تره‌مپ: لێكۆله‌ران له‌ پرسی دیارنه‌مانی خاشقچی له‌ خاڵی كۆتای نزیك بوونه‌ته‌وه‌

 

دوای ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوس و ره‌خنه‌گری سعودی جه‌مال خاشقچی له‌ ولاتی توركیا له‌ كاتی سه‌ردانی كردنی كونسولخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی چاره‌نوسی دیار نامێنێت, دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكرده‌وه‌، به‌وردی به‌دواداچوون بۆ پرسی دیارنه‌مانی جه‌مال خاشقچی، رۆژنامه‌نووسه‌ ونبووه‌كه‌ی سعوودییه‌ ده‌كه‌ن و گوتیشی: “ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر، لایه‌نه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و پرسه‌ له‌ ئاشكراكردنی چاره‌نووسی خاشقچی نزیك بوونه‌ته‌وه‌”.

تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، “لێكۆڵه‌رانی ئه‌مه‌ریكی له‌ به‌دواداچوونه‌كان له‌باره‌ی دیارنه‌مانی خاشقچی به‌شدارن”، گوتیشی، “ئه‌وان له‌گه‌ڵ لایه‌نی سعوودیه‌ش له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌ كار ده‌كه‌ن”.

ئه‌م قسانه‌ی تره‌مپ له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی میدیایی “فۆكس نیوز” هاتوون‌ و گوتی: “ئێمه‌ زۆر به‌جدی كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین، لێكۆله‌ره‌كانیشمان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لایه‌نی سعوودی و توركی كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن”.

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختیكرده‌وه‌: “پێه‌یسته‌ له‌سه‌رمان به‌ته‌واوه‌تی ئه‌وه‌ بزانین كه‌ چی له‌وێ روویداوه‌، ئێمه‌ زۆر له‌ چاره‌سه‌ری كۆتایی نزیك بووینه‌ته‌وه‌، زۆر له‌وه‌ نزیك بووینه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێوه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن”.

دوا جار كه‌ خاشقچی بینراوه‌، له‌ رۆژی 2ی ئه‌م مانگه‌ بوو، كاتێك له‌ ده‌رگای كونسۆڵخانه‌ی سعوودییه‌ له‌ ئیسته‌نبوڵ چووه‌ته‌ ژووره‌وه، بۆئه‌وه‌ی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بۆ ته‌واوكردنی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی به‌ده‌ستبهێنێت، له‌مباره‌شه‌وه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی خاشقچی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كونسۆڵخانه‌ چاوه‌ڕێی ده‌كرد، دووپاتیكرده‌وه‌، هاوسه‌ری ئاینده‌ی له‌ كونسۆڵخانه‌كه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

Back to top button