بیانووه‌كانی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر.. به‌شی چواره‌م

ئاماده‌كردن: نیازحاجی

وەڵامی پرسیاری چوارەم و ھەشتەم /
ئایا ھێرشکردنە سەر کەرکوک و کوردستان پەیوەندی بەڕیفڕاندۆمەوە ھەبوو ؟
ھەرچەندە درێژە بەڵام خوێنەری بن !

بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، دەبێ بگەڕینەوە بۆ خولی یەکەم و دووەمی دەستنیشانکردنی نوری مالیکی بەسەرۆک وەزیران .
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رێککەوتنێک ھەبوو لە نێوان کورد و نوری مالیکی بۆ دەستنیشانکردنی وەک سەرۆک وەزیران کە دەبێ نوری مالیکی دەستور جیبەجێ بکات و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە بنێرێت و وەک سوپای عێراق پرچەک بکرێن و یاسای نەوت و غاز دەربکرێت .
مالیکی خۆی لەو بەڵێنانە دزیەوە ، بۆ لاوازکردنی کورد لەناوچەدابڕاوەکان ژوری ئۆپەراسیۆن و ھێزی دیجلەی دروستکرد ، پاشان بە پێشنیار و پشتگیری ھەمان تاقمی ئێستای ١٦ی ئۆکتۆبەر موچە و بودجەی کوردستان بڕا ، دەست بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کورد لەسوپای عێراق برا .
ئەم بڕیار و ھەنگاوانە دەستپێک و سەرەتای ئەو گوشارانە بوون بۆ لاوازکردنی کوردستان .
ھەر لەوکاتەدا ، مالیکی پیلانێکی تری دژی ھەرێم پیادەکرد ئەویش دەستێوەردان بوو لەناوخۆی خۆدی ھەرێم ، پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ چەندین حیزب و سەرکردەی سیاسی لایەنەکانی کوردستان دروست کرد و دەستکرا بە دروستکردنی ئاڵۆزی و تێکدانی یەکرێزی ناوخۆیی و خۆپیشاندان ، بروخێ بروخێ بووە دروشمی سەرەکی خۆپیشاندانەکان ، ١٧ی شوبات دەسپێک بوو .
ھەر لەو کاتەدا بوو ، مالیکی چەندین جار بەراشکاوی ئەوەی راگەیاند کە دەستور ھەموار دەکاتەوە ، بگرە کردبویە خاڵێکی جەوھەری بانگەشەی ھەڵبژاردنیش ، لەم خاڵەشدا خودی قەوارەی دەستوری ھەرێمی کوردستان دەکرایە ئامانج .
بۆ خولی سێیەم کاتێک مالیکی ویستی سێبارە ببێتەوە بەسەرۆک وەزیران ، بارزانی بەتوندی روبەڕوی بووەوە و ھێڵی سوری لەسەر دانا ، ئەوەبوو پێکھێنانی حکومەت لەماوەی یاسایی خۆی چەند مانگێک دواکەوت .
سوننەکانیش ھاوشێوەی کورد لەو کات و ساتەدا ئەوەیان راگەیاند کە ئەگەر ئیستیحقاقی خۆیان پێ نەدرێ ، پەنا دەبەنە بەر دروستکردنی ھەرێمێکی فیدڕاڵی ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان .
مالیکی و ئەوانەی لەپشتی مالیکیەوە بوون بۆ رێگری لەم بابەتی بەھەرێمکردنە سودیان لە کارتی داعش وەرگرت تا ناوچە سونیەکان وێران بکەن و ئەو کارتە لەدەستیان بسوتێنن بەتایبەت پارێزگای موصڵ کە پێشبینی دەکرا ببێتە پایتەختی ئەو ھەرێمە .
پاشان ئاراستەی داعش سوڕێنرا بۆ ھێرشکردنە سەر کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پیلانەی کە لە دوای ریفراندۆم دژی کوردستان ئاشکرابوو ، ئەوکات ویستیان جیبەجێی بکەن .
ئەم بابەتە پێویست دەکات زیاتر رونکردنەوەی لەسەر بدەم تا ئەو پرسیارانەی لەلامان دروست دەبێ ، وەڵامی ھەر ھەمویان لەم نوسینەدا بەدەمەوە .

لەم بابەتەی خوارەوە زانیاری و شیکاری نهێنیەکانی کەوتنی موصڵ و تاوانەکانی دژ بە ئێزدیەکان و وەڵامی زۆر پرسیاریش دەدرێتەوە کە بەردەوام روبەرومان دەبێتەوە .

