بیانووه‌كانی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر.. به‌شی سێهه‌م

وەڵامی پرسیاری سێیەم…

نیازحاجی

ئایا ئەمەریکا دەستی لەپیلانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا ھەبوو ؟
ئەی بەریتانیا ؟

بۆئەوەی وردتر لەم بابەتە تێبگەین دەبێ بگەڕینەوە بۆ دوو روداوی پێشتر کە ئەوانیش روداوەکانی ٢٣ی حوزەیران و ریفڕاندۆمن، پاشان بە روداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەراوردیان بکەین .

روداوی یەکەم / ٢٣ی حوزەیران.
لە ٢٣ی حوزەیران کاتێک ویسترا لەپەڕلەمانەوە بەشێوەی ئینقیلابێک بابەتی سەرۆکایەتی ھەرێم دەستی بۆببرێت ، ئەمەریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان ھاتنە سەرھێڵ ، ئەوکات بەراشکاوی ھەڵوێستی خۆیان راگەیاند کە لەگەڵ بابەتی دەستبردن بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم نین ، ئەگەر گروپی ٢٣ی حوزەیران سورن لەسەر ئەو کارەیان ئەوا ئەوان دەست لە ھاوکاری و پشتگیری کردنی کورد ھەڵدەگرن و یەک فڕۆکەش نافڕێنن بۆ پاراستنی کوردستان لە ھەڕەشەی داعش !
گروپی ٢٣ی حوزویران بەتایبەت سەرۆکی ئەوکاتی پەڕلەمان گوێی بەو ھەرەشەیەی ئەمەریکا نەدا بۆیە گڵۆپی سەوز بۆ پارتی ھەڵکرا تا سەرۆکی پەڕلەمان بنێرێتەوە ماڵەوە ، دوای ئەوەی سەرۆکی پەڕلەمان نێردرایەوە ماڵەوە ، ئەمەریکا و بەریتانیا و نەتەوەیەکگرتوەکان ھیچ ھەڵوێستێکی نەرێنی یاخود کاردانەوەیەکیان لەدژی ئەو بڕیارە دەرنەبڕی و بێدەنگیان لێی ھەڵبژارد .
بەکورتی بڵێین ، لە ٢٣ی حوزەیران ئەمەریکا (ھەڕەشە)ی کرد !

روداوی دووەم / ریفڕاندۆم.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کاتەکانی پێش ئەنجامدانی ریفڕاندۆم، ئەمەریکا لە ساتەکانی کۆتاییدا و پیش ئەنجامدانی ھاتە سەر ھێڵ و داوای کرد کە دوابخرێ ، بەڵام ھیچ (ھەڕەشە)یەکی نەکرد کە لەئەگەری ئەنجامدانیدا ئەوان دەست لەیارمەتیدانی کورد ھەڵدەگرن ، بەڵکو لەتەواوی بەیاننامەکانیاندا پشتراستی ئەوەیان دەکردەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە یارمەتیدانی پێشمەرگە ، ئەوان ھەڕەشەی بڕینی ھاوکاریەکانیشیان بۆ پێشمەرگە نەکرد لەو بڕەپارەیەی کە ساڵانە لە بودجەی پێنتاگۆن بۆ پێشمەرگە دیاری کرابوو ، راوێژکارەکانیشیان نەکشاندەوە کە بۆ یارمەتی پێشمەرگە بۆ شەڕی داعش لێرە بوون .
ئەمەریکا سیاسەتی وایە کە ئەوان لەگەڵ ئەمری واقع کاردەکەن ، ئەگەر کورد یەکگرتوو بوایە ئەوان ھیچ کێشەیان لەگەڵ واقعی نوێی دوای ئەنجامدانی ریفڕاندۆم نەبوو !
لەتەواوی ھەڵوێست و بەیاننامەکانی ئەوکەتەدا، ئەمەریکا کێشەی لەگەڵ ئەنجامدانی ریفڕاندۆمدا نەبوو بەڵکو لەگەڵ کاتەکەیدا کێشەی ھەبوو ، لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ (ھەڕەشە)یەکیان نەکرد لەئەگەری ئەنجامدانی ، ھەورەھا دوای ئەنجامدانیشی ، ئەوان ھاتنە سەر ھێڵ و رایانگەیاند کە داوادەکەن حکومەتی ھەرێم و بەغدا لەشەڕ دوربکەونەوە و پێویستە دەست بەگفتوگۆ بکەن .
لەلایەکی تر ، ئەمەریکا و ھیچ وڵاتێکی تر ناتوانن بڵێن ئێمە پشتگیری ریفڕاندۆم دەکەین چونکە ھەڵوێستێکی لەم جۆرە خۆی لەخۆیدا دژی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

