سهرۆككوهزیرانی هەرێم ۱۸ بڕیاری سەبارەت بە چاكسازی لە بواری دەرمان و دەرمانخانەكان دەركرد
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تشرینی یەكەمی 2018، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 18 بڕیاری لەبارەی مامەڵکردن بە دەرمانەوە دەردەکات و رایدەگەیێنێت، پێویستە سەرجەم ئەوانی مۆڵەتی کڕین و فرۆشتنی دەرمانیان هەیە دووبارە مۆڵەت وەربگرنەوە و وەزارەتی تەندروستیش تاکە لایەنە کە مافی تۆمارکردن و پێدانی مۆڵەتی هەیە، هەر کەسێکیش بە قاچاخ مامەڵە بە دەرمان و کەرەستەی پزیشکییەوە بکات سزادەدرێت.
بەگوێرەی ئەو بڕیارانە” ڕێگە نادرێت دەرمانساز ببێتە خاوەنی زیاتر لە یەك مۆڵەتی دەرمانخانە و كۆگای دەرمان، و پێویستە خاوەنی مۆڵەت خۆی بەڕێوەبەری ئەو شوێنانە بێت”.
هەروەك ئاماژە بەوەكراوە” چاوخشاندنەوە لەسەر كۆمپانیاكانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و ڕاگرتنی دامەزراندن و تۆماركردنی كۆمپانیای نوێ.
دەقی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارەكانی (5302) و (5303) و (5304) و (5305) و(5308) لە 16/10/2018:
1. ڕێگە نادرێت دەرمانساز ببێتە خاوەنی زیاتر لە یەك مۆڵەتی دەرمانخانە و كۆگای دەرمان، و پێویستە خاوەنی مۆڵەت خۆی بەڕێوەبەری ئەو شوێنانە بێت.
2. جگە لە پزیشكی دەرمانساز، هیچ كەس و لایەنێكی تر مافی فرۆشتنی دەرمان و ئامادەكردن و پاراستن و تۆماركردنی لە تۆماری وەسفی پزیشكی نییە.
3. دەرمانساز بۆی نییە هیچ دەرمانێك سەرف بكات بە بێ راچێتەی پزیشكی پسپۆڕ، جگە لەو دەرمانانەی كە سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بە هەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانیان دەكات. هەر ڕەچەتەیەكیش تەنها بۆ یەك جار بەكاردێت.
4. پێویستە لەسەر گشت دەرمانخانەكان تۆماری وەسفی پزیشكییان هەبێت بەم زانیارییانەی خوارەوە:
أ) هەر دەرمانێك كە لە دەرمانخانەكەدا دابین كرابێت. ب) وەسفی پزیشكی. ج) چۆنیەتی بەكارهێنانی دەرمان. د) ناوی ئەو نەخۆشەی كە دەرمانەكەی بۆ دابینكراوە. ه) نرخی دەرمان. و) ناوی ئەو پزیشكەی وەسفی پزیشكیی دەرمانەكەی كردووە. ز) ڕێكەوتی دابینكردنی دەرمانەكە. ی) ڕێكەوتی نووسینی ڕەچەتەی دەرمانەكە.
5. پێویستە لەسەر دەرمانخانەكان وێنەیەك لە پسووڵەی كۆمپیوتەریی سەرفكردنی دەرمان بدەن بە كڕیاری بەكاربەری دەرمان.
6. دابینكردنی گەنجینەی پێویست لە خاڵەكانی سنوور و ناو شارەكان بۆ پاراستنیان بە شێوەیەك لەگەڵ پلەی ترسناكی ئەو ماددانەدا بگونجێت و گشت مەرجە تەندروستی و زانستییەكانیشی تیادابێت لە ڕووی پلەی گەرمی و شێ و ڕووناكی.
7. ساردكەرەوەی تایبەتییان هەبێت بەپێی ئەو مواسەفات و مەرجە داواكراوانەی كە وەزارەتی تەندروستی دیاری دەكات بۆ پاراستنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و ماددە تاقیگەییەكان و ماددە كیمیاوی و بەكتەرەلۆژییەكان و ماددەكانی تایبەت بە بواری پزیشكی ددان و ئەو ماددە و كەلوپەلانەی دیكەش كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەستنیشان دەكرێن.