دوای هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێراق لە مانگی ۲٠۱٤/٤، لیستەکەی مالیکی زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دیارە ئەو ئەنجامەش بەهۆی هەژمونی زۆری مالیکی بەسەر کۆمسیۆن و بەکارهێنانی پێگەی خۆی لە حکومەتەوە بوو.
لەلایەن زۆرینەی کورد و لیستەسونیەکان و خودی ئەمریکا ، ڤیتۆ لەسەر دانانەوەی مالیکی بۆ ولایەتی سێیەم دانرا .

ئوسامە نوجێفی ئەوکات هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر پشت گوێ بخرێ ئەوا هەرێمی موصڵ رادەگەیەنن .
دوای ئەوەی مالیکی بێ هیوابوو لە دەستنیشان کردنەوەی بۆ ولایەتی سێیەم ، لە سەرەتای مانگی ۲٠۱٤/٦ بە هاوکاری ئێران و رژێمی ئەسەد نزیکەی ٤٠٠ تیرۆریستی داعشیان ئاراستەکرد(بەبەرچاوی پەکەکەوە) بۆ گەرنەوەیان بۆ عێراق لەوانەی لە سوریا بوون کە پێشتر لە بەندیخانەی ئەبوغرێب بە پیلانێکی ژێربەژێر ئازاد کرابوون ، ئاراستەیان کردن بەوەی بگەڕنەوە بۆ عێراق تا موصڵ داگیربکەن و لە ژێر دەستی ئوسامە نوجێفی و ئەسیل نوجێفی برای دەریبهێنن ئەمەش بۆ پوچەڵکردنەوەی خەونی بەهەرێم بونی .

بینیمان نزیکەی ٥ فرقەی سەربازی و چەند فرقەیەکی پۆلیسی ئیتیحادی لە موصڵ لەلایەن مالیکیەوە فەرمانیان پێ کرا کە بەرگری نەکەن و تەواوی چەک و کەرەستە سەربازیەکانیان جێ بهێڵن (داعش پڕچەک کرا بە چەکی پێشکەوتوو).
بەم پیلانە توانرا موصڵ لە ماوەی یەک شەودا رادەستی داعش بکرێ.
پیلانەکەی مالیکی تەنها بۆ بەدەستەوەدانی موصڵ بوو نەک شارەکانی تری سوننەنشین ، بەڵام ئەو روداوە وای کرد پارێزگای صلاح الدینیش بە بێ ئەوەی یەک تیرۆریستی داعش بۆی بروات ، هەرەس بهێنێ ، بەم شێوەیە ، روداوەکان لە ژێر کۆنتڕۆلی نوری مالیکی دەرچوو ، پێکهاتەی سوننە کەوتنە ژێر کاریگەری داعش لەوناوچانەدا ، پێیان وابوو داعش لە ژێر هەژموون و زەبروزەنگی شیعەکان رزگاریان دەکات .
بۆ گێرانەوەی کۆنتڕۆڵی داعش و سەرەداوی روداوەکان ، ئێران راستەوخۆ هاتە ناو بابەتەکەوە و سودی لێوەرگرت بۆ جیبەجێکردنی ستراتیژە درێژخایەنەکەی خۆی تایبەت بە ھیلالی شیعە .
ئێران هێزی سەربازی ناردە ناو عێراق و لە سنورەکانی سامەڕا جیگیری کردن تا پەرژینێک دروست بکات بۆئەوەی زیاتر لەبەغدا نزیک نەبنەوە ، بەم ھەنگاوەی ئێران هەرەسهێنانی زیاتری سوپای عێراق وەستێنرا .
ئەو داعشانەی کە لە سوریا هاتبونەوە بۆ ناو موصڵ یەک دانەشیان بۆ پارێزگای صلاح الدین نەرۆیشتن ( دەکرێ لە دانیشتوانی شاری تکریت شارۆچەکانی تر ئەوە پشتراست بکەنەوە) ، واتا بێ ئەوەی چەکدارێکی داعش بۆ ئەو شارانە بروات ، ھەرەسیان ھێنا .
پلانەکەی مالیکی لەسەرەتاوە وابوو کە دوای کەوتنی موصڵ ، داعش ئاراستەی ناوچەکوردستانیەکان کە ناسراون بە سنوری مادەی ۱٤٠ بکات ، بەڵام هەرەسهێنانی سوپا لە پارێزگای صڵاح الدین ، ئەو هێرشەی وەستاند چونکە مەترسی لەسەر ناوچە شیعەنشینەکان و خودی بەغدا دروست کردبوو .

