ژینۆ محه‌مه‌د : واز له‌ پشتی لاپتۆپه‌کانتان و مۆبیله‌کانی ده‌ستان بێنن،با هیچ كاكێكیتر گه‌وره‌ نه‌كرێت

ژینۆ محەمەد، خانمە ڕاگەیاندنکارو هەڵسووڕاوی گۆڕان، لە هه‌ژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بابه‌تێكی له‌ ژێر ناونیشانی (
هه‌موان نیگه‌رانین له‌م دۆخه‌) بڵاو كردووه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تی :” وه‌ک ئه‌زانین کۆمه‌ڵێک گله‌یی و ڕه‌خنه‌ له‌لایه‌ن دڵسۆزان و خه‌مخۆران و هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕانه‌وه‌ ئاراسته‌ی بزوتنه‌وه‌که‌ ئه‌کرێت، که‌ ئه‌مه‌ به‌ حه‌قێکی ته‌واوی خۆمانی ئه‌زانین، چونکه‌ جیاوازی گۆڕان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسیه‌کانی تردا ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئێمه‌ له‌کوێدا پێویست بکات ده‌نگی ناڕازیمان بڵنده‌و خاتری هیچ که‌سێکیش ناگرین”.

ژینۆ محەمەد، خانمە ڕاگەیاندنکاری میدیای گۆڕان ده‌ڵێت :” لای هه‌موان ئاشکرایه‌ گۆڕان له‌ خۆ ئاماده‌کردندایه‌ بۆ کۆنفرانس و هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌کانی و له‌ بچوکترین پۆسته‌وه‌ تا ڕێکخه‌ر، بۆیه‌ پێویست به هاوارو خۆ پاڵه‌وان کردن و فرۆستنه‌وه‌ی گۆڕان بوون ناکات له‌م کاته‌داو، دواتریش بێن و بڵێن ئێمه‌ بوین چاکسازیمان کرد ده‌نا نه‌ده‌کرا! من نابمه‌ پارێزه‌ری هیچ کاکێکی گرده‌که‌،بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی لێنه‌گیرێت، چونکه‌ منیش وه‌ک زۆرینه‌ دونیایه‌ک ڕه‌خنه‌و گله‌یم له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ هه‌یه‌،به‌ڵام قسه‌که‌ی من له‌سه‌ر شێوازی ڕه‌خنه‌گرتنه‌که‌یه‌!”.

هه‌ڵسوراوه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌شلێت :” واز له‌ پشتی لاپتۆپه‌کانتان و مۆبیله‌کانی ده‌ستان بێنن، با چیتر له‌سه‌ر حسابی ئێمه‌ هیچ کاکێكيتر گه‌وره‌ نه‌کرێت، وه‌رن پێکه‌وه‌ ڕه‌خنه‌کانمان بکه‌ینه‌ پرۆژه‌و له‌چوارچێوه‌ی خزمه‌ت کردن به‌ به‌رنامه‌و کاری داهاتوی بزوتنه‌وه‌که‌مان بێت، وه‌رن پێکه‌وه‌ له‌ گرده‌که‌ داوای گۆڕانکاری بکه‌ین و هاوار بکه‌ین نه‌خێر بۆ نائومێد کردنمان ، وه‌رن پێکه‌وه‌ ڕێگری له‌ ناحه‌زانی بزوتنه‌وه‌که‌وه‌ بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕان ببێته‌وه‌ گۆڕانی هه‌موان، ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌گوزه‌رێ له‌نێو سۆشیال میدیادا خزمه‌ت به‌گۆڕان ناکات، خزمه‌ت به‌ به‌رنامه‌و په‌یام و ڕێبازی نه‌وشیروان موسته‌فا ناکات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ نه‌یارانی گۆڕان ئه‌کات!”.

له‌ كۆتایی نوسینه‌كه‌یدا ژینۆ محەمەد، خانمە ڕاگەیاندنکاروهەڵسووڕاوی گۆڕان، نوسیویه‌تی و ده‌ڵێت:” له‌م قۆناغه‌دا ئه‌بێت هه‌موان به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ بکه‌ین،
له‌بری یه‌کترشکاندن و سڕینه‌وه‌ی یه‌کتر، وه‌رن پێکه‌وه‌ کاربکه‌ین بۆ سه‌رخستنی گۆڕان و گۆڕانکاری”.

كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانى ناو گۆڕان له‌ دواى نه‌وشیروان مسته‌فا و شكستى هه‌ڵبژاردنى ۱۲ى ئایاری رابردوو هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان، ئه‌و ڕاستییه‌ى ده‌رخست كه‌ گۆڕان و سه‌ركرده‌كانى نه‌یانتوانى “ئه‌مانه‌تپارێزى”وه‌سێته‌كه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا بن ، له‌ دوای كۆچی نه‌وشیروان مسته‌فا كێشه‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ قوڵتر ده‌بنه‌وه‌وكاتێكیش سه‌ركردایه‌تی جڤاتیش ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ زۆربه‌یان كه‌سه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان بوون ، بۆیه‌ زۆر به‌ توندی له‌لایه‌ن ‌باڵی گه‌نجه‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ كه‌وتنه‌ به‌ر ڕه‌خنه‌یان و ڕوبه‌رویان بونه‌وه‌ ،له‌ ئێستاشدا كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ وه‌ها قوڵبۆته‌وه‌ تا كار گه‌یشتۆته‌ سه‌رئه‌ندامانی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن له‌سه‌ر تاپۆكردنی موڵك و ماڵی كۆمپانیای ووشه‌ وجموجۆڵی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان و په‌یوه‌ندی ژیر به‌ژێریان له‌گه‌ڵ ئه‌ندازیاری خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ بۆ توڕه‌ بوونی زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی گۆڕان ، هه‌روه‌ها هۆكاریشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گله‌ی له‌ عومه‌ری سه‌ید علی بكه‌ن كه‌ ئه‌و رێكخه‌ری گشته‌ سنورێكیان بۆ دابنێ .

 

Back to top button