بیانووه‌كانی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر.. به‌شی پێنجه‌م و شه‌شه‌م

ئاماده‌كردن:نیازحاجی

وەڵامی پرسیاری پێنجەم و شەشەم /

کاتێک باسی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکوک دەکرێ، کەسانێک لەوەڵامدا دەڵێن ، ئەی مەخمور و شەنگال بۆ رادەستکران ؟

بۆئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ رۆژانی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆ ئەوەی بزانین ئەوکاتە چی رویدا ؟
ھەروەھا پێویستە حەجمی خیانەتەکە و حەجمی پیلانەکە بزانین.
ھەروەھا بزانین بەفعلی لەرۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر چی لەناو میحوەرەکانی پێشمەرگە گوزەرا !

لەخوارەوە رونی دەکەمەوە .

سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە باشوری رۆژئاوای کەرکوک بەھێزترین و تۆکمەترین سەنگەرەکانی پێشمەرگە بوون ، پارەیەکی یەکجار زۆریان لێ خەرج کرابوو ، بەشێکی زۆری سەنگەرەکان کۆنکریت کرابوون و ساتری گەورەی لێ دروست کرابوو ، حەشدی شەعبی بەھیچ شێوەیەک نەیدەتوانی بیانشکێنێت .
بەرپرسی ئەو میحوەرە وەستا رەسوڵ بوو ، چەندرۆژێک پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر، ھەندێ فەرمان و جموجۆڵی گوماناوی لەو میحوەرەدا دەرکران و ھەستی پێکرا لە ئاڵوگۆڕی ھێزەکان و پاشەکشێ کردن ، ھێزەکانی بەرگری فریاکەوتن ھێنرانە سەنگەرەکانی پێشەوە و ھێزە شەڕکەرەکانی پێشمەرگە کە پێشتر خوێنیان لەوسەنگەرانە رشتبوو، لەو سەنگەرانە پاشەکشەیان پێکرا ، ھەندێک لە ھێزەکانی پشتیوانی کە چەکی قورس و یەکەی زریپۆشی بوون لە ھەندێ ناوچەدا لە شەوی ١٢ و ١٣ ی ئۆکتۆبەر پاشەکشەیان پێ کرا ، واتا لە شەودا ئەو پاشەکشەکردنانە ئەنجام دران .
ھەروەھا ھیزەکانی پێشمەرگە لە ھەندێ ناوچەی مریەم بێک پاشەکشەیانکرد !

