به‌ پێی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر ده‌چێته‌ خانه‌ی جینۆسایده‌وه‌

ڕۆژی ۱٦ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، هێزەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیی و هێزه‌ ئێرانییه‌كان، بە هاوكاریی گروپی خیانه‌تكاری ۱٦ـی ئۆكتۆبەری ناو یه‌كێتی كه‌ ئه‌ندازیارو پلانداڕێژه‌ری ئه‌و خیانه‌ته‌ هه‌ریه‌ك له‌ ( لاهورو ئاراس جه‌نگی و باڤڵ تاڵه‌بانی و دایكی و ئاڵا ئه‌سه‌دی ) بوون ،به‌ پێی پلانه‌كه‌ (كه‌ركوك و خانه‌قین و خورماتوو ) ڕاده‌ستی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ ئێرانیه‌كان كرا و سەدان هاووڵاتیی سڤیل و پێشمەرگە شەهید بوو.

زەمان عەبدە، شارەزای بواری جینۆساید ڕایگه‌یاند:” ھەموو ئەو تاوانانەی لە ڕووداوەکانی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو ڕۆژانی دواتر ئەنجام دراون بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان جینۆسایدن و چەندین تاوان تۆمار کراون کە لە مێژوودا کەموێنە بوونە و ھەموویشی بە بەڵگە و دیکۆمێنت تۆمار کراون، چونکە شایەتحاڵێکی زۆر ئامادەیە و بوونەتە قوربانیی پڕۆسەی داگیرکاری و جینۆساید لە کەرکووک و خورماتوو.”

شارەزاكه‌ی بواری جینۆساید ڕاشیگه‌یاند: “یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی جینۆساید ئەوەیە تاوان لە دژی پێکھاتە، یان لایەنێکی دیاریکراو ئەنجام بدرێت، پڕۆسەی داگیرکاریی ١٦ی ئۆکتۆبەر تەنیا دژی کورد بووە، واتە سەرەڕای ھەبوونی پێکھاتەی جیاواز لەو ناوچانەی بەر پڕۆسەی داگیرکردن کەوتوون، تەنیا پێکھاتەی کورد کراوەتە ئامانج، چەندین تاوان ھەیە تۆمار کراوە و تاوانلێکراو ھاووڵاتییەکی ئاسایی بووە، نە پارتی بووە و نە یەکێتی بووە، تەنیا بە نەتەوە کورد بووە و لە لایەن ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبییەوە زوڵمی لێ کراوە و دەرکراوە، لەبەر ئەوەش بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو ڕووی دا جینۆساید بووە دژی پێکھاتەیەکی عێراق.”

زەمان عەبدە پسپۆری بواری جینۆساید ده‌ڵێت: “لە ساڵی ڕابردووەوە دوای تاوانەکان خەڵێکی زۆر ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون و دەستمان بە کۆکردنەوەی بەڵگە و دیکۆمێنت کرد، زیندووترین بەڵگە ھەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی شایەتحاڵی ڕووداوەکانن، بە پێی لێکۆڵینەوەکان دەیان تاوانی کوشتن و ڕفاندن و تاڵان و دەستدرێژی بۆ سەر نامووسی ھاووڵاتییان ئەنجام دراون، جگە لە ئاوارەبوونی خەڵک و داگیرکردنی مڵک و ماڵیان، ئەمانە ھەمووی ئامادەن بۆ ھەر پڕۆسەیەکی دادگاییکردن.”

له‌باره‌ی كه‌یسی دادگایكردنی گروپی خیانه‌تكارانی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌رو كێشه‌و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌میان ، زه‌مان عه‌بده‌ گووتی: “تەنیا دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ھەیە، ئەویش تەنیا ئەو تاوانانە وەردەگرێت کە بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەنجام دراون، ھیچ دادگایەکی دیکە نییە، ئەگەر دادگایەکی عێراقیش ئەو کەیسانە وەربگرێت ئەوە لە ژێر دەسەڵاتی شیعەدایە و ڕازی نابن سەرانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دادگایی بکرێن، عێراق لە دادگای تاوانەنێودەوڵەتییەکانیشدا ئەندام نییە تا کەیسەکە بەرین بۆ لاھای، دەمێنێتەوە سەر نەتەوەیەکگرتووەکان، ھەرچەندە ھەوڵەکان بەردەوامن لەسەر بەدادگاییگەیاندنی بکەرانی جینۆسایدی کورد لە کەرکووک و خورماتوو، بەڵام ھەنگاوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان زۆر خێرا نین.”

لە دوای خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبەر هێزە عێراقییەكان بە بەرنامە كار بۆ بەعەرەبكردنی شارەكە و بێزاركردنی هاوڵاتیانی كورد بۆ بەجێهێشتنی شارەكەیان دەكەن، كە بە بیانووی جۆراوجۆر شەوان هێزە میلیشیاكان هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكان و پشكنین دەكەن، هەروەها دۆخی ئەمنیی شار تەواو خراپە و تەقینەوە و دزی و پیاوكوشتن بەردەوام لە فراوانبووندایه‌ ، بە مەبەست هێزە سەربازییەكان نایانەوێت ئارامی بۆ كەركووكییەكان دابین بكەن، بۆئەوەی دانیشتوانه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ ئاواره‌یی هەرێمی كوردستان ببن.

Back to top button