دوای ئەو روداوانە دوو جۆر لە سەرکردایەتی لە ناو داعش دروست بوو دوای هاتنیان بۆ عێراق لە مانگی ۲٠۱٦/٦ .

ئاراستەی سەرکردایەتی یەکەم ::
ئەو ئاراستەیە تەواو لە ژێر کۆنترۆڵی نوری مالیکی و ئێراندا بوون ، ئەو ئاراستەیە لە موصڵ مانەوە و لە لایەن ئەو ٤٠٠ کەسەوە سەرپەرشتی دەکران کە لەسوریاوە ھاتبوون .

ئاراستەی سەرکردایەتی دووەم ::
سەکردایەتیەکی (خۆرسکانە) بوو لە باشوری موصڵەوە تا سنورەکانی سامەڕا درێژ ببوەوە ، ئەو ئاراستەیەی داعش خەڵکی عەوام بوون و لە ئەنجامی زوڵم و زەبروزەنگی زۆری دەسەڵاتی شیعەی بەغدا چەکیان هەڵگرتبوو ، سەرکردە و ئەمیرەکانیشیان هەر لە خەڵکی ناوچەکانی خۆیان پێک هاتبوون .

نوری مالیکی بە هاوکاری ئێران لە نێوان مانگی ٦ تا مانگی ۲٠۱٤/۸ بە سێ ئاراستەو پلان کاریان کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی داعش و کۆتایی ھێنان بە سەرکردایەتیە خۆرسکەکە ::

ئاراستەی یەکەم ::
ئەو ٤٠٠ داعشەی کە هاتنە ناو موصڵ ، پێویست بوو کۆنتڕۆڵی تەواوی شارەکە بکەن و خۆیان رێکبخەوەنەوە و چەکداری نوێ بهێنە ریزەکانیانەوە و کەتیبە و پێکهاتەی نوێ دروست بکەن تا ئامادەیان بکەن بۆ هێرشی ئایندەیان بۆسەر ناوچە کوردستانیەکان .

ئاراستەی دووەم ::
وەستاندنی هێرشەکانی (ئەو چەکدارانەی کە خۆرسکانە لە باشوری موصڵەوە تا سامەڕا دروست ببون) بە ئاراستەی سنورەکانی بەغدا کە رۆژانە ئەنجام دەدران ، ئەوەش بەجۆرێک کە چەندین سەرکردەی داعش لە موصلەوە گواسترانەوە بۆ ئەو ناوچانە و توانیان زۆربەی چەکە قورسەکان لەدەستی چەکدارەکان دەربهێنن و بیانگوازنەوە بۆ ناو شاری موصڵ و دواتر گۆڕانکاری کردن لە سەرکردەکانی ئەو ناوچانە و تەسفیەکردنیان ، سەرەتا بە کوشتنی سەرکردەکانی بزوتنەوەی نەقشبەندیەکان دەستیان پێ کرد ..

ئاراستەی سێیەم ::
لە ژێر بیانوی جیاجیادا ، دەبێ داعش کاربکەن تا تەواوی ژێرخانی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتیان خاپووربکەن و مزگەوتەکان خاپوربکەن و تەسفیەی ئەو کەسانە بکەن کە دژی داعشن یان دژی ئێران و شیعە خەڵک هاندەدەن ، هەروەها تاوانی گەورە ئەنجام بدەن و خەڵکی ناوچەکە دەربەدەر و ئاوارەی شوێنەکانی تر بکەن .

لەماوی چەند مانگێکدا ئێران و مالیکی توانیان کۆنتڕۆڵی داعش بکەنەوە و لە فرەسەرکردایەتی کردن دەربازیان کرد .