ئەو ژورە عەمەلیاتەی کە بۆ سەرپەرشتی میحوەرکانی شەڕ دانرابوو کە پێکھاتبوون لە کۆسرەت رەسوڵ و شێخ جەعفەر و نەجمەدین کەریم و محمدی حاجی مەحمود، ئاگاداری ئەو جموجۆڵانە نەبوون ، کاتێک ویسترا بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە گوماناویانە بکرێت ، وەستا رەسوڵ پێی راگەیاندن کە ئەوە تاکتیکی شەڕە و خۆیان باشتر دەزانن کە چۆن بەرگری باشتر دەکەن ، ھەروەھا چرپەچرپی ئەوەش ھەبوو کە لاھور و پاڤێل لەسەربازگەیەکی باشوری کەرکوکی حەشدی شەعبی ، کۆبونەوەیان لەگەڵ سەرکردەکانی حەشد ئەنجام داوە .
ژووری عەمەلیاتیش پێشتر ئاگادار نەکرابوون لەھیچ یەک لەو کۆبونەوەو جموجۆڵانە ، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە و رەواندنەوەی گومانەکان ، رۆژی١٥ی مانگ کۆبونەوەیەک لەشارۆچکەی دوکان لەنێوان پارتی و یەکێتی ئەنجام درا ، لەو کۆبونەوەیەدا بەڕاشکاوی، پارتی پرسیاری ئەوەی لە یەکێتی کرد کە ئایا ئێوە سەبارەت بەکەرکوک ھیچ رێککەوتنێکتان لەگەڵ عێراق و حەشدی شەعبی ھەیە؟
ئەگەر رێککەوتنێک ھەیە با ھەموومان بیزانین بۆ ئەوەی بزانین چی دەکەین !
لەوەڵامدا نکۆڵیان لەبوونی ھیچ رێککەوتنێک کرد ، لەو کۆبونەوەیە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن و بە رێگای فواد مەعصوم وەک پێشنیار ئەو خاڵانە بۆ عەبادی نێردرانەوە .
دوای ئەنجامدانی ئەو کۆبونەوەیە جموجۆڵە گوماناویەکانی ناو میحوەرەکانی پێشمەرگە زۆرتر بوون ، ژووری عەمەلیات پەیوەندی بەھەندێک لە فەرماندە سەربازیەکانی میحوەرەکان پچڕا و وەڵامی پەیوەندیەکانیان نەدەدرایەوە !
کار بەوە گەیشت ، ئەو ھێزانەی لە سەربازگەی کەیوانیش بوون پاشەکشەیان پێکرا !
بۆ شەوی ١٦ی مانگ کاتژمێر ١٢ی شەو شەڕ دەستی پێکرد لەباشوری کەرکوک ، دوای ٤ کاتژمێر شەڕ و روبەڕونەوە ، ھێزەکانی سوپا و حەشدی شەعبی زیانێکی زۆریان بەرکەوت و ھێرشەکەیان تێکشکا .
ھەر لەو شەوە ، لەسنوری مەکتەب خالید ھێزەکانی بەرگری فریاکەوتن پاشەکشەیانکرد ، بۆ بەیانیەکەی دوای کاتژمێر ٤ ئەو فەرماندە و ئەفسەرە یەکێتیانەی کە لەناو لیواو فەوجە ھاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بوون ، ئەوانیش پاشەکشەیان کرد!
لە تەواوی میحوەرەکانی پێشمەرگە شڵەژان دروست بوو ، ھەست کرا کە خیانەتێکی گەورە ئەنجام دراوە .
ژووری عەمەلیات ھەستیان بەوەکرد کە پیلانێکی گەورە لە دژی خودی ئەوانیش لە ئارادایە چونکە ھیزەگوماناویەکان پەیتاپەیتا لەدەوروبەریان ژمارەیان زیاد دەبوون و ھەستکرا لەژێر چاودێری دان ، بۆیان روون بووەوە کە پلانی کوشتن یان دەستگیرکردنیان لە ئارادایە بۆیە بریاریاندا خۆیان دەربازبکەن و نەبنە پاروێکی ئاسان و قوت بدرێن .
ئەوانەی لەدەوروبەری کۆسرەت رەسوڵ بوون دەزانن چۆن ناوبرا دەربازکرا و چۆن لەھەوڵی کوشتن رزگاریان کرد !
بەھەمانشێوە بۆ نەجمەدین کەریمیش!

دوای ئەو روداوانەی سەرەوە یەقین دروست بوو کە بابەتی خیانەت لەپێشمەرگە و فرۆشتنی کەرکوک یەکلایی بۆتەوە و پێشمەرگەش بەھۆی خیانەتەوە توشی داڕمان بووە و شتێکیش نەماوە بەناوی ژووری عەمەلیات و ھەموو جۆرە پەیوەندیەک بەیەکەتریەوە بچڕابوو ، وای لێھاتبوو تەنھا لەرێی پەیامنێر و تەلەفزیۆنەکانەوە ھەواڵەکانی سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەزانران !

