دانا شه‌هید جه‌زا: نه‌بوونی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ بودجه‌ی گشتی و بودجه‌ی په‌ره‌پێدان پارێزگاكان پێشێلی یاسایه‌ قبوڵی ناكه‌ین

 

دوای ئه‌وه‌ی هه‌له‌بجه‌ بوو به‌ پارێزگا, چوار ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر به‌ پارێزگا بوون شاره‌كه‌ كه‌چی عێراق دانی نه‌ناوه‌ به‌و پارێزگایه‌ له‌ دواهه‌مین پڕۆژه‌یه‌ یاسایی بوودجه‌ی عێراق ناوی هه‌ڵه‌بجه‌ی وه‌ك پارێزگا ئاماژه‌ه‌ پێنه‌كراوه‌, ئه‌مه‌ش ناره‌زایه‌تی فراكسیۆنی پارتی لێكه‌وته‌وه‌ په‌رله‌مانتارێكی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌لێت:” پێشێلی یاسایه‌كه‌ هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێم و عێراق ددانیان به ‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌دا ناوه‌”.

دانا شه‌هبد جه‌زا ده‌ڵێ: “له‌ پڕۆژه‌بوودجه‌ی گشتیی عێراقدا بۆ ساڵی 2019 كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی ئاماده‌ی كردووه،‌ وه‌ك پارێزگا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌كراوه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش پێشێلی یاسایه‌كه‌ هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێم و عێراق ددانیان به ‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌دا ناوه‌.”

دانا شه‌هبد جه‌زا به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: “كۆی فڕاكسیۆنه‌ كورده‌كان نیگه‌رانین له‌ نه‌بوونی ناوی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ پڕۆژه‌بوودجه‌ی ساڵی 2019ی عێراقدا كه‌ هیچ بڕه‌پاره‌یه‌كیش ‌ له‌ بوودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان بۆ هه‌ڵه‌بجه دانه‌ندراوه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ش غه‌دره‌ له‌و شاره‌ و قبووڵی ناكه‌ین و داوا ده‌كه‌ین هه‌ڵه‌بجه‌ بێبه‌ش نه‌كرێت.”

ئێستا كه‌ وه‌زاره‌تی داراییی عێراق پڕۆژه‌بوودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2019ی ئاماده‌ كردووه‌ چه‌ندین پێشێلكاریی ده‌ستووری و سیاسیی به‌رامبه‌ر بە هه‌رێمی كوردستان تێدایه‌. ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق گوتی: “كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شه‌بوودجه‌ی كوردستان له‌ 17%ـەوە بۆ له‌سەدا ١٢ پێشێلی ئه‌و ڕێكکه‌وتنه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا هه‌یه‌ كه ‌ده‌بێت تا سه‌رژمێریی گشتی 17%ی بوودجه‌ی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان بێت و‌ ناوهێنانی هه‌رێمی كوردستان به‌ پارێزگاكانی باكووری عێراق پێشێلی ده‌ستووره،‌ كه‌ له‌ ده‌ستووری عێراقدا هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمێكی ده‌ستوورییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا، بۆیه‌ ڕێگه‌ ناده‌ین ئه‌و پێشێلكارییانه‌ له‌ بوودجه‌ی عێراقدا به‌رامبه‌ر بە هه‌رێمه‌كه‌مان هه‌بێت”.

دانا شه‌هبد جه‌زا بڕوای وایه: “نابێ په‌له‌ بكرێت له‌ تێپه‌ڕاندنی بوودجه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقەوە، كه‌ ئێستا كاربه‌ڕێكه‌رن و پێویسته‌ حكوومه‌تی نوێی عێراق، بوودجه‌ی عێراق په‌سه‌ند بكات و پاشان بینێرێت بۆ په‌رله‌مان، چونكه‌ حكوومه‌تی نوێی عێراق سیاسه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بوودجه‌ی 2019.”

Back to top button