ئێران ستراتێژی تەواو کردنی ھیلالی شیعەی لەبەردەست دابوو ، ئەو ھیلالە بەناوچەکانی
( دیالی ، شەرگات ، موصڵ ، تەلەعفەر ، شەنگاڵ ، رەبیعە ، قامشلو ، کۆبانێ ، عفرین …… تا دەگاتە دەریای ناوەراست )تێپەڕ دەبێت.
بۆ ئەوەی ئەو پلانە جێبەجێ بکرێ دەبوایە شەنگاڵ و رەبیعە لە دەستی پارتی دەربهێنرێ .
بۆ ئەو مەبەستە لە لایەن ئێرانەوە ڕۆڵ بەسەر ئەو هێز و گروپانەدا دابەشکران کە هاوپەیمانی ئێرانن و دژی پارتین ، هەندێک رۆڵ بە پەکەکە درا و هەندێک رۆڵیش بەو ئاراستەیەی داعش درا کە لە ناو موصڵدا بوون ، هەندێک رۆڵیش بەو هێزانەی سەر بە مالیکی درا کە لە ناوچەی زوماردا مابونەوە کە چەند فەوجێکی سەربازی بوون .
بۆ ئەم مەبەستە ژورێکی ڕاگەیاندن و ئاراستەکردن لە ژێر سەرپەرشتی ئێران پێکهێنرا .
سەرەتا داعش لە موصڵەوە هێرشی بۆ سەر زومار دەستپێکرد ، هێزەکانی مالیکی هاوشێوەی موصڵ هیچ بەرگریەکیان نەکرد و سەنگەرەکانیان لە ماوەی یەک شەودا چۆڵ کرد ، زومار و رەبیعە گیران ، بەوەش پشتی پێشمەرگە بە ئاراستەی کوردستان لە سێ لاوە گیرا ، دواتر لە سێ لاوە شەنگاڵ هێرشی بۆ کرا لە لایەن داعشەوە.
لەبەر ئەوەی پێشتر، پێشمەرگە شەری داعشی راستەخۆ نەکردبوو ……
لەبەرئەوەی ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە زۆر نەبوون و وەک پێویست پر چەک نەکرابوون …..
ھەروەھا داعش نوێترین کەرەستەی سەربازی سوپای عێراقی لا بوو و لە هێرشەکان بەکاری هێنا…..
لەبەر ئەوەی پشتی پێشمەرگە لە زومار و رەبیعە گیرابوون …..
سەرەرای بەرگری ، پێشمەرگە خەریکی دەربازکردنی هاوڵاتیانی سڤیلیش بوو ……. .
لەلایەکی تر ، شەڕێکی راگەیاندنی گەورە و ئیرھابێکی مەترسیدار بۆ شکاندنی ورەی پێشمەرگە لەلایەن ئەو ژورە راگەیاندنە بەرپا کرا کە پێشتر پێکهێنرابوو…..

ئەمانە وایان کرد کە شەنگاڵ داگیربکرێت و ئەو تاوانە گەورەیەی تێدا روبدات کە رویدا .
پاشان هەوڵدرا پەکەکە بکرێتە پاڵەوان و شەنگاڵیان رادەست بکرێت تا پلانە ئێرانیەکە بۆ گەیشتن بە دەریا لە شەنگاڵەوە دەستی پێ بکرێ …
لەم بابەتەی سەرەوە وەڵامی چەند پرسیارێک دەدرێتەوە ::
موصڵ بۆ گیرا ؟
بۆ لە سنوری سامەرا هێرشەکانی داعش وەستێنرا ؟
بۆ داعش ئاراستەی بۆ کوردستان گۆڕی و چۆنیش گۆڕی؟
بۆ شەنگاڵ گیرا ؟
پەکەکە رۆڵی چی بوو ؟
ئەو تاوانانەی دوای کەوتنی شەنگاڵ ئەنجام دران بۆ چ مەبەستێک بوو ؟
بۆ پەکەکە یەک ساڵ تەگەرەی لە بەردەم رزگارکردنەوەی شەنگاڵ دروست دەکرد ؟
ئێستاش هەر لەبەر ئەوەیە کە بۆچی پەکەکە رێگا نەدا ، پێشمەرگەکانی رۆژئاوا بگەرێنەوە بۆ رۆژئاوا ، تا گرفت بۆ پلانە و نەخشە ئێرانیەکە دروست نەبێ بۆ گەیشتن بە دەریا !
بۆ بەغدا و ئێران ماوەی دوو ساڵ زیاتر تەگەرەیان بۆ گرتنەوەی موصڵ دروستکرد ئەگەر بێ بەشداری حەشدی شەعبی بێ ؟

بۆ پەکەکە ویستی بەشداری ئازادکردنەوەی موصڵ بکات ؟
لەمەوە دەرکەوت کە قۆناغی دوای داعش لە موصڵ بۆ هەموو لایەک گرنگە ؟

بەڵام ئەوان لەم پیلانەدا سەرکەوتوو نەبوون ، بەڵام ھەندێک دەستکەوتیشیان بەدەست ھێنا کە بریتی بوون لە :

1. لەباربردنی ھەوڵی بەھەرێمکردنی ناوچە سونیەکان.
2. خاپوورکردنی ناوچە سونیەکان و ئاوارەکردن و دەربەدەرکردنیان.
3. زیاتر تێکدانی یەکریزی نێوان ھێزەکوردیەکان.
4. پێکھێنانی ھێزێکی تایەفی میلیشیایی بەناوی حەشدی شەعبی لەژێر سەرکردایەتی خۆیان و پرچەکێش کران تا دواتر رۆڵی تریان پێ بسپێرێ .