دوای ئەنجامدانی ریفڕاندۆم و لەگەڵ نزیکبونەوەی ھەڕەشەکانی حکومەتی عێراق و کۆکردنەوەی ھێز ، ھەڵوێستی ئەمەریکا ئەوە بوو کە ئەوان دژی شەڕن ، ھەردوولا ھاندەدەن دەست بەگفتوگۆیەکی بناتنەرانە بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش ئەوان تەواو ھاوکاردەبن !

ئەگەر شەڕیش رووبدا ، ئەوان دەیانزانی کە کورد بای ئەوە ھێز و کەلوپەلی سەربازی ھەیە کە لەشەڕەکەدا تێکنەشکێت ( لەبابەتی پێشومدا زۆر بەوردی رونم کردۆتەوە و لێرە دوبارەی ناکەمەوە).
بەڵام ئەوەی کێشەی دروست کرد خیانەتی تاقمێک بوو لە ١٦ی ئۆکتۆبەر کە ئەو ھاوکێشەیەی گۆڕی !
لەگەڵ ھەڵگیرسانی شەڕ ، ئەمەریکا بەوردی چاودێری شەرەکەی دەکرد ، رێگای نەدا عێراق ھێزی ئاسمانی بەکاربھێنێت و ھاوکاریەکانیشی بۆ سوپای عێراق لە دابینکردنی تەقەمەنی راگرت ، دۆخەکە بەجۆرێک بوو کەکۆگاکانی عێراق بای شەڕێکی چەند رۆژی زیاتر تەقەمەنی تێدا نەبوو ، ئەوکات عێراق خۆی دەبوایە شەڕەکە رابگرێت .

دوای ھاتنەناوەی ھێزەکانی سوپا و حەشدی شەعبی بۆ ناو کەرکوک ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی دەرکرد کە چونی ھێزەکانی عێراق بۆ ناو کەرکوک بە ھەماھەنگی کراوە !
ئەمە بە مانای ئەوە دێت کە کورد خۆی رێگای داوە ھێزەکان بێنە ناو کەرکوک و رێکەوتنیان کردووە و ئەوان تاوانیان نیە !
بەڵی ، ئەمەریکا چیت بۆ بکات لەکاتێکدا کورد خۆی لەگەڵ سوپا و حەشدی شەعبی رێکبکەوێ و سەنگەرەکانی چۆڵ بکات و شەڕ نەکات !
ئەگەر پێمان وابێت ئەمەریکا دێت لەجیاتی ئێمە شەڕ دەکات ، ئەوە ھەڵەین ، ئەمەریکا نەک بۆ کورد ، بەڵکو بۆ ھیچ وڵات و نەتەوەیەکی تر شتی وا ناکات !
ئەوە کورد خۆیەتی خیانەتی کردووە ئەو کارەی کردووە .
ئەمەریکا سیاسەت بەکاردانەوە و بە عاتیفە ناکات ، ئەو لەسەر ستراتێژی خۆیەتی و لەبەر خاتری چاوی کورد گۆڕانکاری تێدا ناکات ، ئەوان سیاسەتی ئەمری واقع پیادە دەکەن ، ئەگەر کورد خۆی خیانەتی نەکربایە و سوپا و حەشدی شەعبی نەھێنابوایە بۆ ناو کەرکوک ، ئێستا واقعێکی تر بوو بۆ ئەمەریکا !
ئەمە بۆ بەریتانیاش ھەر راستە ، بەریتانیا ھەرچەند رۆڵی خراپی لە پیلانەدا گێڕاوە بەڵام دواجار بکەرەکانی خیانەتەکە ھەر کورد بوون ، سەربازی بەریتانی نەھاتووە یارمەتی سوپا و حەشدی شەعبی بدات بۆ ئەوەی بێنە ناو کەرکوکەوە !

به‌شی سێهه‌م…

Back to top button