چۆن ئاشکرا بوو کە خیانەت و پیلانی ١٦ی ئۆکتۆبەر تەنھا بۆ کەرکوک نیە ؟
1. ئەو ھێزانەی کە لەژیر فەرمانی پاڤێڵ و لاھور دابوون ، پاشەکشەیان پێ کرا و لە ناوچەی قەرەھەنجیر و گوندەکانی ناوچەی شوان و سەقزلی لەناو مەزرەعە و کێڵگە کشتوکالیکان بەنھێنی جێگیکرابوون و کۆکرابوونەوە و لەئامادەباشیدا بوون ، چاوەڕێی فەرمانی تریان دەکرد !
2. لە تەواوی لیوا و فەوجە ھاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ، لەھەموو میحوەرەکان ، ھەر لە خانەقینەوە تا شەنگال ئەوانەی یەکێتی بوون پاشەکشەیان لەسەنگەرەکان کرد ، واتا ئەو فەرمانەی لەلایەن باڵی خیانەتەوە درابوو تەنھا بۆ سنوری کەرکوک نەبوو بۆ ھەموو میحوەرەکان بوو!
3. ھێزێکی حەشدی شەعبی لە دیوی ئێرانەوە لە نزیک مەرزی حاجی ئۆمەران کۆکرابوونەوە چاوەڕێی فەرمان بوون .
4. ھێزێکی تری سوپای عێراق لەدیوی تورکیاوە کۆکرابوونەوە چاوەڕێی فەرمان بوون بۆ ئەوەی بێنە ناو ئیبراھیم خەلیەوە .
5. ھیزێکی تر دزەیان کردبوو لەودیوی روباری خابورەوە لە دیوای سوریاوە بە چاوپۆشی لێکردنی پەکەکە ، ئەوانیش چاوەڕێی فەرمان بوون .
6. ھێزە رەشەکەی ئاسۆ مامەند بەنھێنی ھێنرابوونە مەزرەعەکەی رزگار عەلی لە نزیک پردێ !
7. چەند ھێزێکی یەکێتی کۆکرابونەوە و دەستیان بەجموجۆڵ کردبوو لە سنوری تەقتەق بە ئاراستەی دێگەڵە و دۆڵی سماقوڵی.
8. فەرماندە سەربازیەکانی سوپای عێراق بەئاشکرا باسی ھاتنە ناو ھەولێر و داگیرکردنی فڕۆکەخانە و فەرمانی دەستگیرکردنی سەرۆک بارزانیان دەکرد .
9. کوردستان لەژێر توندترین ئابڵوقەدا بوو ، رۆژی ھێرشی سەر کەرکوکیش وا دەستنیشانکرابوو کە لەورۆژەدا لە ئەمەریکا پشوو بوو ، پیلانەکە بەجۆرێک دانرابوو کە لە ماوەی کەمتر لە ٧٢ کاتژمێردا ھەموو شتێک کۆتایی پێبھێنن ، واقعێکی نوێ دروست بکەن .

