تره‌مپ: سعودیه‌ جه‌مال خاشقچی كوشتبێت سزای توندی ده‌ده‌ین

 

پرسی دیار نه‌مانی رۆژنامه‌نوس و ره‌خنه‌گری سعودی جه‌مال خاشقچی له‌ شاری ئیسته‌مبۆلی توركیا دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی كونسولخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات بووته‌ مژاری رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی جهانی, به‌جۆرێك سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دەکرێت سعودیە لە پشت دیارنەمانی جەمال خاشقچی-یەوە بێت و ئاماژە بەوەشدەکات، ئەگەر حاڵەتەکە بەو جۆرە بوو ئەو کاتە واشنتن “سزای تووند”ی دەبێت.

لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ CBS Newsـی وڵاتەکەی، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەرپرسانی سعودیە بە هەموو شێوەیەک نکۆڵی لەوە دەکەن ئەوان لەپشت بێسەروشوێنبوونی رۆژنامەنووسەکەوە بن، “بەڵام دەکرێت ئەوانیش بن ئەو کارەیان ئەنجامدابێت”.

ترەمپ رایگەیاند، بەرپرسانی سعودیە بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکەنەوە، بەڵام “ئێمە زۆر نیگەران و تووڕە دەبین ئەگەر کەیسەکە بەو جۆرە بێت. دەکرێ ئەوان بن؟ بەڵێ دەکرێت. ئەگەر واشبوو ئەوا سزای تووند دەبێت”.

ئەو هەڕەشەیەی ترەمپ لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا بەرپرسانی باڵای ئەمریکی قسەیان لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە کردووە و داوایانلێکردوون زانیاری دەربارەی خاشقچی بخەنەڕوو.

رۆژی 2ی ئەم مانگە بەمەبەستی تەواوکردنی کارەکانی دەستگیرانە تورکەکەی، جەمال خاشقچی چووە کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبووڵ و لەو کاتەوە دیارنییە.

بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، رۆژنامەنووسە تەمەن 59 ساڵەکە لە کۆنسوڵخانەکەدا کوژراوە و تەرمەکەی پارچە پارچە کراوە، بەڵام بەرپرسانی سعودیە ئەو تۆمەتە رەتدەکەنەوە.

Back to top button