8. پێویستە ئەو دەرمان و مەوادانە بەپێی ستانداردی پلەی گەرمی پارێزراو بن و كەشوهەوای ناو دەرمانخانەكان و كەشوهەوای ناو ساردكەرەوەكان هەمان ئەو كەشوهەوا بێت كە لە لیفلێت و پاكەتی دەرمان و مەوادەكاندا تۆماركراون.
9. دابینكردن و بەكارهێنانی هۆكار و ئۆتۆمبێلی تایبەت بە گواستنەوەی ئەو دەرمان و مەوادانەی ئاماژەیان پێدراوە لە سەرچاوە و خاڵە سنوورییەكانەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لە كاتی گواستنەوەیان لە ناو هەرێمی كوردستان.
10. دابینكردنی كارەبای هەمیشەیی (24) سەعاتی بۆ دەرمانخانە و كۆگا و ئەو شوێنانەی دیكە كە لەم بڕیارەدا ئاماژەیان پێدراوە، و خاوەنی ئەم شوێنانە بەرپرسیارن لە جێبەجێكردنی ئەم بڕگەیە لەسەر تێچووی خۆیان لە ئەگەری نەبوونی كارەبای نیشتمانی.
11. چاوخشاندنەوە لەسەر كۆمپانیاكانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و ڕاگرتنی دامەزراندن و تۆماركردنی كۆمپانیای نوێ.
12. قەدەغەكردنی هەر ڕێككەوتنێك بە هەر شێواز و لەژێر هەر پاساوێكدا بێت لە نێوان پزیشك و دەرمانساز و مەندوبی كۆمپانیاكانی بواری دەرمان و پێداویستی پزیشكی كە مەبەست لێی ساغكردنەوەی ئەو بابەتانە بێت لە بەرامبەر مەبەستی بازرگانی و سوودی كەسی.
13. پێویستە لەسەر پزیشك و پزیشكی ددان لە كاتی نووسینی ڕەچەتەی پزیشكیی دەرمان بۆ نەخۆش تەنها ناوی زانستی بنووسن نەوەكو ناوی بازرگانی یان كۆمپانیا و ڕەگەزنامەی كۆمپانیای بەرهەمهێنەر یان دەرمانخانەیەكی دیاریكراو.
14. ڕێگە نادرێت بە ڕیكلامكردن و پڕوپاگەندە (الإعلان والدعایە) بۆ ئەو دەرمان و بابەتە دەرمانسازییانەی كە بەكارهێنانیان پێویستی بە ڕەچەتەی پزیشكییە.
15. هەر كەسێك دەرمان یان بەرهەمە پزیشكییەكان یان كەرەستە كیمیاییەكان ساختە، كۆپی (تقلید) بكات، یان خستنەڕوو و كڕین و فرۆشتنی پێ ئەنجام بدات، یان دروستیان بكات، ئەوا پێویستە لەسەر وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی سەر بەم وەزارەتە سكاڵایان لە دژ تۆمار بكەن لە داگاكانی لێكۆڵینەوەی پەیوەندیدار.
16. هەر كەسێك بە پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكان بە بێ مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیدار بە قاچاخ مامەڵە بكات بە دەرمان و پێداویستی پزیشكی ئەوا پێویستە وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی سەر بەم وەزارەتە سكاڵایان لە دژ تۆمار بكەن لە داگاكانی لێكۆڵینەوەی پەیوەندیدار.
17. لیـژنە پەیوەندیدارەكانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی و پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و كواڵێتی كۆنتڕۆڵ و دەزگا و دامەزراوەكانی تری هاوشێوە دەستكراوە دەبن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لە پشكنین و بەدواداچوون و گرتنی سەرپێچییەكان و دەستنیشانكردنی ناوی ئەو كەس ولایەنانەی دەبنە ڕێگر لە بەرامبەر بەجێهێنانی ئەركەكانیان و ڕاپۆرتكردنی زانیارییەكان بۆ وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا بەپێی یاسای سزاكان ژمارە (111)ی ساڵی 1969 هەمواركراو و لە كاتی كەمتەرخەمی ناوبراوان لەو ئەركانەی پێیان سپێردراوە یان ئاسانكاری بۆ سەرپێچیكاران، ئەوا ڕێكاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر و توندترین سزا دەدرێن.
18. سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە وەزارەتی داد جێگری داواكاری گشتی بەپێی پێویست لە سنووری هەر پارێزگا و قەزایەك دەستنیشان دەكات وەك چاودێر و سەرپەرشتیار بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەم بڕیارە.