پارتی ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بیته‌ پارێزگاری كه‌ركوك نابێت به‌شێك بووبێت له‌ خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر

پارتی دیموكراتی كوردستان بەربژێری بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك دەبێت و پێیوایە ئەو پۆستە ئیستیحقاقی كوردە ، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەڵێت :” “یەكێتی لە كەركووك تاكلایەنە بڕیار دەدات و خەریكە هەڵەیەكی دیكەی وەك ۱٦ی ئۆكتۆبەر دووبارە دەكاتەوە”.

د.محەمەد خورشید بەرپرسی لقی پارتی لە کەرکووک له‌باره‌ی لیژنە هاوبەشەی پارتی و یەكێتی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دایاننابوو، ڕایگه‌یاند:” بڕیاری كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لیژنەیەكی چوار كەسی، (دوو پارتی و دوو یەكێتی) پێكهێنراوە، بۆ ئامادەكردنی چەند پێشنیازێك بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك كە لە شەش خاڵی سەرەكی پێكهاتووە، هەردوولایان تەنیا لەسەر سێ خاڵ كۆك بوونە کە بریتین لە بەردەوامبوونی كۆبوونەوەكان، هەوڵدان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی فراکسیۆنی برایەتی و رێكخستنی دانیشتنی فراکسیۆنەکە، سێیەمیشیان هاوكاری یەکتر بکەن بۆ ئەوەی بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكەنەوە. بەڵام سێ خاڵەكەی دیكە كە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتربوو، بریتی بوون لە: چۆن بتوانن پۆستی پارێزگاری كەركووك بۆ كورد وەربگرنەوە؟ دەستنیشانكردنی شوێنی كۆبوونەوەكانی تایبەت بە كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و خاڵی سێیەمیش، كێ بكرێتە پارێزگاری كەركووك”.

لەبارەی ململانێکان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە کەرکووک ده‌ڵێت :” دەڵێت: “یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ حیزبە كوردستانییەكان، یەکلایەنە لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و دەرەوەی ئەنجوومەنیش كار بۆ ئەوە دەكات پۆستی پارێزگاری كەركووك وەربگرێتەوە، لە كۆبوونەوەی ۹/۸/۲۰۱۸ـی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش جارێكی دیكە یەكێتی ویستی نیساب تەواو بكات، بێئەوەی بزانێت تووشی تەڵەیەک دەبێت، چونكە ئێستا لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك عەرەب ٦ ئەندام و توركمان ۹ ئەندامیان هەن، یەكێتیش ئێستا تەنیا ۵ ئەندامی هەیە، بە دوو ئەندامەكەی یەكگرتووەوە دەكاتە ۲۲ و دەتوانن نیساب تەواو بكەن، بەڵام ئەوكات كورد یەك لەسەر سێ و عەرەب و توركمانیش دوو لەسەر سێ دەبن، لەوانەیە ئەمەش تەڵەیەک بێت و دوای ئەوەی یەكێتی نیساب تەواو دەكات و شەرعیەت بە كۆبوونەوەكە دەدات، عەرەب و توركمان دەنگ بۆ كەسێكی دیكە بدەن، چونكە ئێستا عەرەبەكانیش خۆیان دوو بەشن، بەشێكیان لەگەڵ مانەوەی راكان سەعید، پارێزگاری سەپێندراوی سەر كەركووكن، لەكاتێكدا راكان سەعید هێشتا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سوێندی نەخواردووە و لە كەركووك ماوەتەوە، هەروەها لەوانەیە توركمانەكانیش هەوڵبدەن، چونكە ئێستا ئەوان نۆ ئەندامن و زۆرینەن، بۆیە ئێمە پێشنیازمان بۆ یەكێتی كردووە كە بگەڕێنەوە بۆ لای حیزبە كوردستانییەكان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم پۆستە، نەك تاكلایەنە بە پێنج كورسییەوە بچنە ناوەوە و كورد تووشی كارەساتێكی دیكە بكەن، وەكو ئەوەی لە ۱٦ـی ئۆكتۆبەر تووشی بوو”.

له‌باره‌ی سوربوونی یه‌كیتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگای كه‌ركوك ، د. محەمەد خورشید گوتی: “ئێمە هەست دەكەین یەكێتی زۆر جدی بێت لەسەرئەوەی كە لەپێناوی وەرگرتنی پۆستێك، هەموو شتەكانی دیكە بكاتە قوربانی”.

د.محه‌مه‌د خورشید گوتیشی :” پارتیش دەیەوێت لە پۆستی پارێزگاری كەركووكدا خۆی تاقی بكاتەوە، ئەوەمان لە گفتوگۆكانی رابردووشدا نەشاردووەتەوە و لە كۆبوونەوەی رابردوودا دوو پێشنیازمان داوەتە یەكێتی و داوامان لێكردوون دوو ستوون ئامادە بكەن، ئەگەر پارێزگار لە یەكێتی بێت و ئەگەر پارێزگار لە پارتی بێت ئەوان چ داواكارییەكیان هەیە، بۆیە ئاساییە ئێستا پۆستی پارێزگاری كەركووك لای پارتی بێت، لەگەڵ ئەوەشدا گوتوومانە ئەم پۆستە ئیستیحقاقی كوردە و لەناو كوردیش دەبێت لایەنە سیاسییەكان رێككەوتنی لەسەر بكەن. هەر كەسێكیان دەستنیشان كرد، پارتی لەگەڵیەتی”.

لەبارەی بەربژێری پارتی بۆ ئەو پۆستە، محەمەد خورشید دەڵێت: ” دیاریكردنی بەربژێری پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك کاری مەكتەبی سیاسی پارتی و سەرۆك بارزانییە و ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن”.

سەبارەت بە بۆچوونی پارتیش لەسەر بەربژێرەکانی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، محەممەد خورشید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە یەكێتی زیاتر لە كەسێكی بۆ پارتی پێشنیازكردووە، پێشتریش سێ پاڵێوراویان هەبوون، پارتی هەستیار نییە بە هیچ كەسێك، دەشڵێت: ” لە گفتوگۆكان داوامان كردووە ئەو كەسەی دەبێتە پارێزگاری كەركووك، نابێت بەشێك بووبێت لە خیانەتی ۱٦ی ئۆكتۆبەر”.

Back to top button