌ عێراق گوتوویه‌تی: “عێراق كه‌وتووه‌ته‌ ناو قۆناغێكی نوێ و پاش تێكشكاندنی داعش ده‌ست به‌ بونیاتنانه‌وه‌ ده‌كات”.

عادل عه‌بدولمه‌هدی پاش راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، له‌سه‌ریه‌تی تا كۆتایی ۳ی۱۱ی۲۰۱۸ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت پێشكه‌شی په‌رله‌مان بكات. چاودێرانی ره‌وشی عێراقیش پێشبینی ده‌كه‌ن گرفت و له‌مپه‌ری زۆر رووبه‌ڕووی حكوومه‌ته‌كه‌ی ببێته‌وه‌، چونكه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی بووجه‌ی وڵات ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كه‌سی و حزبییه‌كانی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق نه‌كات، ناتوانێت له‌ په‌رله‌مان تێیپه‌ڕێنێ.

Back to top button