سه‌رۆكی لێژنه‌ی مافی مرۆڤ له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك: خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر په‌له‌ی ره‌شه‌ بۆ نێو چاوی خیانه‌تكاران

دواى  ئه‌وه‌ی به‌ هۆی خیانه‌تی گرووپێكی یه‌كێتی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ركووك له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسداران داگیركرا، بەرپرسێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کەرکووک ڕای گەیاند، ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ”پەڵەیەکی ڕەشن و ناخی کوردیان ھەژاندووە“ و جەختی لەوە کردەوە، پارێزگاری ئێستای کەرکووک مامەڵەیەکی باش لەگەڵ کورد ناکات و بڕیارەکانی شۆڤێنییانەن.

جوان حەسەن، سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجومەنەکە، ڕایگەیاند: “دۆخی ئێستای شاری کەرکووک بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەھاتووە و ڕۆژانە ھاووڵاتیانی شاری کەرکووک تووشی ترس و تۆقاندن و چاوسوورکردنەوە دەبنەوە، چونکە ئێستا ھیچ ھێزێکی کوردستانی شارەکە بەڕێوە نابات، بەڵکوو ھێزە عێراقییەکان و پۆلیسی عێراقی ھەژموونیی خۆیان بەسەر شاری کەرکووکدا سەپاندووە، بۆیە ھاووڵاتیان لە ژیانی خۆیان دڵنیا نین، ھەروەھا بەردەوام دزی و ڕاو و ڕووتی ماڵان ڕوو دەدات”.

ئاماژەی بەوەش کرد: “بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، کورد لەناو کەرکووک لەوپەڕی لاوازیدایە و لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگاری ئێستای کەرکووک پاڵپشتی ھاووڵاتییانی کوردی شارەکە ناکات، زۆر جار بڕیارەکانی پارێزگاری کەرکووک تاکلایەنە و شۆڤێنینیانەن و پێچەوانەی یاسان، چونکە ھەوڵی ئەوە دەدات ئەنجومەنی پارێزگا پەراوێز بخات، ھەرچەندە بەپێی یاسا کاتێک میزانیە دەردەچێت، پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک میزانیەکە پەسەند بکات، بەڵام تا ئێستا سێ میزانیە ھاتووە کەس نازانێ چۆن خەرج کراوە، بەڵام ئەوەندەی کە زانیاری بڵاو بووەتەوە، پارێزگاری کەرکووک ئەو پارەیەی بۆ ناوچە عەرەب‌نشینەکان خەرج دەکرێت، بۆیە لە بابەتی بوودجەدا گەندەڵییەکی ئاشکرا ھەیە و ناوچە کوردنشینەکان لە ھەموو پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری بێبەش کراون”.

جوان حەسەن نەیشاردەوە کە پارێزگارە ناشەرعییەکەی کەرکووک ھەوڵی ئەوە دەدات، زۆرترین عەرەب بھێنێتە شاری کەرکووک و دەیەوێ عەرەب لەسەروو کوردەوە بێ و جێگە بە ھاووڵاتییانی کورد لێژ بکات، بەڵام پێشتر کە پارێزگاری کەرکووک کورد بوو، ھیچ جیاوازییەک لە نێوان پێکھاتەکاندا نەبووە و ژیانی ھەموو ھاووڵاتیان دەپارێزرا.

لە کۆتاییدا ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دووپاتی کردەوە: “١٦ی ئۆکتۆبەر کارەساتێکی گەورەیە و پەڵەیەکی ڕەشە و نسکۆیەکی گەوەرەیە بۆ کورد، چونکە ناخی کوردی ھەژاندووە و کورد لە کەرکووک لە لووتکەی دەسەڵاتی خۆیدا بوو، بەڵام بەھۆی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کەرکووک ڕادەستی سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کرا”.

پێشتر سەرکردە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە نێویشیاندا کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە گرووپێکی نێو یەکێتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ئەنجام داوە و کەرکووکی ڕادەست کردووە. هەر لە سەروبەندی خیانەتەکەشدا هەریەک لە (پاڤڵ تاڵەبانی، لاهوور و ئاراس جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، شوان داودی، ئاسۆ مامەند، وەستا ڕەسوڵ، ڕەفعەت عەبدوڵا و چەندان بەرپرسی تری یەکێتی)، هەر یەکەی بە هۆکارێک پاساوی بۆ رادەستکردنی کەرکووک دەهێنایەوە و بەو هۆیەشەوە ئێستا بە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناویان دەهێندرێت.

Back to top button