بابەتێک لێرەدا گرنگە باسی بکرێ کە پەیوەندی بە خودی ئەنجامدانی ریفڕاندۆمەوە ھەیە .

دوای ئەوەی داعش پارێزگاکانی موصڵ و صلاحەدین و رومادی و بەشێکی دیالای داگیرکرد ، ھاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش پێکھێنرا ، ئێرانیش ناراستەوخۆ لەناو ئەو ھاوپەیمانێتیەدا بوو بەھۆی عێراقەوە ، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئێران کۆنتڕۆڵی حکومەتی عێراق و بڕیارەکانی عێراقی لەژێردەستدا بوو .
لە نێوان ئەمەریکا و ئێران ململانێ دروست بوو بۆ ئازادکردنەوەی ئەو ناوچانە ، ئەمەریکا دەیویست ئازادکردن لە شەنگال و موصلەوە دەست پێ بکات ، پاشان پارێزگای صەلاحەدین و رومادی ، پاشان فەلوجە و ئینجا ناوچەکانی دیالا ، بەڵام ئێران لەرێی پەکەکەوە تەگەرەی بۆ ئازدکردنی شەنگال و موصل دروست کرد ، پەکەکە ھەر زوو دوای رێگری لە ئازادکردنەوەی شەنگال ، ئەوەی راگەیاند کە بەشداریش دەکات لە ئازادکردنەوەی موصڵ ، ئەوەش ھەستیاری تورکیای زیاتر دەکرد و ھاوکێشەکەی ئاڵۆزتر دەکرد کە ئەمەریکا خوازیاری نەبوو .
ئێران توانی ئازادکردنی موصڵ بوەستنێت و دوای بخات ، لەولاشەوە بەھۆی حەشدی شەعبی و کۆنتڕۆڵی بریارەکانی حکومەتی عیراق ، ئێران دەستی بە ئازادکردنی پشتێنەی بەغدا و دیالا و فەلوجە و جرف الصخر و رومادی و تکریت کرد ، بەمەش پلانی ئێران بۆ ئازادکردنی ئەو ناوچانە بەسەر پلانی ئەمەریکا سەرکەوت .
موصڵ و ناوچەی حەویجە و حەوزی دیجلە دواخرا بۆ دوا قۆناغ ، ئێران موصڵی پێش حەویجە خست بۆ ئازادکردن، بەو ھۆیەوە ھیزێکی زەبەلاحی حەشدی شەعبی بۆ دەوروبەری موصڵ گواستەوە ، دوای ئازادکردنی موصڵ ھێزەکانی بردە دەوروبەری کەرکوک تا دەست بە جێبەجێکردنی پیلانەکەی بکات لەدژی کەرکوک و ھەرێمی کوردستان ساڵانێکە دایرشتبوو !
بارزانی باش لەو پیلانەی عێراق ئێران و میلیشیاکان گەیشتبوو ، دڵنیاش بوو لەوەی کە بەھۆی خیانەتەوە ئەو ناوچانە گورزیان بەردەکەوێ بۆیە پێش جێبەجێکردنی پیلان و ھێرشەکانیان، ریفڕاندۆمی تێدا ئەنجامدان تا وەک وەسیقەیەکی گرنگ لەدەست کورد بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بمێنێتەوە .

لەمەوە بۆمان ئاشکرا دەبێ کە ھێرشەکانی سەر کەرکوک و کوردستان ھیچ پەیوەندیەکیان بە ئەنجامدانی ریفڕاندۆمەوە نەبووە ، ئەوان پیلانێکی درێژخایەنیان دارشتبوو بۆ کۆتایی ھێنان بە قەوارەی ھەرێمی کوردستان ، چەندین شێوازیان بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ئامانجە بەکارھێنا ، ھیزی دیجلە و موچەو بودجە برین و تێکدانی یەکڕیزی ناوخۆیی و ھێرشی داعش و پاشان حەشدی شەعبی …. ھتد ، ھەمووی لە چوارچێوەی ئەو پیلانەدا بوون .
بارزانی لە باشترین تەوقیتدا ریفڕاندۆمی ئەنجامدا چونکە لە خودی پیلانەدارێژراوەکە گەیشتبوو !

كۆتایی به‌شی چواره‌م..

Back to top button