بۆ پیلانەکە وەک خۆی نەتوانرا جێبەجی بکرێ ؟

پیلانەکە خۆی کەمتر لە ٧٢ کاتژمێری بۆ دانرابوو بۆ جێبەجێکردنی ، وادانرابوو کە حشەدی شەعبی دوای دەستپێکردنی ھێرشەکەی بۆ کەرکوک ، بێ بەرگری دێتە ناو کەرکوکەوە ، دوای ئەوەی پێشمەرگە بەھۆی شڵەژانەوە و گیرانی پشتیان ، ناچار تەسلیم دەبن ، ئەگەر شەریش بکەن لە دواوە لێیان دەدرێ و بەفعلیش لە دواوە لە چەند ھێزێکی کۆسرەت رەسوڵ درا و ژمارەیەکیشیان شەھیدبوون .
بەڵام ھەموو ھێزەکانی یەکێتی فەرمانی پاشەکشەیان پێنەگەیشتبوو چونکە ھەندێک لەو ھێزانە ئامادەنەبوون فەرمانێکی لەو جۆرە جیبەجێ بکەن ، بۆ نھێنی مانەوەی ئەو پیلانە، بەھەندێکیان نەگوترابوو ، ئەوەبوو لە میحوەری باشوری کەرکوک بەرگریەکی قارەمانانە کرا و ھێرشی حەشدی شەعبی تێکشکا ، ئەو تێکشکانە وای کرد نزیکەی ٨ کاتژمێر جێبەجێ کردنی پیلانەکە دوابکەوێت و پاشەکشەکردنەکەی ھێزەکانی یەکێتیش وەک پێویست جێبەجێنەکرێ .
بۆ بەیانیەکەی ، واتا دوای کاتژمێر ٥ ھەندێک فەرماندەی سەربازی یەکێتی لەلایەن ھێزەکانی لاھورەوە دەستبەسەرکران و لەژێر ھەرەشەی چەک فەرمانی پاشەکشەیان پێ دەرکرا ، ئەمە وای کرد پاشەکشەی ئەو ھێزانە بکەوێتە )رۆژ) واتە بە(شەو)نەکرێت !
کەبووە رۆژ لەلایەن خەڵکی کەرکوک و خۆبەخشانەوە کاردەنەوە و رێگری لەبەرامبەر ئەو خیانەتە دروست بوو ، لە زۆر جێگا چەکەکانیان لێ سەندرا و لە چەند شوێنێکیش قەرەبالغی گەورە دروست بوو ، ئەمە وای کرد گرفت بۆ پاشەکشەی ھێزەکانی یەکێتی و جوڵەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی دروست ببێت بۆ ھاتنە ناو کەرکوک بەبێ شەڕ ، بینیمان بەیانیەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر کاتژمێر ٦ ( ئاسۆ مامەند) هاتە ناو خەڵکەکە و لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە داوای کرد کە بچنەوە ناو ماڵی خۆیان ، بەتەحدید ئەو رستەیەکی بەکارهێنا( ئەو گردبونەوە و قەڵەباڵەغیانە رێگری لە جوڵەپێکردنی هێزەکان دەکەن و کارێکی خراپە ).
ھەروەھا ئاوارەبوونی خەڵک وای کرد تەواوی رێگاکانی کەرکوک سلێمانی و کەرکوک ھەولێر و شوان تەقتەق بگیرێت و گرفتی بۆ پاشەکشە و کۆکردنەوەی تەواوی ھێزەکانی یەکێتی و جوڵەی حەشدی شەعبی دروست ببێت تا درەنگانی شەوی ١٧ی ئۆکتۆبەر ، واتا ٢٤ کاتژمێری تریش جێبەجێکردنی پیلانەکە و بەرەوپێش چوونی دواکەوت بە ئاراستەی ھەولێر ، ھەروەھا نەشتوانرا کۆسرەت رەسوڵ و نەجمەدین کەریم دەستگیربکرێن یاخود بکوژرێن ، ئەمە وایکرد کاردانەوەیەکی زۆر توند لەناو ھەندێک سەرکردەی یەکێتی و جەماوەر لەدژی یەکێتی دروست بێت ، بەمەش شلەژانێک کەوتە ناو ریزەکانیانەوە ، بەھۆی ئەوەوە نەتوانرا ئەو شەوە لە تەواوکردنی پیلانەکەیان بەردەوام بن !

