به‌رهه‌م ساڵح خاوه‌نی قسه‌ی خۆی نییه‌ و متمانه‌ی دۆڕاند وپله‌و پۆستی به‌ده‌ست هێنا

له‌ میانی دیمانه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ،ئیبراھیم ئەحمەد، ھونەرمەند و رۆژنامەنووس ،كاندیدی ھاوپەیمانی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، ڕایگه‌یاند: ” لەگەڵ بڕیاری بایکۆتدا ئەوەم زانی کە گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی یەکلا بووەتەوە، لەبەرئەوە کە ھەواڵەکەم بەفەرمی بیست، زۆر لام چاوەڕوانکراو بوو، ھیچ شۆکێکی تیا نەبوو بۆم، بەڵام ئەوە ئاسایی نەبوو بۆ کەسایەتییەکی وەکوو د. بەرھەم، کە لەناو خەڵك جێگەی بڕوا و متمانە بوو، لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی ۱۲/۵، گوێمان لە قسەکانی بوو کە چەند بە حەماسەوە داکۆکی لە ھاوپەیمانی و درووشمەکانی ھاوپەیمانی و دادپەوەری دەکات، بەڵام ھەموو شتەکان پێچەوانە بوونەوە، لەپێناو دەسەڵات و کورسی نە ھاوپەیمانی ما، نە یەکسانی و نە دادپەوەری، ھیچ شتێک نەما”.

كاندیده‌كه‌ی لیستی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی ورده‌كاری كۆبونه‌وه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ئاشكرا ده‌كات كه‌ تێیدا بریاری بایكۆتكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی دا و ده‌ڵێت: “راستییەکەی ھەمووان لەو کۆبوونەوەیەدا قسەیان کرد تەنیا من نەبێت، چونکە حەقیقەتەکەم بە باشی بینی و لەو قسانەش تێگەیشتم، زانیم لەپشتی پەردەوە چی روودەدات، چ بەرنامەیەک ھەیە، زانیم شتەکە تەواو بووە، موناقەشە لەسەر شتێك دەکرێ کە مابێت و بڕیاری لەسەر نەدرابێت، تێگەیشتم لەوەی بڕیاری بایکۆت تەنیا بۆ بەرژەوەندیی بەرھەم ساڵح و چەند کەسێکی دیکەیە”.

ئیبراھیم ئەحمەد، ھونەرمەند و رۆژنامەنووس ڕاشیگه‌یاند: “لەو بڕیارە دەرکەوت ھیچ حسابێکی بۆ کاندیدەکان نەکردبوو، ئەوەش دیارە لەپێناو چی بوو، چونکە ھەر رۆژی دواتر شتی دیکەمان بیست و رێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی بۆ رای گشتی ئاشکرا بوو، دەرکەوت کە بایکۆتکردنی ھەڵبژاردن و وەلانانی ئەو ھەموو خەڵکە دڵسۆزەی ناو ھاوپەیمانی بۆ ئەوە نەبوو کە بەرھەم ساڵح لە کۆبوونەوەکە گوتی: “کە بەشداریمان شەرعییەتدانە بە تەزویر”، بەڵکو روون بووەوە کە نەخێر لەپێناو ئەوە بوو کە د. بەرھەم بەرنامەی گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی ھەبوو، کە لەپێناو کورسیی سەرکۆماری بوو”.

ئیبراھیم ئەحمەد كاندیدی لیستی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی ،گووتی: “عەیبەیەکی گەورەیە تیایدا متمانە بدۆڕێنیت و پلە و پۆست بەریتەوە، عەیبە سیاسییەك خاوەنی قسەی خۆی نەبێت، ئەوە ھۆکارە کە خەڵک متمانەی بە بەرپرسان نەمێنێت. کەسێکیش جارێک متمانەی دۆڕاند، زۆر زەحمەتە جارێکی دیکە دروستی بکاتەوە، لای من ھەرگیز متمانە دروست نابێتەوە، خەڵکیش با باجی ئەو دۆریانە بدات، کە ھەندێ لە سیاسییەکان لەپێناو پۆست و پلە و پایە بۆیان دەکەن”.

هه‌روه‌ها ده‌شلێت: “نەمبیستووە، لە دونیا و لە ھیچ شوێنێک سەرۆکێك ھەبێت خۆی حزبەکەی جێ بھێڵێت، ئاخر کاتێك مرۆڤ رەنج بدات و خۆی شتێک دروست بکات، مەعقوولە ئەو شتە بسووتێنێت و فڕێی بدات! نەبووە لە دونیا خۆت ھێزێک دروست بکەی و بەرنامەی بۆ دابنێیت، ھەر خۆیشت دوو مانگ سێ مانگ بڕ نەکات و وازی لێ بھێنی، ئاخر ئیستیقالە دەدەی بە کێ، خۆت سەرۆکی حزبیت!”.

له‌ كۆتایی دا ئیبراھیم ئەحمەد، ھونەرمەند و رۆژنامەنووس ،كاندیدی ھاوپەیمانی دیموكراسی گواتیشی: “یەکێک لەو گلەییانەی کە لە یەکەم بینینی د. بەرھەم پێیانم گوت: “کە رەنگە گلەیی ئەوەت لەسەر بێت، کە زۆرێک لە ھاوڕێکانت جێھێشتووە، تکا دەکەم ئەو دڵسۆزانەش کە لەسەر داوای تۆ و بە ھەوڵی تۆ دەستیان خستووەتە دەستی یەکەوە، ھیوادارم تا کۆتایی بەرنامەکە لەگەڵیاندا بیت و جێیان نەھێڵیت“، بەڵام بەداخەوە قسەکەی من دەرچوو، کە رەنگە ئەوکات زۆر پێی نیگەران بووبێت”.

Back to top button