‎كتێبی “كورد لە ئۆكتۆبەری رەشدا” ئازارەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەگێڕێتەوە

 

‎نووسەر و رۆژنامەنووس شاخەوان برایم عەبدوڵڵا، لە یادی 16ی ئۆكتۆبەردا كتێبێكی بەناوی “كورد لە ئۆكتۆبەری رەشدا” بڵاوكردەوە، نووسەر لەو كتێەیدا باس لە گرنگی ریفراندۆم و هاوكات ئەنجامدانی دەكات، هەروەها دوای ئەوەی رووداوی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەر روودەدات، نووسەر وەك پانۆرامایەك ئەو رووداوە رەشە باس دەكات.
‎كتێبەكە دوو بەشە، لە بەشی یەكەمدا پرسی سەربەخۆیی و ریفراندۆم گەنگەشە دەكات، ئەو پێیوایە كە ریفراندۆمی سەربەخۆیی وێڕای ئەوەی مافێكی یاسایی و دیموكراسی هەر گەلێكە، هاوكات هەڵێكی سیاسیشە بۆ ئەوەی كورد لەم رێگەیەوە بە ئامانجەكانی بگات، ئەو رەخنە لەو رەخنانە دەگرێت كە دژی ریفراندۆم بۆ گەرمكردنی بازاڕی سیاسەت و بزركردنی رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر ئاڕاستەی پارتی دەكرێن.
‎شاخەوان برایم عەبدوڵڵا، لە بەشی دووەمی كتێبی “كورد لە ئۆكتۆبەری ڕەشدا” باسی رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر و پرسی دیالۆگی نێوان هەرێمی كوردستان دەكات، هاوكات بە وردی ئەو بارە دەروونییە باس دەكات كە میللەتی كورد لە دوای ئۆكتۆبەر بەسەریدا هات بەوەی بەغدا شەڕی شكاندنی ئیرادەی لەگەڵ كورد دەكرد، بەڵام كورد توانی ئەو گەمەیە لە رێی دیالۆگ بباتەوە. هاوكات بە ژمارە و داتا زیانە ئابوورییەكانی دوای ئۆكتۆبەری 2017ی باس كردووە كە نیوەی داهاتی كوردستان كەمی كرد.
‎كتێبەكە لە پیشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر دەستدەكەوێت.،

Back to top button