وەک لەخاڵەکانی سەرەوە باسمکردووە ، پارتی لە حەجمی پیلانەکە گەیشت کە ئامانج لەو پیلانە گەورەترە لە کەرکوک ، خودی پارتی و تەواوی ھەرێمی کوردستانیش لە پیلانەکەدایە ، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پەرتەوازەییەی کە لەناو ھێزەکانی پێشمەرگە بەتایبەت ھیزەکانی پارتی دروست ببوون ، بریاردرا ھێڵێکی تری بەرگری لە دێگەڵەوە تاحاجی ئۆمەران بۆ ئەو شەوە دابنرێتەوە ، ھەروەھا فراوانی و درێژی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەگەڵ سوپاو حەشدی شەعبی تەسک و بچوک بکرێنەوە تا بەرگری لە ھەولێر و دھۆک بکرێ ، ئەم بریارە دوای ئەوە ھات کە بینرا لە ١٦ و ١٧ی ئۆکتۆبەر تەواوی فەرماندە و ھێزەکانی یەکێتی لە لیواو و فەوجەھاوبەشەکانی سەربەوەزارەتی پێشمەرگە بە تەواوی چەک و کەلوپەلەکانیانەوە ھەر لە خانەقینەوە تا شەنگال بەھەمان شێوەی کەرکوک پاشەکشەیان کرد ، ئەمە دەرخەری ئەوە بوو کە پیلان و خیانەتەکە سەرتاسەریە .
ئەگەر ھێزەکانی پارتی بەو پەرشوبڵاویە بەردەوام بونایە ئەوا نەدەتوانرا بەرگری لەھەولێر و دھۆک بکرێ بۆیە پارتی لە زۆر ناوچە پاشەکشەیکرد بۆئەوەی سەنگەری بەرگری نوێ دابمەزرێنێت لە پردێ و بازارگە و محمودیە و سحێلە و سەنگەرەکانی تر ، ئەمەش دەبوایە زۆر بەخێرایی بکرێت و دواکەوتن قبوڵ ناکات !
بۆیە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا توانرا ژمارەیەک سەنگەر و ساتری خۆڵ بۆ پێشمەرگە دروستبکرێنەوە .

سەبارەت بەشەنگال ، بۆ ئەوەی سیناریۆی شەری داعش دوبارە نەبێتەوە و پشتی ھێزەکانی پێشمەرگە دوبارە لە زومارەوە نەگیرێت ، لەنێوان ھێزەکانی ئێزدی و پێشمەرگە و لەسەر داواکاری ئەو ھێزانە خۆیان رێککەوتن کرا کە شەنگاڵ رادەستی ئەو ھێزانە بکرێ کە بەشێکی زۆریان لەژێر سەرپەرشتی پەکەکەدا بوون .
واتا کاتێک ھێزی پێشمەرگە پاشەکشەی کرد لە شەنگاڵ ، شەنگالی رادەستی ھێزەکانی حەیدەر شەشۆ و پەکەکە کرد نەک سوپای عێراق ، مەگەر ھەر خۆیان نەبوون پێشتر پەکەکەیان بە ھێزێکی کوردی دەزانی !
ئەگەر ئەوان پەکەکەیان پێ ھێزێکی کوردیە نابێ باسی ئەوە بکەن کە بۆ پارتی بێ شەڕ پاشەکشەی لە شەنگال کوردووە ، ئەگەریش بەھێزێکی کوردی نازانن ، بۆچی پێشتر ئەو کێچەڵەیان بە پارتی دەکرد لەسەر بوونی پەکەکە لە شەنگاڵ !

وەک وتمان دوای ئەنجامدانی خیانەتی گروپی ١٦ی ئۆکتۆبەر و دوای ئەوەی پارتی ئەوەی لا روون بووە کە حەجمی پیلانەکە زۆر لەوە گەورەترە کە تەسەوڕی دەکرێ و دوای ئەوەی دڵنیابوو لەوەی پیلانی دروستبونی شەڕی ناوخۆ لەئارادایە ، باشترین بڕیاری لەوکاتەدا درا ، ئەویش بریتی بوو لە تەسکردنەوە و بچوک کردنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە و پیادەکردنی ستراتیژی بەرگریکردن لەوەی کە لەدەستی ماوە ، بیپارێزێ ، دواتر دەرکەوت کە پارتێ چ بڕیارێکی دروستی لەوکاتە ھەستیارەدا داوە ، ھەر ئەو بڕیارەش بوو بووە ھۆی ئەوەی کە دواتر تەواوی ھێرشەکانی حەسدی شەعبی تێکبشکێنێت ، بەبێ ئەوەی شەڕی ناوخۆ کە بەشێکی گرنگی پیلانەکە بوو ، رووبدات .

كۆتایی به‌شی پێنجه‌م و شه‌شه‌م

Back to top button