غالب محه‌مه‌د: سزادانی عەبدوڵای مەلا نووری، کارێکی نەشازەو قەبوڵی ناکەین

د.غالب محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری عێراق له‌ فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌باره‌ی گۆرینی كێلونی ده‌رگای ژووری سكرتاریه‌تی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان هاته‌ ده‌نگ و بە توندی رەخنەی لەو کەسانە گرت کە لەنێو بزووتنەوەکەیاندا ”کێلوونی ژوورەکەی عەبدوڵای مەلا نووری“یان گۆڕیوە .

د.غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند: “سزادانی عەبدوڵای مەلانووری، کارێکی نەشازە و ئێمە دژی ئەو سزادانە ھەڵوێستی خۆمان دەربڕیوە و ئاراستەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕانمان کردووە، بێگومان ئێمە لە یاداشتەکەدا داوای ڕوونکردنەوەمان کردووە، ئەگەر لەسەر ئەو سزادانە ڕوونکردنەوەیان دا، ئەوکاتە ھەڵوێستی خۆمان دەبێت“.

ئەندامه‌كه‌ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕاشیگه‌یاند:” نابێ عەبدوڵای مەلانووری یان گەنجە گۆڕانخوازەکان سزای سیاسی بدرێن، چونکە ”کاتی خۆی نەوشیروان مستەفا چەند جارێک باسی ئەوەی کردووە کە تاوەکوو گەنجێکی گۆڕانخواز بمێنێت، بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوام دەبێت، بێگومان گۆڕان ھی گەنجەکانە و دەستبەرداری نابین، چونکە گەنجەکان قوربانییان بۆ گۆڕان داوە“.

د.غالب محەمەد په‌رله‌مانتاری عێراق ده‌ڵێت: ”قەبوڵی ناکەین سزای سیاسی بەرامبەر ھیچ ھەڵسووڕاوێکی گۆڕان دەر بکرێت، چونکە گەنج داینەمۆی گۆڕانە و گردەکە موڵکی ھەموومانە و موڵکی کەس نییە، ھەروەھا ھیچ کەسێک ناتوانێ کەس لابدات و کەسێکی دیکە دابنێت، چونکە لای ئێمە گەورەترین بڕیاردانی سیاسی، جڤاتی نیشتمانییە، ئەگەر جڤاتی نیشتمانی بڕیاری داوە ئەو ژوورە لە عەبدوڵای مەلا نووری وەربگرێتەوە، فەرموو با پێمان بڵێن، لەسەر چ بنەمایەک ئەو ژوورەی لێ وەردەگرنەوە، ئەگەر جڤاتی نیشتمانی ئەو بڕیارەی نەداوە، ئەی بۆچی بەرامبەر کارە نایاساییەکان بیدەنگییان ھەڵبژاردووە؟ لەکاتێكدا ئێمە لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا دەستوورێکمان ھەیە کە دەسەڵاتی باڵا ڕادەستی جڤاتی نیشتمانی کراوە و جڤاتی نیشتمامی دەتوانێت بڕیار بدات، نەوەکوو خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتی“.

لە کۆتاییشدا قسه‌كانیدا غالب محه‌مه‌د گوتیشی :” هه‌ركه‌سێك کێلوونی ژوورەکەی عەبدوڵای مەلانووری گۆڕیوە بە شتێکی خراپی دەزانین و ”عەیبەیەکی گەورەیە کێلوونی ژوورەکەی عەبدوڵای مەلانووری گۆڕاوە، چونکە ئەوە ئەقڵیەتی گۆڕان نییە و ئێمە ھەمیشە بەرگریمان لە دەنگی ئازاد کردووە، دواجار ئێمە لەگەڵ ھەموو دەنگێکی ئازاد دەبین، ئەگەر لە ھەر شوێنێکی دیکەدا بێت“.

Back to top button