خوێندنی باڵا: ناوی وه‌رگیراوانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان راده‌گه‌یه‌نێت

 

دوای پێشكه‌شكردنی داواكاری بۆ وه‌رگرتنیان له‌ زانكۆو په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی ئۆنلاین, ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا رایگه‌یاند، كه‌مترین كۆنمره‌ی وه‌رگیراو له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان 60.63یه‌ و له‌ به‌یانیشه‌وه‌ له‌ رێی سایتی زانكۆلاینه‌وه‌ قوتابیان و خوێندكاران ده‌توانن ناوی خۆیان بدۆزنه‌وه‌.

خه‌تاب شێخانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی كارگێڕی و دارایی رایگه‌یاند، بۆ ئه‌مساڵی خوێندن به‌ هه‌ر چوار سیستمه‌كه‌ (پارالێل، راسته‌وخۆ، ئێواران، زانكۆلاین) پلانی وه‌رگرتن بریتیی بوو له‌ 39 هه‌زار و 57 كورسی خوێندن.

گوتیشی: ژماره‌ی پێشكه‌شكاران بریتیی بووه‌ له‌ 54 هه‌زار و 42 خوێندكار. ژماره‌ی وه‌رگیراوان بریتییه‌ له‌ 28 هه‌زار و 609 قوتابی وه‌رگیراون و رێژه‌ی وه‌رگرتن زیاتره‌ له‌ 53% و ئه‌و رێژه‌یه‌ زیاتریش ده‌بێت، چونكه‌ كورسی به‌تاڵ ماوه‌ و پڕده‌كرێنه‌وه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، كه‌مترین نمره‌ی وه‌رگیراو بریتییه‌ له‌ 60.63 یه‌ و قوتابیان و خوێندكاران له‌ سایتی زانكۆ لاین ده‌توانن له‌ به‌یانییه‌وه‌ كاتژمێر 10 ی سه‌ر له‌ به‌یانی ده‌ست بكه‌ن به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانیان.

خه‌تاب شێخانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، له‌ مه‌ڵبه‌ندی راوێژكاری و تۆماری زانكۆكان ده‌توانن له‌ هه‌ر شوێنێك بن سكاڵا پێشكه‌ش بكرێت و تا 20ی ئه‌م مانگه‌ واده‌ی تۆماركردنی سكاڵایه‌.سه‌باره‌ت به‌ ده‌وامیش گوتی: رۆژی 21ی ئه‌م مانگه‌ یه‌كه‌م رۆژی ده‌وامه‌ و له‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كانیش هێشتا پرۆسه‌ی وه‌رگرتن ته‌واو نه‌بووه‌ و دوای ته‌واوبوونی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ حكومییه‌كان، پلانی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ ئه‌هلییه‌كان راده‌گه‌یه‌نرێت و 25 هه‌زار كورسی له‌و زانكۆیانه‌ ته‌رخان كراوون

Back to top button