ئەنجومەنی شەقام : ده‌بێ پیلانگێڕانی خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێ و دادگایی بکرێن
ئه‌مڕۆ دووشەممە ۱۵ی۱۰ی۲۰۱۸، ئەنجومەنی شەقام بۆ ماف و ئازادییەکان یاداشتێکی شەش خاڵی بڵاو کردووەتەوە، له یاداشته‌كه‌یاندا ئه‌نجومه‌نی شه‌قام بۆ ماف و ئازادییه‌كان داوا دەکات، ئەو ڕووداوە بە خیانەت بناسێندرێت و لە هزری تاکی کورد بچەسپێندرێت.
ئەنجومەنی شەقام بۆ ماف و ئازادییەکان پێی وایە ئەو خیانەتەی لە کوردستان کرا ”دەرخەری دۆڕانی“ کاربەدەستان و ”ڕووی راسته‌قینه‌ی خۆخۆری و هه‌ڵپه‌ی حزبایه‌تی و كه‌سایه‌تیش بوو“.
ئەنجومەنی شەقام بۆ ماف و ئازادییەکان شەش خاڵ ئاراستەی رای گشتی دەکات:
– خیانەتی ۱٦ـی ئۆکتۆبەر بە خیانەتی نیشتمانی تۆمار بکرێت و لە هزری کوردستانییان بچەسپێندرێت.
– پیلانگێڕ و کارەکتەرانی ئەو خیانەتە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێ و دادگایی بکرێن.
– کۆنگرەیەکی نیشتمانی بە بەشداریی کەسایەتییە نیشتمانی و نەتەوەییە بێلایەنەکان ساز بکرێت.
– دەبێ کەسایەتییە سەربازی، سیاسی و ئیدارییە بەشدارەکانی ئەو خیانەتە، لەبەردەم رای گشتیدا داوای لێبووردن بکەن.
– نابێ گەلی کوردستان بهێڵێ رووداوێکی وەها بە سانایی و ئاسایی تێبپەڕێنێت.
– دەبێ قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و قوربانییانی خیانەتەکە بکرێتەوە.
له‌پاش ڕووداوه‌كانى خیانه‌تی ڕه‌شی ۱٦ـى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ۲۰۱۷ و هاتنى سوپاى عێراق و هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی و هێزه ئێرانیه‌كان بۆ سنوورى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان،كه‌ركوك كه‌وته ژێرده‌ستى میلیشیای حه‌شدى شه‌عبی وهێزه‌كانی ئێرانی له‌وكاته‌وه تاوه‌كو ئێستا ڕۆژدواى ڕۆژ ژماره‌ى كرده‌وه تیرۆریستییه‌كان ته‌عریبكردن به‌رامبه‌ر به هاووڵاتیانى كوردى سنووره‌كه پێمهاته‌كانی تر له زیادبووندایه.